پەیامێك چرای ئومێدی هەڵكرد .
May 23, 2020
وتار و بیروڕا
بونیاتنانەوە و خۆڕاگری
سەرۆكی حكومەت زۆر بویرانە پەیامەكەی بۆ میللەت خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان وەك سەرجەم وڵاتانی جیهان بەهۆی لێكەوتە ئابوورییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت تووشی دۆخێكی سەختی ئابووری بووە، بەپرۆگرام و نەخشەی دریژخایەن دەتوانرێت كۆتایی بەدۆخە نەخوازراوە بهێنرێت، بەڵام لەهەمانكاتدا پێویستی بەخۆراگری هەیە چونكە تێپەراندنی ئەم دۆخە ماوەیەكی زەمەنی پێویستە وئاسان نیە.
سەرۆكی حكومەت بەم پەیامە هەمویان بێی جیاوازی دەخاتە ژێر باری بەر پرسیاریەتی مێژوویی، ئەگەر لە حكومەتن، ئەوا لە جێبەجێكردنی پلانی حكومەت بۆ چارەسەركردنی تەنگەژەكان پشتیوان و هاریكاربن ،ئەگەر لە ئۆپۆسزێۆنن، ئەوا دەتوانن هێزی چاودێری هەنگاوەكانمان بن.
چاكسازی ڕیشەی
كابینەی نوێیەم هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە زۆر بویرانە هەنگاوی بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی ناوە، لەم پێناوەشدا سەرۆكی حكومەت هەوڵەكانی چركردۆتەوە پێدەچێت لەئایندەیەكی زۆر نزیكدا هەنگاوی بویرانە بنێت و شەپۆلی چاكسازییەكانی تەواوی گەندەڵكاران ڕابمالێت،
لەپەیامەكەشیدا سووربوون لە سەر بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی چاكسازی و رێگریكردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دووباتكردەوە.
بێگومان هەندێك لایەنی سیاسی لە جێبەجێكردنی چاكسازیدا، بەرژەوەندیەكانیان دەكەوێتە مەترسییەوە، بۆیە هەوڵی پەكخستنی دەدەن، بەڵام سەرۆكی حكومەت رێزدار (مەسرور بارزانی) لە چاكسازی بەردەوام دەبێت.
سەرچاوەی داهات
هەروەها سەرۆكی حكومەت باسی لەوەشكرد یەكێك لەگەورەترین هۆكارەكانی دروستبوونی قەیرانی دارایی لەئەنجامی سیاسەتی هەڵەی تەنیا پشت بەستن بە داهاتی ناجێگیری نەوتە دروست دەبێت، مەرجە كار لەسەر هەمەچەشنەی داهات بكرێت، پیوستیە لەرێگەی گەشەدان بەكەرتە جیاوازەكان ئابووری هەرێمی كوردستان لە هەڕەشە و مەترسییەكانی پشت بەستن بە تاكە سەرچاوەیەكی داهات رزگار بكرێت، بەروونی لەكابینەی نوێیەم ئەوە بەدی كراوەو هەنگاوی جدیش بۆ پەرەپیدان بەسكێتەرەكانی كشتوكاڵ و گەشتگوزار نراوە، بۆئەوەی بتوانرێت لەئایندەیەكی نزیكدا وەك سەرچاوەیەكی گرنگی داهات هەژمار بكرێن.
یەكریزی نیشتیمانی
ئەگەر زیاتر ووردبنیەوە سەرۆكی حكومەت هەر لەسەرەتاوە جەختی لەوەكردەوە هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵەكانی بۆ رێكەوتنێكی ستراتیژی لەگەل عێراق دەخاتەگەڕ، لەم پێناوەشدا كابینەی نوێیەم هەنگاوی ناوە، لەلایەكی ترەوە داوای لە نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران كردووە هەوڵەكانیان بۆ داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان تەرخان بكەن، ململانێی حیزبایەتی فەرامۆش بكەن، ئەمەش هەولێكی نموونەی دەبێت لەم كاتەدا چونكە بەشێك لەبەناو نوێنەركانی كورد بۆ بەرژەوەندی خۆیان خەریكی پەرتەوازەكردنی دەنگی كورد و دابڕاندنی ناوچەكانی هەرێم لە یەكتری .
لامەركەزی لەچوارچیوەی یاسادا
كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا، ئاماژە بەچەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداریی پارێزگاكان كراوە، بەمەرجێك لەگەل سیستەمی یاسایی و كارگێڕی هەرێمی كوردستان گونجاو بێت، بەشێوەیەك نەبێتەمایەی گۆڕینی ستراكچەری دەستووری و فیدرالی هەرێمی كوردستان بەلام بەداخەوە هەندێك لایەن دەیانەوێت بابەتی لامەركەزی بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان لەپێناوی بەرژەوەندی حزبایەتیدا بەكاربهێنن.
سەرۆكی حكومەت لەدرێژەی وتارەكەیدا ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئەجێندای كوردستانێكی بەهێزی خستەڕوو، هەر لەپیلانگێرانی ناوخۆیی تادەگاتە پیلانگیرانی هێزە هەرێمیەكان، سەرۆك پێی ووتین نیشتیمانی بوون ئەركە و سەركەوتنیش خاوەنی زۆرە، سەڕەڕای هەموو ئەو قەیران و فشارانەی رووبەڕووی حكومەتی هەرێم بوونەوە بەلام حكومەت لەكاتی ئەم قەیرانە مەترسیدارانە زۆر بویرانە هەنگاوی ناوە،بە شایەتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ،ئەزموونی حكومەتی هەرێم لە جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزیی و رێنماییە تەندروستییەكان زۆر سەركەوتوو بوو، بەڵام بەداخەوە خەڵكانێك هەوڵ دەدەن ئەو هەوڵانە كەمبایەخ و ناشرین بكەن، لەكاتی سەركەوتندا هاوریمان زۆرە بەلام لەكاتی تەنگانەدا بەتەنیاین.
لەكۆتایدا ئەگەر ئیمە بەلۆژیكی بەپێوەرە بابەتیەكان بە میتۆدی شیكاری نێوەڕۆك هەڵویستەیەك لەسەر ئەم پەیامە مێژووییە بكەین دەگەینە ئەو راستەیەی تەواوی ئەو پەیامە گوزارشتە لە دڵسۆزی و خەمخۆری بەڕێزیان بۆ دروستكردنی ڕوانگەو ستراتیجی حكومەت لە بەرنگاربوونەوەی پێشهاتە مەترسیدارەكان، لەئایندەیەكی نزیكدا تەواوی قەیرانەكان چارەسەر دەكرێت.
* ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران