‎"لە چاکسازی بەردەوام دەبین و ھەرگیز لێی پاشگەز نابینەوە"

‎

وتەکانی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە بۆنەی پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانەوە، بەڵێنێکی متمانەپێکراو و پەیامێکی راستگۆیانە بوو بۆ ھاووڵاتیان و سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان و دەربازبوون لە ھەموو قەیرانەکان و پێویستە خاڵ بە خاڵی رەچاو بکرێن، بەتایبەتی کە کێشەکان ھەموویان سەپێندراون و ناحەزان زۆرن و دڵسۆزەکان دەگمەن!
رووبەڕووبوونەوەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ پەتای سەختی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک ھەموو وڵاتانی جیھان کە گەورەترین کاریگەری لەسەر تێکچوونی نرخی بازاڕ و ئابووری ھەبووە، بەتایبەت کە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا گەورەترین قەیرانی بۆ وڵاتانی خاوەن نەوت دروست کرد، کە سەرچاوەی سەرەکیی داھاتیان ئەو سامانە سرووشتییە بووە، کێشەی زۆر گەورەی ئابووری لێ کەوتەوە، ھەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبوو لەو قەیرانانە، بەڵام رۆڵی سەرۆکی ھەرێم و کابینەی نۆیەمی حکومەت لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و کەمکردنی کێشەکان جێگای دڵخۆشی و ستایشە.
کابینەی نۆیەم ھەموو ھەوڵێکی خستەگەڕ لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەوەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش لە ھێرش و مەترسییەکانی پشتبەستن بە تاکە سەرچاوەی داھات رزگار بکەن. بە نیسبەت پەیوەندییەکانی ھەرێم لەگەڵ بەغدا، حکومەتی ھەرێم ھەموو ھەوڵێکی جددی دا، بۆ ئەوەی لە سەر بنەمای دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، بە ڕێککەوتن بگەن و رەوشی وڵات زیاتر سەقامگیر بکەن. بەڵام حکومەتی عێراقی بە ھۆی سەقامگیرنەبوونی باری ئیداری و گەندەڵکاری و نائەمنی و پاشکۆبوونی ئیرادەی بۆ وڵاتانی بیانی، نەک تەنیا چارەسەری کێشەکانی نەکرد، بەڵکوو زیاتریشی کرد. بە جۆرێک کە ناڕەزایەتیی گەورەی جەماوەری و خۆپیشاندانی بەردەوامی تەنانەت شیعەکانی عێراقی لێ کەوتەوە.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە بەرچاوڕوونییەکی زۆرەوە ھەوڵی درێژەدان بە ستراتیژیی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات دەدات، ھاوکات سوورە لەسەر درێژەپێدانی پرۆسەی چاکسازی و چارەسەری ھەموو کێماسییەکانی رابردوو لە بواری کارگێڕی و داراییدا، کە وەک سەرۆکی حکومەتی ھەرێم باسی کرد، ئەو چاکسازییانە پێویستی بە کاتی زیاتر و ھاوکاریی ھەمووان ھەیە، راستکردنەوەی چەوتییەکان و دامەزراندنی بنەمایەکی سەقامگیری ئابوورییش کارێکی ئاسان نییە و تەنانەت وڵاتانی گەورە و سوپەرپاوری جیھانی تووشی گرفتی گەورە کردووە.
بەرنامەی جەنابی سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران و پەسندنکردنی یاسای چاکسازی لە پەرلەمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ھەروەھا جەختکردنەوە و پێداگریی سەرۆکی حکومەت لە سەر پرۆسەی چاکسازی و رێگری لە بەھەدەردانی سامانی گشتی و بەردەوامبوون و درێژەدانی پرۆسەی چاکسازی، ھیوابەخش و جێی دڵخۆشیی ھاونیشتمانین، چونکە لە بەرژەوەندیی گشتییە، ئەوانەشی کە سەرپێچی و گەندەڵییان کردووە، ھەوڵی پەک خستنی دەدن. بەڵام بەڕێز مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە چاکسازی داوای زۆرینەی ھازوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە بوێرانە و جەسوورانە و راشکاوانە ئاماژە بە بوونی خۆی لە بەرەی ھاووڵاتیانی کوردستاندا دەکات. ھاوکاریی ھاووڵاتیانیش بۆ پاشگەزنەبوونیان لەو پرۆژە گرنگە بە پێویست دەزانێت.
سەرۆکی حکومەت باسی ئەوەشی کرد کە کارنامەی حکومەت لە کابینەی نۆیەم بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداری پارێزگەکان بە جۆرێکە کە گۆنجاو بێت لەگەڵ سیستەمی یاسایی و کارگێڕی ھەرێمی کوردستان، ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە لە ھەموو تواناکانی کابینەی نۆیەم سوودوەردەگرن بۆ ئەوەی بژێویی ھاووڵاتیانی ھەرێم و مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بکەن.
جەنابی سەرۆکی حکومەت پێش دەستبەکاربوونی ئاماژەی بە قەرزاربوونی ھەرێم بە بەھای ۲۷ میلیارد دۆڵاری دابوو، کە ھۆکاری دەگەڕێتەوە بۆ کێشەکانی ناوخۆیی بەغدا، ھەروەھا بڕینی بودجە و مووچەی کوردستان لە لایەن بەغدا و لاوازیی داھاتی ناوخۆیی کە وەڵامدەرەوەی خەرجییەکان نەبووە.
لە درێژەی وتەکانیدا، سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە کوردستان پێویستی بە ژێرخانێکی پتەوترە و
پێویستە بەشێکی بەرچاوی بودجە بۆ پێشخستنی خزمەتگۆزارییەکان و ژێرخانی ئابووری بێت.
سەرۆکی حکومەت لە پەیامەکەیدا ھێما بۆ پلانی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و دەرمان دەکات، بەوەی کە بە پێی ئەو پلانانەی کە لە کۆگاکانی حکوومی و کەرتی تایبەت دانراون، لایەنیکەم تا کۆتایی ئەمساڵ پێداویستیی خۆراک و دەرمان دابین کراوە و کێشەی خۆراک و دەرمان لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان درۆست نابیت. لە چوارچێوەی ئەو پلانەش حکومەتی ھەرێمی کوردستان جیا لە خۆراکی مانگانەی ھاووڵاتیان بە زووترین کات دەست دەکات بە دابەشکردنی خۆراک بە سەر خانەوادە کەمدەرامەدەکان و لە کۆتاییدا ھەموو ھاووڵاتیانی ھەرێم دڵنیا دەکاتەوە کە حکومەتی ھەرێم لە ھەوو کەس و لایەنێک زیاتر لە خەمی دابینکردنی بژێوی و خۆشگوزەرانیی و خزمەتگوزارییە بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێم و ھیواخووازە کە نەکەوینە ژێر کاریگەریی موزایدەی سیاسی و پڕوپاگەندەی ناڕاست و ناواقیعی، ھاوکات پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە گۆێبیستی ھەموو رەخنە و تێبینیەکانی ھاونیشتمانییانی خۆیانن و گشت داواکارییەکانی واقیعی و مەنتیقی لە بەرچاو دەگرن و لێیان تێ دەگەن، بەڵام دەبیت لە ھەمان کاتدا ھاووڵاتیانیش تێگەیشتنی تەواوی ئەم دۆخەی ئێستایان ھەبێت.

* ڕۆژنامە نووسی بێ سنووری نێودەوڵەتی لە ئەڵمانیا
Top