خۆبەخشبوون و کاری خۆبەخشی

خۆبەخشبوون و کاری خۆبەخشی

وشەی خۆبەخش کە بە زمانی ئینگلیزی پێی دەڵێن: (Volunteer)، بە واتای ھەوڵدانی خودی ھەر مرۆڤێک بەبێ بەرامبەر لە پێناو بەرژەوەندی و خزمەتکردن بە کۆمەڵگە و وڵات، ھەروەھا خۆبەخشبوون بە ویستی خودی کەسەکەیە بەبێ ئەوەی بە زۆرە ملێ، یان بە زۆر ئەو کارەی پێ بکرێ.
بە بڕوایی من کاری خۆبەخشی واتە ئاسوودەبوونی رۆح و ویژدان، لە ھەمان کاتدا ھەنگاونان بۆ مرۆڤبوون، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پێکەوەژیان چەمکی کارکردن و رێگا و پاڵنەری بەھێزی کاری خۆبەخشیمانە، ئەوەی ئێمە جیادەکاتەوە لە وڵاتانی دیکە، بوونی چەند نەتەوەیەکە لە کارێکی خۆبەخشی کە بە کولتوور و زمان جیاوازین، بەڵام کاری ھاوکاری یارمەتیدانی ئەوانی دی کۆمان دەکاتەوە، ئەویش بۆ پلاندانان بۆ کارێکی مرۆڤدۆستانە و گیانی ھاوکاری و خۆبەخشی و دوورخستنەوەی گەنجان لە بیر و باوەڕی توندوتیژی و تایفەگەری خودی مرۆڤەکان‎. دوای ئەوەی کاری خۆبەخشی تەشەنەی کرد و لە زۆربەی وڵاتانی جیھان گرووپ و ڕێکخراو دروست بوون، کە بە خۆبەخشانە خزمەتیان دەکرد، وڵاتە یەکگروتووەکانی ئەمریکا بڕیاریان دا، ڕۆژێک دەستنیشان بکەن بە ناوی (ڕۆژی جیھانی خۆبەخشی) کە لە ٥ی ١٢ی ساڵی ١٩٨٥ وەکو ڕێزێک لە بەرامبەر ھەوڵ و ماندووبونی خۆبەخشان ئەو ڕۆژەیان بۆ یادی بەرزڕاگرتنی خۆبەخشان دروست کرد، دیارە خۆشبەختانە ھەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبووە لەم کارە و ئێستا لە ھەرێمی کوردستان کاری خۆبەخشی بۆتە کولتوور، گیانی ھاوکاری و پێکەوە کارکردن لە پێناو خزمەتکردن بە کوردستان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە کە ساڵانە لە ڕێگەی سەدان گرووپ و ڕێکخراوی ناحکوومی خۆبەخشانە بە گڕوتینەوە و بەبێ وەچان خزمەت دەکەن. ئەگەر نموونەی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی TEDx بھێنینەوە کە کۆنفڕانسێکی جیھانییە کار لە پێناو پڕۆژە و کاری سەرکەوتوو و بیرۆکەی نوێ و ئەزموون و چیرۆکی سەرکەوتن و پێشکەوتنی کۆمەڵگە و وڵات دەکات کە لە تەواوی وڵاتانی پێشکەووتوی جیھان بەڕێوە دەچێ، خۆشبەختانە جێگای شانازییە TEDxNishtiman لە پایتەختی ھەرێمی کوردستانەوە ساڵانە لە ڕێگەی سەدان گەنجی خۆبەخشەوە لە تەواوی شار و شاڕۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان لە پایتەختی ھەرێمی کوردستانەوە کۆدەبنەوە و پێکەوە بە ھەماھەنگی و کارکردن بە تیم بەبێ جیاوازی ڕەنگ و زمان و ئاین پێکەوە دەست لە ناو دەست بە خۆبەخشانە کار بۆ سەرکەوتنی کۆنفڕانسەکە دەکەن، ئەویش لە پێناو بەرەوپێشچوونی ئاستی وشیاری و زانستی و پێشکەتووی تەکنەلۆژیا و بیرۆکەی نوێ کە دەبێتە دەستپێکی ھەنگاوی نوێگەری و پێشکەوتووی بۆ ھەرێمی کوردستان، دەکرێ حکومەتی ھەرێمی کوردستان سوودی لێ ببینێ بە مەرجێک پڕۆژە و بیرۆکەکان لە چوارچێوەی خزمەتکردن بێ بە کۆمەڵگەی نێو وڵات.
گرنگیی کاری خۆبەخشی :

