نەوتراوەکان لە وتارەکەی سەرۆکی حکومەتدا!

نەوتراوەکان لە وتارەکەی سەرۆکی حکومەتدا!

توێژەر و چاودێرانی سیاسی و زۆربەی ئەو کەسانەی بە وردبینییەوە شرۆڤەی پەیام و وتارەکانی سەرۆک و دەوڵەتمەداران دەکەن، زیاتر لە سەر نەوتراوەکان لە وتارەکاندا ڕادەمێنن. واتە جگە لەوەی پەیام و دەقی وتارەکە بە وردی تاوتوێ دەکەن، رامانێکی چڕوپڕیان لە بارەی ئەو پرسە ھەستیارانە دەبێ، کە لە وتارەکەدا وەلا خراون، یان باس نەکراون. بەڵام ئەگەر بە وردی سەرنجی پەیامەکەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان (مەسرور بارزانی) بدەین، کە بۆ پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزان ئاراستەی ھاووڵاتیانی کرد، بە ئاسانی بەو ڕاستییە دەگەین، کە ڕاستگۆیانە و بابەتییانە باسی ھەموو مەترسییەکان و نەقشەڕێگە و ڕێکارەکانی چارەسەری کرد، بە جۆرێک کە شتی نەوتراوەی زۆر کەم و دەگمەن بوون.
سەرۆکی حکومەت، ڕاستەوخۆ لەگەڵ "ھاووڵاتییانی خۆشەویست" دوا. دوای پیرۆزباییەکی گەرم بە بۆنەی ھاتنی جەژنی ڕەمەزان، یەکەم داواکاری لە ھاووڵاتیانی، پاراستنی خۆیان و کەسوکار و کۆمەڵگەیان بوو، لە پەتای کۆرۆنا و پابەندبوون بە خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان و، تیشکی خستە سەر لێکەوتەکانی ئەو ڤایرۆسە جیھانگیرە و قەیرانی ئابووری کە گرفتی گەورەی بۆ کۆمەڵگەی جیھانی و تەنانەت وڵاتانی زلھێزی سەر گۆی زەوی دروست کردووە.
ھەڵبەت ئابووریی باشووری کوردستان، جگە لەوەی پاشکۆی عێراقە و حوکمڕانانی بەغدا دوای تەفروتونابوونی رژێمی بەعسیش، بە ھەمان عەقڵییەتی نادیدەگرتنی کورد، سیاسەتیان کردووە، ھێزی سەربازییان لە دژی کورد و دەستکەوتەکانی جووڵاندووە، تەنانەت لە گەرمەی شەڕی دژی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا بوودجە و مووچە و قووتی خەڵکی سڤیلیان لە ھەرێمی ژێر دەسەڵاتی بەناو فیدڕاڵی بڕی، بەداخەوە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە ناڕەوا و نادەستوورییە، تا ھەنوکەش بەردەوامە! بەڵام گومانی تێدا نییە، دووئیدارەیی کوردستانیش، پەتایەکی ترسناک بووە، کە جگە لە شەڕی ناوخۆیی و ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ دووبارەنەبوونەوەی شەڕی کورد و کورد، بەڵام حزبەکانی باشووری کوردستان (بە عەلمانی و ئیسلامییەوە)، لەشکرێکی مووچەخۆریان دروست کرد، کە ڕێژەیەکی زۆریان بە "بندیوار" ناسراون، جگە لەوەی کە بە ناحەق ھەزاران کەس بە پلەی باڵا خانەنشین کراون! ئەوەش پێویستیی بە چاکسازییەکی ڕیشەیی ھەیە، سەرۆکی کابینەی نۆیەمیش لە دەستپێکی بەرنامەی کاری کابینەکەیدا پێداگری لە سەر چاکسازی کردووە، لەو مەترسییەش باش تێگەیشتووە، کە لە ھەوراز و نشێو و ھەڵبەز و دابەزی نرخی نەوتدا، پشت بەستن بەو تاکە سەرچاوە سرووشتییە، دراڕمانی گەورەی ئابووری لێ دەکەوێتەوە. ھاوکات لە پەیامەکەیدا جارێکی دی ھەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی لەگەڵ بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور دووپات کردەوە. وەک باسی کرد، "سێ جار شاندی حکومەتی ھەرێم سەردانی بەغدای کردووە و لەم دانوستانانەش بەردەوام دەبین، تا بە ئەنجامێکی دادپەروەرانە و دەستوورییانە دەگەین. "
ئەوەی بەڕێز مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا جەختی لەسەر کردەوە،
