کۆڕۆنا لە کوردستان

کۆڕۆنا لە کوردستان

پرسیارێک خڕ جاران دێتە زەین و بیری نەک خەڵکی عەوام، بەڵکو لۆ پزیشکانیش، ئەویش ئەوەیە ئەرێ خۆ ئەو ھەموو وڵاتە زلھێزە زیڕەیان گرتووە و ترسییان لێ نیشتووە، خڕی دەڵێت: خۆتان و وڵاتتان خۆش بوێت و لە ماڵ بمێننەوە، تەنانەت سەرۆکی ووڵات ھەبوو (ئیتاڵیا) بە چاوێکی پڕ لە فرمێسک، گۆتی: وڵاتەکەمان دووچاری مەترسییەکی یەکجار گەورە بووەتەوە! تەنانەت بێ دەسەڵاتی و بێچارەیی خۆیانی ڕاگەیاند و گۆتی: چاوەڕێی میھرەبانی و بەزەیی خوای گەورەین. وە ئەگەر دەگەل کوردستانی بەراورد بکەیت ئەوا ھەبوو کیفەی سمێڵی دەھات و بە خڕ پیرۆزییەکان سوێندی دەخوارد دەیگۆت: ئەوە چارێن، کۆرۆنا لە کوردستانێ بوونی نییە!؟! حکومەت فێڵاوییە و دەیەوێت مووچە نەدات.
ئەوەی پێویستە ھەموو کەسێک بیزانێت، ئەوەیە کە:

١. ڤایرۆسی سارس - ٢ کۆرۆنا و نەخۆشی (کۆڤید ١٩) ھەردووکیان ڤایرۆسەکە و نەخۆشییەکە نوێن و ھیچیان دەربارە نازانین!؟! وە ڕۆژ بە ڕۆژ زانیاری نوێ لە سەریان وەدیار دەکەوێت. ھەر لەبەر ئەوەی نوێیە، لۆیە: چارەسەری نییە و ڤاکسینیشی نییە!؟!

٢. ڕێژەی تووشبوون: لە ئێستا ھەردوو ووڵاتی زلھێزی ئەمریکا و ڕووسیا لە پلەی یەکەم و دووەم دەن.... تەنانەت لە ئەمریکا ھەتا ئەمڕۆ سەرووی (٨٤) ھەزار خەڵک بەھۆیەوە مردوون، وە ئەگەر بە ڤایرۆسی پەتای ئاسایی بەراوردی بکەیت، ئەوا: پەتای ئاسایی ساڵانە دەبێتە ھۆکار لۆ مردنی (٥٠) ھەزار کەس، ئەوجا لەوێ ھێشتا ڤایرۆسەکە تێزاوەتەوە و ئەو ئامار و داتایە دوا ئامار و داتا نییە! ھەر ئەگەر فەڕەنسا وەربگرین، دەبینین لۆ ئەمڕۆ (٨٣) کەس بەھۆیەوە وەفاتییان کردووە و ژمارەی مردووان لەم ووڵاتە لە (٢٧) ھەزار کەس تێپەڕی؟! ڕووسیا بەس ئەمڕۆ دە ھەزار کەس تووشبوون...ھتد.
ئەمانە خڕی ئەوە دووپات دەکەنەوە، کە: ئەم دەرد و نەخۆشییە ھەروەک ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی لە بەرواری (١١⁄٠٣⁄٢٠٢٠ز) بانگەوازی کرد بووە بە دەرد (pandemic)؛ وە ھیچ ووڵاتێک لێی ھەڵاوێرد ناکرێت و ھەموو کەسێکیش ئەگەری تووشبوونی ھەیە! ھەر لۆیە؛ کووت خۆ خۆشدەوێت، ئاواش ئاگاداری خێزان و کەسوکار و ھاوشاری و ھاوووڵاتی خۆت خۆش بووێت، مانا: پابەندی ڕێنماییەکان بە!