١- متمانە بەخۆبوون.
٢- ئەزموون وەرگرتن.
٣- بەدەستھێنانی ئامانج.
٤- سوودوەرگرتن لە توانا و وزەی خودی کەسەکە.
٥- وەرگرتنی پاداشت و خێر لە لایەن خوای گەورە.
٦- یارمەتیدەرە بۆ تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە.
٧- خزمەتکردن بە کۆمەڵگە و وڵات.
٨- گیانی ھاوکاری و پێکەوەیی و خۆشەویستی لە نێوان تاکی کۆمەڵگە.
٩- بە فیڕۆنەدانی کات لە لایەن خودی گەنجان.
١٠- ناسین و پتەوکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی.
١١- دوورکەوتنەوە لە ڕق و قینە و جیاوازی نەکردن لە نێوان فرەنەتەوە و ئایینە جیاوازەکان.
١٢- ھەڵگری سیفاتی لێبووردەیی.
١٣- دوورکەوتنەوە لە فشاری دەروونی و خەمۆکی.
لەم سەردەمە نوێیەدا برەو زیاتر بە پسپۆڕییە پیشەییەکان دەدرێ ‌و ئەزموون ‌و توانای کارکردن دەبێتە پێوەر بۆ دەستکەوتنی ھەلی کار بۆ مڕۆڤ بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی، بۆیە زۆرجار پەنادەبرێتە بەر ئەوەی کاری خۆبەخش لە بواری پسپۆڕییەکەی خۆیاندا ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی لە ھەر دەرفەتێکی گونجاودا بتوانن بەو ئەزموونەی کە وەریانگرتووە کاریان دەستبکەوێت کە ئەمەش دەبێتە ھەنگاو و دەسپێکێکی بەسوود بۆ خودی ھەر کەسێک کە دەسپێشخەر بێ.

مافی خۆبەخش :
١- کار کردن لە شوێنی سەلامەت و پارێزراو.
٢- ڕێز گرتنی خودی خۆبەخش لە لایەن بەرپرسانیەوە.
٣- پاداشتکردنی خۆبەخش بۆ ھەر کارێکی ئەرێنیی سەرکەوتوو کە ئەنجامی دەدات.
٤- وەرگرتنی زانیاری تەواو لەسەر ئەو ڕێکخراو و دەزگایەی کە کاری تێدا دەکات.
٥- فێرکاری لەسەر سیفاتی سرووشتی کاری خۆبەخشی بە خودی خۆبەخش.
٦- ئەنجامدانی مەشقی تایبەت بە کاری خۆبەخشی لە ڕێگەی پڕاکتیکی و کرداری.
٧- وەرگرتن و پێدانی کاتی پشوو بە خودی خۆبەخش.
٨- دابینکردنی ھاوکاری لۆجیستی بۆ سەرجەم خۆبەخشان.
٩- پارێزگاری لە سیفات و کەسایەتی خودی خۆبەخشەکە.
تایبەتمەندییەکانی خۆبەخش :
١- متمانەی بە خودی خۆی و بە کارەکەی بێ.
٢- کەسێکی دڵفراوان و لێبوردە بێ.
٣- جیاوازی نەکردن لە نێوان زمان، نەتەوە، ئایین، کولتوورە جیاوازەکان.
٤- گیانی ھاوکاری و پێکەوەیی تێدا بێ.
٥- چالاک و وردبین و وریا بێ.
٦- کارەکانی بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدات.
٧- ڕێز لە سەرجەم ھاوپیشە و خۆبەخشانی دی بگرێ.
٨- کەسێکی سادە و ساکار بێ.

لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە کە تیشکی بخەینە سەر ئەوەیە ھیوادارم و ئومێدەوارم حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگ و ھاوکار و سەپۆرتی پڕۆژە و بیرۆکە نوێیەکانی گەنجان و کارە خۆبەخشییەکان بن، ھەروەھا داواکاریم لە گەنجانمان ئەوەیە بە دوور بن لە بەفیڕۆدانی کاتەکانی ڕۆژانەیان و بێنە نێو گرووپ و ڕێکخراوەکان و خۆبەخشانە خزمەت بکەن.
خۆشبەختانە لە ھەرێمی کوردستان گەنجی چالاک و زیرەک و دانەری زۆرمان ھەن کە خاوەن وزەی زۆر باشن و دەتوانن ھەنگاوی ئەرێنی بنێن و لە ڕێگەی بیرۆکە و پڕۆژەکانیانەوە خزمەت بە کۆمەڵگەی نێو وڵات بکەن و ھەرێمەکەمان پێشکەوتووتر بکەن، ھەمووان پێکەوە بەرەو کوردستانێکی بەھێز ھەنگاو دەنێین.

"خۆبەخشانە تەگەرەکانمان بڕیوە و ھەموومان پێکەوە ھەنگاوی مەزن و کاریگەر دەنێین"
Top