گرنگیی ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی و سووربوونی کابینەی نۆیەم بوو لە سەر ڕێگری لە بەھەدەردانی سامانی گشتی، ئەوەشی نەشاردەوە کە کەسانی سەرپێچیکار و گەندەڵکار، ھەوڵی پەکخستنی پرۆسەی چاکسازی دەدەن. بەڵام ئەو پرۆسەیەی بە خواستی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ناو برد، خۆیشی لە بەرەی ھاووڵاتییاندا ھێشتەوە و بەڵێنی بەردەوامبوون و پاشگەزنەبوونەوەی لە چاکسازی بە بەرەی گەل دا.
پاراستنی یەکڕیزی ناوخۆیی، ھەروەھا تۆمەتبارنەکردنی ھیچ کەس و لایەنێکی سیاسی لە کوردستان، بە مەبەستی ھاندانیان بۆ ھاتنە ریزی بەرەی گەل و کاری پێکەوەیی بۆ زاڵبوون بە سەر قەیرانەکان و رێکخستنەوەی سیستەمی ئابووری و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بۆ ھاونیشتمانیانی ھەرێم، تەوەرێکی سەرەکیی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت بوون.
ڕاستە، فەرمانبەرانی کوردستان پتر لە ١٣٠ پاشکەوتی مووچە و زیاتر لە ١١ مووچەی تەواویان لە چەند ساڵی رابردوودا نەدراون، بەڵام وەک سەرۆکی حکومەت باسی کرد، لە ماوەی نۆمانگی تەمەنی کابینەی نۆیەم، تەنیا یەک مووچە نەدراوە، ئەوەشی خستەڕوو کە پلانیان بۆ تێپەڕاندنی قۆناغە داناوە.
ھەمیشە و لە ھەر سیستەمێکی حوکمڕانیدا، شاردنەوەی کێماسییەکان لەگەل، شۆک و ھەڵچوونی دواتری گەلی لێ کەوتووەتەوە، بەڵام بەڕێز مەسرور بارزانی لە ھێزو ھونەری گەورەی (تێگەیشتن و تێگەیاندن) بەھرەمەندە و لە بری شاردنەوەی ئاریشەکان، پەنجەیان دەخاتە سەر و باسی ٢٧ ملیار دۆلار قەرزی حکومەتی ھەرێم دەکا، کە بە ھۆی بڕین و نەناردنی مووچە لە لایەن بەغداوە، حکومەتی ھەرێم پەنای بۆ بردووە. ھاوکات پەردە لەسەر خەزێنەی حکومەت و داھاتی ناوخۆ ( ٦٠ ملیۆن دۆلار ) و کورتھێنان لا دەدا، ئەوەش ناشارێتەوە کە "لە خەرجکردنی داھاتی ھەرێمی کوردستاندا، نادادپەروەرییەکی زۆر و بێ پلانی ھەبووەو ٨٠%ی داھاتی ھەرێمی کوردستان بۆ مووچەخۆران تەرخان کراوە، مووچەخۆرانیش ٢٠%ی دانیشتووانی ھەرێمن. ئەم رێژەیەی مووچەخۆران بە پێی ستانداردە باوەکان چەندین بەرابەری پێداویستییەکانی ھەرێمە. "
سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وێڕای ئەوەی سیستمی ئابووریی ھەرێم دەخاتە ژێر گوشار و جڕومەنگەنەی ڕەخنە و بە پێویستی دەزانێ گۆڕانکاریی جەوھەری تێدا بکرێ، ھاوکات بە بێ بەکارھێنان و جووڵەی پەنجەی دۆشاومژە بۆ ھەڕەشە، بە زمانێکی نەرمی پڕلۆژیک، داوا دەکا، ھیچ کەس و لایەنێک پرسی مووچە نەکاتە "کەرەستەی ململانێ و موزایەدەی سیاسی"... ئەوەشی کە جێی دڵخۆشییە، ئەوەیە کە بە دەق گوتی: "ئێمە گوێ لە ھەموو رەخنە و تێبینیەکانی ئێوە دەگرین و داواکارییە واقیعی و مەنتیقییەکانیش لە بەرچاو دەگرین و لێیان تێ دەگەین، بەڵام لە ھەمانکاتدا پێویستە ئێوەش تێگەیشتنی تەواوتان بۆ ئەم دۆخە سەختەی ئێستا ھەبێت. "
کۆی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بەو ئاراستەیە بووە، کە حکومەت و گەل تەواوکەری یەکیدین، حکومەتیش خزمەتکاری گەلە و ھەوڵی خزمەتی زیاتر و بەرچاوتر دەدا. ئەگەر باسی نەوتراوەکانیشی نەکردووە، گومانی تێدا نییە، ویستوویەتی ناکۆکییەکان ھێور بکاتەوە، نەک بەنزین بە ئاگرێکدا بکا، کە دواجار باجی گەورەی و قوربانییەکانی و سووتەمەنیی ئەو ئاگرە، ھەر ھاونیشتمانی دەبن.




Top