٣. کوردستان: بێینە سەر پرسیارەکە؛ لۆ لە کوردستان وەکو ووڵاتانیتر نەبوو!؟؟ ئەرێ، ھۆکار چییە؟
بێگومان لۆ وەرامی پرسیاری وا، زۆر ئەگەر ھەیە:

ا. تەمەن: بەھۆی زۆر ئاڵوگۆڕی و گۆڕانکاری لە کوردستان و عێراقدا پاش ساڵانی (٢٠٠٠)ەکانەوە نێوەندی تەمەن لە عێراق و کوردستانیش وەکو پارچەیەک لە عێراق کەم بووەتەوە!؟! لە ووڵاتانی ڕۆژ ئاوا ھەر کەسێک بگات بە تەمەنی (٧٥) ساڵی، دەگۆترێت کە: پیر بووە! وە تەمەنی (٨٥) ساڵی، دەگۆترێت: زۆر پیر. ئەدی لای خۆمان، دەبینین کە: بە تەمەنی (٦٥) ساڵی دەگۆترێت پیر و بە تەمەنی (٧٥) ساڵی دەگۆترێت: زۆر پیر.
ئەوجا ھەموو زانیارییەکان ھەتا ھەنووکە ئەنگووست لۆوە درێژ دەکەن؛ کە: ئەم ڤایرۆسە و نەخۆشی (کۆڤید ١٩) بەزۆری دەست لەپیر و بەناوساڵ کەوتووان دەوەشێنێت!؟! ئێ لێرە ئەمە ئەو تەمەنەمان زۆر کەمە....
لە لایەکیدی، ئەوانەی گەیشتوونەتە ئەم تەمەنە؛ لە کنە خۆمان بە زۆری لە ناو خانەوادەکانیان و بەرکەوتنیان دەگەل کوڕ و کچ و نەوەکانیان ھەیە بەڵام لە دەرەوە ئەوان بە زۆری لە تەمبەڵ خانە و خانەی بەساڵاچوانن. لێرەش دەوری دەبێت لەوەی نەخۆشییەکە دەست بووەشێنیت و خەڵکێکی زۆر لات و جۆم بکات.

ب. بۆماوە و بەرگری: ئەوە گومان لەوە دانییە، کە: بۆماوە و بەرگری دوو فاکتەری گرنگن لە ڕووبەڕوو بوونەوەی نەخۆشییەکان لە ناو لەش... ووڵاتانی پێشکەوتوو بە ھۆی ئەوەی، کە؛ ئەوە پیادە دەکەن (دەرمان ژەھرە، تا پێویست نەبێت بەکار نایەت)!! لۆیە؛ کۆئەندامی بەرگری ئەوان دەگەل ئێرە جوودایە و بەرگرییان لۆ زۆر نەخۆشی کەمە!!!!؟
کەچی ئەوەی کوردستان؛ بە ھۆی فەرھەنگ و کەمی ئاستی ڕۆشنبیری و ھۆشیاری دروستی، لاوازی لە سیستەمی خۆراک و تەنانەت لێ نەزانینشی!!!....ھتد. ھەر لە منداڵییەوە دایک باوک جگە لە خۆراکی خراپ و دەرمانی زۆر تەنانەت، دەڵێن: پیسی بە پیسی دەچێت!؟ ھەر لۆیە، کۆئەندامی بەرگری ئێمە ھەندی تەقرە و شەقرە دیتییە، لۆیە: جاقی و جاڕس بووە.

ت. دەوروبەر: لە کاتی بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەکان دەوروبەر ھۆکار و فاکتەری گرنگە لە زانینی چۆنیەتی و چەندێتی بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەکە! ھەر لۆیە، لۆی ھەیە لێرە: شێوازی ژیان، نەبوونی خووی ناپەسەند (کەمتر خواردنەوەی مەی، کەمتر جگەرەکێشان، کەمتر ئاڵوودە بوون بە دەرمان...ھتد)؛ کەمی ڕێژەی تووشبوون بە ئایدز و ئەو نەخۆشییانەی؛ کە: بەرگری لەش کەم دەکات و کەمتر بەکارھێنانی ئەو دەرمانانەی؛ کە: کار لە سەر بەرگری لەش دەکات. جگە لە ھەموو ئەمانەش شێوازی ئەندازەیی خانوو و ماڵەکانمان و شوێن و جێگای زیندەگی...

