خوێندنەوەیەک بۆ گوتارى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ...

خوێندنەوەیەک بۆ گوتارى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ...

تا دێت ترس لە جێبەجێکردنى پروسەى چاکسازى بریارلێدراوى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەلایەن دەستە و گرووپ و کەسایەتییە بەرگومانەکانەوە لە هەڵکشاندایە، بەتایبەتى دواى ئاراستەکردنى گوتارە راشکاوانەکەى مەسرور بارزانى سەروکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئێوارەى جەژنى رەمەزاندا، كه‌ لە راستیدا گوتارێکى زور راشکاوانە بوو، پیتەکانى خاڵدارکرد و کەسی لە لێپرسراوەتى و لێپرسینەوەى نەبوارد، دام و دەزگا یاسایی و دادوەرییەکانى پەیوەندیدارى خستە بەر دەم بەرپرسیاريەتيى سیاسی، نیشتمانى و ئەخلاقی، پێداگیرانە ئاماژەی دا بە دەستپێکردنى کردەیی جێبەجێکردنى پروسەى چاکسازيى گشتگیر، ئەم مکوڕییە چۆن لایەنە بەشداربووەکانى حکومەت بەرپرسیارکرد، بە هەمان شێوە گەندەڵکارانى ڕووبەڕووى ئاستێکى ناجێگیرى دەروونى و هەڵچوون کردو، تادێت پلەى گەرمایی تایەکەیان بەرزتر دەبێتەوە، وەک بەرپەرچدانەوەیەک بە راست و چەپ کەوتوونەتە خۆ، بە بڵاوکردنەوەى زانیارىى بی بەها و هەرزان پڕوپاگه‌ندەى ناڕه‌وا، بە مەبەستى لەمپەر دروستکردن لە بەر دەم پروسەکەدا !
ستایلى خستنە ڕووى راستییەکان لە گوتارەکەى سەروکى حکومەتدا و بە ئامانجگرتنى راستەخۆى کۆمەڵانى خەڵ ک و زمانە سادە و ساکارەکەى، دەرهاوێشتەى راستگویى ڕەهەندى باوەڕبوونە بە دەسەڵاتى گەل و سەروەريى نیشتمانى، هەروەها جیاکردنەوەى سەنگەرى راستەقینەى گەل و ڕزگارکردنيەتى لە هەڵمەتى چەواشەکارى .
داتاکانى نێو گوتارەکە لە بارەى بارودوخى (ئیدارى و ئابوورى) بەتایبەتى لە ڕووى ژمارەى مووچەخۆرانەوە، زور جیاوازن لە ستانداردى جیهانى، هۆکارەکەش ململانێێ سیاسیى ناتەندروستى لایەنە سیاسییەکانە لە پێناوى پاراستنى پێگەى جەماوەرییان، بۆیە پرۆسەى چاکسازى له‌و بوارانەدا دەستپێکى هەنگاوەکان دەبێت . لێرەدا بوار نامێنیت و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و دروشم و لێدوانى نوێنەرەکانیان لە ژێر چاودێريى چڕى جەماوەردا دەبن، لایەنى خەمخورى گەل و راستگۆ لە لایەنە چەواشەکار و دروشمبازه‌كان جیادەکرێنەوە .
بێجگە لە شیکردنەوەى بارودۆخى ئیدارى و ئابوورى، سەرۆکى حکومەت پلانى کابینەکەى ئاشکرا کرد، لە بارەى داڕشتنەوەى چوارچێوەى پێشکەوتووترى ئابووريى کوردستان و ڕزگارکردنى لە تاک ڕەهەنديى نەوتی، كه‌ بریتى دەبێت لە بنیاتنان و پەرەپێدانى ئابوورییەکى هەمە چەشن و، داهاتى نەوت تەنيا بەشێک دەبێت لە سەرچاوەى دارایی هەرێم .
گوتارەکە پروژەى لامەرکەزيى ئیدارى وەک بەشێکى پروسەى چاکسازى و بەرنامەى کابینەى نوێی حکومەت پیناسە کرد، نەک داهینانیکى نوی بێت، بەڵکو حکومەت خوازیارە تا دەکرێت و پێویست بێت، دەسەڵاتى ئیدارى ببەخشێتە پارێزگا و یەکە ئیدارییە سەربەخۆەکان ، بە مەرجێک زیان بە سەروەريى دەستوورى و سیاسيی کەسایەتيى هەرێمى کوردستان نەگەیەنێت.
سەرۆکى حکومەت باوەڕدارە بەو راستییە لوجیکییە: هەموو لایەنە سیاسییەکانى بەشداربوو لە کابینەکانى حکومەت و حکومەتە خۆجێیيەکان بەرپرسیارن لە ئەرێنى و نەرێنيى راپەڕاندنى ئەرکەکاندا... ناکرێت لە تەنگژەدا خۆیان بێبەری بکەن و، لە سەرکەوتن و دەستکەوتدا هاوبەش بن .
لە کوتاییدا دڵنیام جەماوەرى سەربەرزى کوردستان هۆشیارانە ، لە ئاستى بەرپرسیاريەتى نەتەوەیی و نیشتمانيى خۆیاندا بە ویژدانەوە دادوەر دەبن لە پاڵپشتیکردنى هەڵوێستى خۆڕاگرى و نەبەزى .
Top