مسروور بارزانی لەبەرەی گەل دا

مسروور بارزانی  لەبەرەی گەل دا

دەگمەنن ئەو سەرکردانەی کە قسەکانیان بەکردار دەسەلمێنن، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مسروور بارزانی یەکێکە لەو سەرکردە دەگمەنانەی کەوا زۆر ڕاستگۆیانە و بەوپەڕی بەرپرسیارەتیەوە ملی داوەتە بەر ئەرکە قورسەکان لەشاخەوە تاکو دەوڵەتداری، لەم کات و ساتەدا لەسەر ھەمان ئەو بەڵێنانە کاردەکات کە بەخەڵکی ئەمەکداری کوردستانی دابوو، سەرەڕای خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ھەبوونی نەیاری ناوەخۆ زیاتر لە نەیاری دەرەکی.
لە بەرواری ٢٠٢٠/٥/٢٢ کاتژمێر ٨:٠٠ شەوی ھەینی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە وتارێکی گرنگ و لەجێدا فەرموویان کەوا ھەرچەند ببنە بەربەست و لوغمەی سیاسی لەبەرگە جیاوازەکاندا بۆی بچێندرێت مەحاڵە دەستبەرداری خواستی گەل ببێت و لەبەرەی گەل دەمێنێت و لەپێناو خزمەتی خاک و وڵات دوور لە ئینتیمای تاکەکەسی و حزبی کۆشش دەکات، ئەمەش نموونەی بەرزی کارکردنە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی گەل.
ئاراستەکردنی ھەرێمی کوردستان لەم قوناغە سەخت و پڕ کەم و کوڕی و گرفتەدا بەرەو قۆناغێکی باشتر و پڕسەرکەوتن و خزمەت و ئەرک و ماندووبوونێکی زیاد لە پێویستی گەرەکە، وێڕای ئەوەش ئێمەی ھاوڵاتی بەگشت چین و توێژێکەوە تاک بە تاکی نێو کۆمەڵگە بەئێومێدەوە چاوەڕێی کارەکانی کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستانین، لە ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و کاڵکردنەوەی گەندەڵی و کەمکردنەوەی ڕۆتینات لە دام و دەزگای حکومی و شەفافیەت لە بوودجەدا و باشترکردنی بار و گوزەرانی خەڵک، ھاوکات کاراکردنی زیاتری کەرتی تایبەت و زیادکردنی دەرفەتی کار بۆ ھاوڵاتیان بەتایبەت چینی گەنجان، ئەوانەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لەخاڵە جەوھەرییەکانی کە باسکرا لەم وتارەدا ئەوەبوو کە ھۆکارێکی ھەرە گرنگی بارودۆخی نالەباری دارایی ھەرێم پشت بەستنە بە تەنھا داھاتی نەوت، کە خۆی لەخۆیدا گەربێت و واقیعبین بین جێی خۆیەتی سەرنجی ئەوەش بدەین کەوا ھەرێمی کوردستان ناوچەیەکی شیاو و خاکێکی بەپیتی بۆ کشتوکاڵکردن ھەیە، کە ئەمە ھەم گوندەکان ئاوەدان دەکات و داھاتی ناوخۆیشمان زیاتردەکات و جەنجاڵی و پاڵەپەستۆی سەر شارەکان کەمتر دەکاتەوە، ھەروەھا بەگەشتیاری کردنی شوێنەوار و ناوچەکانی سەرنجڕاکێشی ھەرێم دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی تری داھات بۆ ھەرێمی کوردستان، ھاوکات بەگەڕخستنی ھێزی کار و ھەوڵدانێکی جددی بۆ دامەزراندن و فراوانکردنی ھێزی بەرھەم ھێنان لەگشت ناوچەکانی ناوەوەی شار و دەرەوەی شاریش ئەرکی حکومەت کەمتر دەکات و لەنێو کۆمەڵگەدا تاکێکی سودبەخش و سەرمایەدار پێدەگەیەنێت کە ھۆکاری حکومەتێکی سەرمایەدارن،
دیسان جەخت لەوە دەکەینەوە کەوا وتاری جەنابی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وتارێکی کاریگەر و دڵخۆشکەربوو، بۆیە پاڵپشتی ھەنگاوەکانی حکومەتین لەپێناو خزمەتکردن بە گەل و بەردەوامین لە خۆپاراستن، تاکو تێپەڕاندنی سەردەمی مەترسیداری کۆڕۆنا و ھەمیشە لەم کابینەیە چاوەڕێی کاری باش و ھەنگاوی چارەنوسساز و گرنگ دەکەین، لەپێناو خزمەتکردن بە خەڵک و بوژاندنەوە و باشتر کردنی بار و گوزەرانی خەڵک و ئومێدوارین جەنابی سەرۆکی حکومەت وەک ھەمیشە پارێزەری گەل بێت و لەبەرەی گەل بێت بەرەو کوردستانێکی بەھێز.
Top