ج. کۆمەڵایەتی؛ ھەندێک بەھاو و پیرۆزی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ڕەفتار و خووڕەوشت ھەیە؛ کە: لە کۆمەڵگایەکەوە لۆ یەکێکیدی دەگۆڕێت! ھەر لۆیە؛ ئەوە لۆی ھەیە دەوری ھەبوو بێت لەوەی ڕێگر بێت لەوەی ڤایرۆسەکە پتر بڵاو ببێتەوە. ھەتا لۆ نموونەش؛ کە نەخۆشییەکە لە ووڵاتی چین ھەبوو ھەموو دەم ئەوە دووپات دەکراوە؛ کە: ئاو زۆر بخۆنەوە و غەرغەرە زۆر بکەن چونکە ئەگەری بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەکە کەم دەکاتەوە، ئەوجا موسڵمانان ڕۆژانە چەند جار دەستنوێژ دەشۆن چ لۆ نوێژ کردن (فەرزەکان)، چ لۆ کردنی (سووننەت و خوێندنی قورئان) و ھەر جارە و غەرغەرە دەکەن و ھەوکییان خاوێن دەکەنەوە.

د. کەشوھەوا: ڕەنگ بێت، کە: ئەمەش دەوری ھەبوو بێت چونکە لێرە لە ھیکەوە پلەی گەرما بەرز دەبێتەوەە!؟ ھەر چەند ئەم ڤایرۆسە بە درێژایی ساڵ دەمێنێتەوە بەڵام خڕ مەزەندەکات لۆ وەی دەچێت؛ کە: پلەی گەرما بەرز بێتەوە، ئەوا: دەبێتە بەربەست و پچڕاندنی ڕێگای گواستنەوەی ڤایرۆسەکە!
ئەمەش چونکە ئەمە کەینێ ڕازی بووین، کە: ڕێکارییەکان سووک بکرێن، ئەو کاتە بوو کە ئەگەری تووشبوون لۆ کەسێکی ساغ لە کەسێکی نەخۆش کەم بۆوە لۆ یەک! ئەمەش چونکە ئەو کاتانانە خانەگیر بوون و قورمتێنە ڕاگەیاندرا، کاتێک: بە ڕێژەیی لە ھەر ڕۆژێکدا ھەر کەسێکی تووشبوو لە کەمترین ئەگەر (٣.٨) کەسی تووش دەکرد، وە لە زۆرترین ئەگەر (١٠) کەسی تووش دەکرد... مادام ئەگەری تووشبوون کەم بۆوە لۆ یەک، ئەوا: کرا کە ڕێکارییەکان سووک بکرێن.

ھ. ڤایرۆسەکە: ئەم ڤایرۆسە سەر بە بەرەبابێکە؛ کە: لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە ناسراوە، کە: ھەر ئەو کاتیش ناوی لێنرا (کۆرۆنا) بەڵام ڤایرۆسەکە مزیڕ و چەتوونە ھەنووکە و لە ئێستادا تەواو بەرگ و ڕەنگی خۆی گۆڕیووە، ھەر لۆیە ناونرا: ( کۆرۆنا ڤایرۆس سارس - ٢)؛ وە نەخۆشییەکەش ناونرا (کۆڤید ١٩). ئەوجا ئەم ڤایرۆسە ڤایرۆڵانس و تووندییەکەی لە ناوچەیەک لۆ یەکێکیدی دەگۆڕێت چونکە ھەتا ئێستا سێ جۆری (A, B, C) زانراوە، تووندی و ڤایرۆلانسی ڤایرۆسەکە جوودایە. لە لایەکیدی ئەم ڤایرۆسە چێڕە درێژە، وە مزیڕە و مەترسییەکە لەوەیە؛ کە: دیسان ڤایرۆسەکە بۆماوەی خۆی بگۆڕێت و بێتەوە مەیدان..
دەبێت ئەوەشمان وەبیر بێت لە سەروبەندی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەکە و لە کۆتایی ساڵی پار و لە سەرەتای ئەم ساڵ پەتایەک و دەردێک لە کوردستان ھەبوو؛ ھەر لۆیە: خەڵکی عەوام و پزیشکان کاتێک وەبیریان دێتەوە، ئەوا: بە دەپەنجان مۆر دەکەن و دەڵێن کاکە سەت لە سەت ئەوە ئەم نەخۆشییە بووە.

