ژیانی کۆمەڵایەتی لەپێش کۆڕۆنا و دوای کۆڕۆنا
May 22, 2020
وتار و بیروڕا
ژیانی کۆمەڵایەتی پێش کۆڕۆنا بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت بڵێن مرۆڤەکان ھەندە سەرقاڵبوون، ئیتر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وردە وردە خە ریک بوو لەناو دەچوون، بە گشتی مروڤەکان خەریکی کاروپیشەی رۆژانە بوون، ھەروەھا ھاوشانی کاروباریان زیاد لە پێویست پەیوەستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو بوون، کە وای لێھاتبوو ئەندامانی خودی یەک خێزان کە لە ھەمان ماڵدا دەژیان بە ھۆی سەرقاڵ بوون چاویان بەیەک نەدەکەوت، یاخود ئەو پیاوانەی بەھۆی کارو پیشەیان و پەیداکردنی بژێوی رۆژانەی خێزانەکەیان لە ماڵ دەردەچوون، ئیتر ئەو تێکەڵاوی کارەکەی بوو بوو نەیدەزانی ژیان لە ماڵەوە چۆن دەگوزەرێ، ئایا بەبێ بوونی ئەو منداڵەکان چی دەکەن و بە چییەوە خەریکن و چۆن ژیانی خویان بەسەردەبەن، تەنانەت منداڵەکان ئاگاداری ئەرک و ماندووبونی باوک و دایکیان نەبوون، بێ ئاگا لەوەی کە روژانە چەندین کارو پیشە و ماندوبوون و قوربانیدان لە پیناویان ئەنجام دەدرێت. ھەر بۆیە دەتوانین بڵێین پەیوەندییەکان کاڵ ببوونەوە و ریزگرتن و ھەستکردن بە بە رپرسیارییەتی بە بە راورد بە ساڵانی پێشتر زۆر کە مترببوویەوە، ھەموو کەسەکان بێ ئاگابوون لە یەکتر .ئەم دۆخە بەشێوەیەکی روون بە کۆمەڵگەوە دیاربوو، بە رادەیەک ھەرکەسە و بۆ خۆی دەژیا، خەڵک دەژیا بەڵام ھەستی بە خوشییەکانی ژیانی نەدەکرد و ژیانەکەیان چێژ بە خش نە بوو، تەنانەت کێشە و گرفتە خێزانی و دەروونییەکان ھێندە زۆر ببوو، کە ئیتر دەمان بیست ھەر روژە و لە خێزانێک کەسێک کوتایی بە ژیانی خۆی دەھێنا، یاخود تاوانێکی قێزەوەنی ئەنجام دەدا، ئەمەش لە ئەنجامی بێ ئاگابوون لە یەکتر و نەبوونی گفتوگۆیەکی خێزانی و دەرنەبڕینی کێشە وگرفتەکان بویە کتر، ئەویش لەبەر نەبوونی کاتی پێویست بۆ مانەوە لەماڵ و دانیشتن لەگەڵ یەکتر. ھەست و سۆز وخۆشەویستی بە رەو کاڵبوونەوە رۆیشت و یارمەتیدان و ھاوکاری ماددی و مەعنەوی بەرە و کەمبوونەوە رۆیشت بوو.
