کاک مسرور بارزانی وەکو فریادڕەس

کاک مسرور بارزانی وەکو فریادڕەس


لە شۆڕشەکانی شێخ عەبدوڵڵای نەھریەوە تا شۆڕشەکانی شێخ مەحمود و شێخ سەعیدی پیران و کۆماری کوردستان لە مەھاباد و شۆڕشی ئەیلول و ڕاپەرین، ھەروەھا لە بنیادنانەوەی ئێراقی دوای پرۆسەی رزگاری و تەنانەت بە ریفراندۆمیشەوە... ھەمیشە کورد باسی سەرکەوتنی کردووە، لەگەڵ ئەوەی ھەر یەک لەمانە جیا لە سەروەرییەکانی پڕن لە کەموکوڕی و دەکرا باشتر و باشتر بەرێوەببردرێن و ئامانجی زۆر باشتر بەدەستەوە بدەن، بەڵام چونکە بوێری رەخنە و گوتنی راستیەکان نەبووە، ھەمیشە بێ دەنگی لێکراوە و لە ئەنجامدا ئامانج لەبیر کراوە و دەستی سەرکردایەتی کورد و گەلی کورد لە بنی ھەمانەکەوە بە بەتاڵی لێی دەرچووە.
من وای دەبینم لە مێژووی کوردا بۆ یەکەم جار سەرکردەیەکی کورد بە ئیڕادەیەکی پۆڵاینەوە، پێچەوانەی مێژوو زۆر راشکاوانە و بە دەنگێکی دلێرەوە راستەوخۆ لە ترۆپکی دەسەڵاتەوە دەست بخاتە سەر کەموکوڕییەکان و بەڵێنی چارەسەریان بدات.
کاک مسرور دەتوانێ وەکو پێشی خۆی، ھەموو شتێک بە تامی سەرکەوتن بگەیەنێتە جەماوەر و ئەوەندەی تر قەیرانەکان کەڵکە بکات و بۆ دوای خۆی بەجێیبھێلێت. بەڵام جیاوازی ئەم ددانپێنانەی کاک مسرور لە ھی ئەوانەی پێش خۆی بە دیدەگرتنی ئەو ئامانجەیە کە گەلی کورد ھەزار ساڵە ھەنگاوی بۆ دەنێت.
ئەگەر لە دوای ڕاپەرین سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئەم دیدەی کاک مسروری ھەبووایە بە دڵنیایەوە ئێستا کورد نەک لە دەوڵەتی ئێراق بەڵکو لە ھەر سێ پارچەکەی تریش و جیھان لە قۆناغێکی تردا دەبوو.
ئاشکرا کردنی راستییەکان و بە راشکاوی گوتنی بارودۆخی کوردستانی باشوور لە ناو ئەم مێژووە پڕ ململانێیە حزبیە و ئالنگاری دوژمنان... ھێندە ئاسان نییە، کە ئێمەمانان ھەستی پێ دەکەین. بەڵام ئیتر ئەوە کاک مسرور خۆی خستە ژێر ئەم بارە قوڕسە و دەبێت بۆ خاتری شەھیدان و نەوەی ئاییندەمان پشتیوانی بین.
ھەر وەکو کورد وتەنی نەچووە بچێت.. ئێستاش سەرکردایەتی کورد و گەلی کورد دەتوانن ئەم دۆخە تێپەرێنن، ئەگەر بە راستی ئامانجمان بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە بێت.
داواکاریشم لە جەنابی سەرۆکی حکومەت ئەوەیە کە دوابەدوای پەیامەکەی ھەفتانە خەڵک لە کار و چاکسازییەکانی و ھەنگاوەکانی ئاگادار بکاتەوە و پەنا بەخوا ھەموومان پشتیوانی دەبین.


Top