و. دەسەڵات و ڕێکارییەکان: دەکرێت بە ھۆی زوو ھاتنە دەستی دەسەڵات و حکومەتیش بێت؛ کە: زوو ڕێکارییەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا پیادە کرد، ھەروەھا ھاووڵاتیانیش ھۆکار بوون لەوەی گوێڕایەڵ بوون و ھەماھەنگ بوون.

ز. کەمتەرخەمی: ئەوەش لە گوینە، ئەوجا بە ھەر شێوەیەک بێت؛ لۆ نموونە: ڕێژەی کردنی پشکنینەکان لۆ خەڵکی ھەندە نەبێت!؟! یان کەمتەرخەمی لە چەسپاندنی یاسا.... ھەروەک خەڵکی گەڕاوە لە ووڵاتانی دراوسێ ھەبوو بە قاچاغ ھات بوونەوە و خۆی تەسلیم نەکرد بوو ھەتا بچێتە قورمتێنە..

٤. ئێستا: سووککردنی قورمتێنە و خانەگیر بوون مانای نەمانی ڤایرۆسەکە و نەخۆشی (کۆڤید ١٩) نییە و نادات... ھەر لۆیە؛ نابێت پشتێ خۆمان لێ بکەینەوە!! بەڵکو دەبێت زیاتر و بەگووڕتر ڕێنماییەکان جێبەجێ بکەین.
سەیر بکەن؛ ھەر دەگەل کوردستان ووڵاتی (لبنان) لۆ یەک حەفتە دەچێت بڕیاری لادانی قورمتێنە و خانەگیر بوونی لادا و ویستی ژیان ئاسایی ببێتەوە! بەڵام ھەر ئەمڕۆ دیسان و تووندتر بڕیاری خانەگیر بوون و قورمتێنەی لۆ چار ڕۆژیدی دا و تەنانەت ئەگەری درێژ کردنەوەشی زۆر لە گوینە!
لۆیە؛ ئەرکێکی ئایینی و نیشتیمانی و نەتەوەیی و مرۆییە، کە، دەگەل ھەڵگرتن و سووککردنی خانەگیر بوون بەڵام ھەر دەبێت ئاگادار بین و ڕێنماییەکان ھەروەک پێشوو جێبەجێ بکرێت. چونکە ئەگەر وا نەکەین، ئەوا؛ (گوێی شەیتانی کەڕ بێت!) نەوەک وەکی لبنانمان لێ بێت.

٥. ڕێنماییەکان: خڕ جارەکان و ھەر چەند بکرێت بەتایبەت پزیشکان و ڕاگەیاندن گرنگی بەڕێنماییەکان بدەن و دووبارە و دوو پاتی بکەنەوە: لەماڵ بمێنەوە؛ گرنگی بە پاک و خاوێنی بدە، دەستت زۆر بشۆ، دەستت زۆر لە دەموچاوت مەدە، دەستکێش و دەمامک بکە، ئاو زۆر بخۆوە؛ لە دەرەوە لە خەڵک نزیک مەبەوە، لە کاتی وەستان دەگەل یەکێک ھەر نەبێت نێوانتان یەک مەتر بێت؛ وە ئەگەر دوو مەتریش بێت؛ ئەوا: ئەو لا باشتر. دۆقە و ماچوموچ نەمێنێت، کاتێک دەپژمیت؛ ئەوا: یان کلێنکس بە دەم بگرە و بەناو ئەودا بپژمە یان دە قۆڵتدا، لە سترێس و تووڕەبوون و خواردن و خواردنەوەی ناتەندروست و خووی خراپ بەدووربە. ھەتا دەکرێت لە کۆڕ و کۆبوونەوە و حەشاماتی جەنجاڵ و قەرەباڵغ و شوێنی قوژبن و تەسک و بێ ھەواگۆڕکێ بەدوور بە....ھتد.
لۆیە لە ماڵ بمێنەوە نامەوێت لە دەستت بدەم.
Top