لە قەیراندا، سەرکردەی بەھێز ئاستەنگەکان دەگۆڕێت بۆ دەرفەت

لە قەیراندا، سەرکردەی بەھێز ئاستەنگەکان دەگۆڕێت بۆ دەرفەت

لە دوای بەدەستھێنانی نزیک بە نیوەی کورسییەکانی پەرلەمان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ئەیلولی ٢٠١٨، و مسۆگەرکردنی (٥٠٪‏ + ١)ـی کورسییەکان لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بە دوو ھۆکاری سەرەکی ھەر لە پێش پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، لە دژی (پ.د.ک) و حکومەتی ھەرێم دەستیان بە ھێرشی میدیایی کرد. ئەو ھۆکارانەش، ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینە لەلایەن (پ.د.ک) وەک لە بەرنامەی ھەڵبژاردنی لیستی (١٨٣)ـدا ھاتبوو، ھەروەھا ویستی (پ.د.ک) بۆ زیاتر پتەوکردنی بنەماکانی حکومڕانی و کۆتاییھێنان بە "فرەچەشنی دەسەڵات لە دەرەوەی دامودەزگاکانی ھەرێم"ـە، کە لە بەشێک لە ھەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە وەکو دیاردەیەک بەردەوام بوونی ھەبووە و رێگر بووە لە بەرەوپێشچوون لە بوارە جیاوازەکان بە تایبەت لە ئاست دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شار و شارۆچکە و لادێیەکان لەو ناوچانە.

ھەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەت چەند ھەنگاوێک گیرانە بەر بۆ زیادکردنی داھاتی ناوخۆ و رێکخستنەوەی باج و داھاتی خاڵە سنووریەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ خەزێنەی حکومەت، پێداچوونەوە بە ھەندێک لەو گرێبەستانەی کە لە بواری وزە کرابوون، پێداچوونەوە بە پرۆژە یاسای چاکسازی کە لە کابینەی ھەشتەم ئامادەکرابوو و دووبارە نێردرایەوە پەرلەمان و پەسەندکرا. ئەم ھەنگاوانە جارێکی بوونە ھۆی ئەوەی کە ئەو لایەن و کەسانەی لەو بەرژەوەندیانەیان دەدرێت کە ساڵانێکی زۆر بە ناحەقی و نادادپەروەری سوودمەند بوون لێی، ھەوڵەکانیان بۆ دژایەتیکردنی حکومەتی ھەرێم و پرۆسەی چاکسازی، چڕ بکەنەوە تا ئەو ئاستەی کار گەیشتە رێگریکردن لە گواستنەوەی گازی سروشتی بۆ پایتەختی ھەرێمی کوردستان.

دژایەتی و رێگریکردن لە پرۆسەی چاکسازی وەک لە وتاری رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بەبۆنەی تێپەڕبوونی (١٠٠) رۆژ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم ئاماژەی پێکرابوو، بەردەوام بوو. بەڵام لە ھەمان کاتدا پشتیوانی جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی (پ.د.ک) و کەسانی نیشتمانپەروەر و ھاوڵاتیانی کوردستان، گوڕ و تینی زیاتریان بە حکومەت دەبەخشی بۆ بەردەوام بوون لەسەر ھەنگاوەکان لە پێناو بنیاتنانی کوردستانێکی بەھێزتر.

لە سەرەتای ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و ئەو رێککارە پێویستانەی کە لەو رووەوە گیرانە بەر، ھێندەی تر ئاستی متمانەی ھاوڵاتیانی کوردستان بەرامبەر بە حکومەتی ھەرێم بەرزکردەوە، کە ئەمە وایکرد لە بەرامبەردا دژایەتیکردنی حکومەت و ھەوڵەکانی چاکسازی بچێتە قۆناغێکی تر، لە کاتێکدا دەبوو ھەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بێت، کە ژیانی کوردستانیان لەو ناوچانە بە بەردەوامی لە مەترسیدایە، لە بری ئەوە کەوتنە ھەوڵدان بۆ "دابڕاندنی ناوچەکانی ھەرێم لە یەکتر" و دروستکردنی "پەرتەوازەیی".

لە ئەنجامی ئەو ھەوڵانە کەشێکی ناسەقامگیر ھاتووەتە ئاراوە کە لەلایەک خواستی لەباربردنی پرۆژەی چاکسازییە، لەلایەکی تر لە پێناو دروستکردنی گومان و نیگەرانییە لای ھاوڵاتیان بۆ کاڵبوونەوەی متمانەیان بە حکومەتی ھەرێم و دامەزراوە فەرمییەکان لە ھەرێمی کوردستان، بۆیە ھەر زوو لەلایەن جەنابی سەرۆک بارزانی، رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەکتەبی سیاسی (پ.د.ک) چەندین پەیام و ھەوڵ و دەستپێشخەری ھەبوون بۆ ھێورکردنەوەی گرژییەکان، تاوەکو ھەموو ھەوڵەکان لە ئێستادا لە پێناو پاراستنی قەوارەی دەستووری ھەرێم و تێپەڕاندنی بارودۆخی سەختی دارایی و ئەنجامدانی چاکسازی و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بێت.

ئەوەی گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان پارێزگاریکردن لە یەکریزی، رژدبوون لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی کارگێڕی و دارایی، ھەوڵدان بۆ (سەرەتا کۆنترۆڵکردن) و دواتریش بنەبڕکردنی گەندەڵی، بەدیھێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەرپرسانە مامەڵەکردن لەگەڵ سامانە سروشتییەکان و ھەڵگرتنی خەمی نەوەکانی داھاتووە، کە ھەموو ئەوانە لە کۆتا پەیامی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە تیایدا "خاڵ لەسەر پیتەکان دانرابوو" و بەشێکی زۆر لە نیگەرانی ھاوڵاتیانی رەواندەوە، ئاماژەیان بۆ کرابوو.
لە کۆتاییدا دەبێت بوترێت، کە "پاڵپشتی ھاووڵاتییان"، سەنگی مەحەکە بۆ سەرکەوتنی ھەوڵ و ھەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم لە پێناو زیاتر دابینکردنی خۆشگوزەرانی ھاووڵاتییان و بەردەوامی گەشەسەندنی کوردستان لە بوارە جیاوازەکان.
• سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان
Top