کوردستان و کابینەی نوێ

کوردستان و کابینەی نوێ

لە بەرواری ٢٠١٩/٧/١٠ رێزدار مسروور بارزانی بە دەنگی ٨٨ ئەندام پەرلەمان لە پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ھەڵبژێردرا، بەمەش کوردستان لەگشت بوارێکەوە پێی نایە قۆناغێکی نوێ، کە دەتوانم بڵێم بە ڕای سەدا نەوەدی خەڵکی کوردستان سەردەمێکی نوێ و زێڕینە بۆ گەلی کوردستان بەگشت چین و توێژەکانیەوە، چونکە ئەوەی خاڵی سەرەکی و جێی دڵخۆشی کۆمەڵانی خەڵک بوو، پڕۆسەی چاکسازی و نەھێشتن و لاوازکردنی دیاردەی گەندەڵییە لەگشت جوومگەکانی حکومەتدا، ئەوە ڕاستیەکی حاشا ھەڵنەگرە کە توانا و ئیرادەی جەنابی مسروور بارزانی ھەڵقوڵاوی خەباتی لەمێژینە و ئاپۆرای کۆمەڵانی خەڵکە بۆ ھەنگاونان بەرەو بونیادنانی کوردستانێکی بەھێز، ئەگەر بێت و وردبینەوە لە بارودۆخی ئابووری و سیاسی و تەندروستی جیھانی ئەمڕۆ، بەشی ھەرە زۆری مرۆڤایەتی بە کاتێکی ھەستیار و چارەنوسازدا تێپەڕدەبن، بمانەوێت یاخود نا کوردستانیش لەکاریگەریەکانی بێبەش نەبووە و ئەم ھەلومەرجەی لەڕووی سیاسی و ئابووری و تەندرووستیەوە بوونی ھەیە، کەسایەتیەکی وردبین و بەئیرادە و حکومەتێکی کارا و چالاکی گەرەکە، ئەوەش دەبێ بگوترێ کە لەھەرێمەکەمان ھەست بە ئازار و کەم و کورتییەکانی ھاوڵاتیان دەکەین، بەڵام وێڕای سەختی بارودۆخ دەبێ سوپاسگوزاری توانا و ھەوڵ و ماندووبوونی جەنابی سەرۆک وەزیران و خۆڕاگری خەڵک و ماندووبوونی کاربەدەستانی حکومەت بین، لەکاتێکدا جیھان بەگشتی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخێکی سەخت تێپەڕدەبن، وێڕای مەترسی دووبارە سەرھەڵدانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کوردستان ئارامە و لەگەڵ سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای داعش ئاسا کوردستان کەمترین زیانی گیانی و تەندرووستی ھەبووە، کە ئەمەش بە پلان و بەرنامەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھێزو بازووی برا پێشمەرگەکان و ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و دژەتیرۆر و ....ھتد، لە ڕۆژھەڵاتێکی پڕسەختی و مەترسی کوردستان پڕە لە ئارامی، لە ڕۆژھەڵاتێکی تاریکدا وەک تروسکایی ڕووناکی ئومێدبەخش چاومان لە ھەنگاوەکانی جەنابی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کاربەدەستانی حکومەتە و پشت ڕاستین لەوەی گشت بەربەستەکان تێدەپەڕێنین و ئەم قۆناغەش دەبێت بە ڕابردوویەکی لەبیرکراو و داھاتوویەکی پڕ دەستکەوت.
Top