دەکرێت راستییەک بخەینە روو لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە تەواوی جیھاندا بە ھەرێمی کوردستانیشەوە بڵاو بووەوە، ئەم ڤایرۆسە سەرەڕای بوونی کۆمەڵێک لایەنی خراپ بەڵام چەندین لایەنی باشی لە دوای خوی بە جێھێشت، سەردەمێکی جیاوازتر لە رووی ژیانی کۆمەڵایەتی دروست بوو، حەسانەوەیەک بوو بۆ ژیانی خەڵک لە نێو ئەم کێشمەکێش و جەنجاڵی و سەرقاڵییەی ژیاندا، ئەو دۆخە وایکرد خەڵک فێربێت لە ماڵەوە لەگەڵ خێزانەکانیان بمێننەوە و بتوانن لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ بکەن و لە تەواوی کێشە و گرفت و کاری یەکتر ئاگاداربن و پرس و را بگۆڕنەوە، ،تەنانەت وایلێھات کە ئەوکەسانەی بۆ ماوەیەکی زۆریش بەھۆی سەرقاڵییان نەیان دەتوانی لە ماڵ بمێننەوە، ناچارکران و لە ماڵەکانیان مانەوە بۆئەوەی شاھێدی ژیان و گوزەرانی ماڵ و خۆشویستنی ببن، ھیچ ھۆکارێک نەما بۆ خۆدزینەوە لە ھاتنە نێو ماڵ و خێزانەکانیان، ئیتر مرۆڤ فێری ئەوە بوو کە دابنیشیت و گوێ لە یە کتر بگرن و ریزو خۆشەویستی لە جاران زیاتر بوو، مرۆڤ فێری کۆمەڵێک خو رەوشتی جوان بوو، وەک کات تەرخانکردن بۆ خێزان و خزم و دراوسێ، ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و بیرکردنەوە لە کەسانی کەمدرامەت و ھەوڵدان بۆ یارمەتیدان و کۆکردنەوەی کۆمەک و ھاوکاری بەخشین بەشێوەیەکی بەردەوام . سەرەڕای ئەوەی سەردەمی کۆڕۆنا بەوە سەردەمی وشیاری خەڵک لە رووی خۆ پاکراگرتن و بە ئاگابوون لە تەندروستی و گرنگیدان بە کارەکان بە شێوەیەکی تەندروست و خۆ بە دورگرتن لە چوونە دەرەوەی زۆر تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، نە رۆیشتن بۆشوێنە گشتییەکان و دوورکەوتنە وە لە گردبوونەوە و کۆبوونەوە ھەرەمەکییەکان. ھەموو ئەوانە بوونە ھۆی راھاتن لەسەر ئەوەی کە مروڤ رازی بێت بە و ژیان و ئە وشتانەی کە ھەیە، ھاوکات گەڕانەوەی داھاتێکی زیاتر بۆ کەسەکان بەھۆی کەمکردنەوەی ھەندێک لە خەرجییەکانیان، بۆ نموونە ئاھەنگەکانی بووک گواستنەوە و بازاڕ کردنی زۆر و گەشتکردن کە خۆی لە خۆیدا ئەمانە خەرجیەکی زۆریان پێویست بوو. بەڵام ئیتر ئەمە ناگەینیت کە ژیان لە سەردەمی کۆڕۆنادا تەواو بۆتە ژیانێکی پڕلە خۆشی و حە سانەو ە و ئارامی، چونکە لەم سەردەمەدا کۆمەڵێ لایەنی خراپ پەیدابوو و ساردییەکی بە دواوەھات، لە رووی کارو پیشە و بژێو گوزەرانی خەڵکەوە بێکارییەکی زۆری بەدواوە ھات، کە خەڵکێکی زۆر بێکارمانەوە، ئەویش بەھۆی ترسی خاوەن کارەکان لە قەرەباڵغی و کەمبوونەوەی داھاتی حکومەت و خاوەن کومپانیاکان، لە سە ردەمی کۆڕۆنا بەھۆی وەستانی کارو پیشەکان ئەمەش زیانی دارایی و کۆمەڵایەتی بە دواوە بوو، کەمی سە ردان و ھاتوچۆ بەھۆی بوونی ترس و دڵەڕاوکێ تووشبوون بە کۆڕۆنا، ئەوەش یەکێکە لە لایەنە خراپەکان چونکە دەبێتە ھۆی کەمبوونەوە و ساردبوونەوەیدی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە گشتییەکان، ھەروەھا دروست بوونی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناخی زۆرێک لە خەڵک کە دەکرێت لە دوای نەمان و بنبڕبوونی کۆڕۆناش ئەم شپرزەیی و بارودۆخە ناجیگیرەیان ھەربمێنێ، ترسیان لە دووبارە بوونە وە و سەرھەڵدانەوەی ڤایرۆسەکە، دەکرێت بڵێین ھاتنی کۆڕۆنا دووسەردەمی جیاوازی دروست کرد و لە رووی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە کۆمەڵێک لایەنی باش و خراپی لێکەوتەوە.