ئایا ئێمه خاوه‌نی ئۆپۆزسیۆنین؟!
May 18, 2020
وتار و بیروڕا
ئاشكرایه بوونی هێزی ئۆپۆزسیۆن له هه‌ر وڵات و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا گوزارشته له پرانسیپی دیموكراسى، ئاشكراشه كه سیسته‌مه دیموكراتیخوازه‌كان هۆگری هێزی ئۆپۆزسیۆنن و به پێچه‌وانه‌وه سیسته‌مه دیكتاتۆره‌كان دژی ئۆپۆزسیۆنن.
هه‌رێمی كوردستان له ئه‌رزی واقیعدا هیچی كه‌متر نيیه له ده‌وڵه‌تێكی ته‌واو، هه‌ر له‌ساتی دروستبوونیه‌وه هێزگه‌لێك هه‌بوون، بڕیاری به‌رهه‌ڵستكاريیان داوه و، خۆیان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن له قه‌ڵه‌م داوه، دیاره ئه‌مه‌ش شتێكی حه‌تميیه و مافی خۆیانه، به‌ڵام ده‌بێت ده‌رك به‌وه بكه‌ین، ئۆپۆزسیۆنبوون واته (ڕاستگۆیى، بوێری، پاكی) له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاشتيخوازی و رێزگرتنه له بنه‌ماكانی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاسایشی نیشتمانی.
ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌یری ڕه‌وشی هێزی ئۆپۆزسیۆین بكه‌ین له كوردستان، ده‌بێت بڵێین: یه‌كه‌م له‌دایكبوونی ئۆپۆزسیۆن له راگه‌یاندنه‌وه ده‌ستی پێكرد، كه به هۆی ڕۆژنامه به‌ناو ئه‌هليیه‌كانه‌وه بوو، ئه‌وه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه یه‌كه‌م له‌دایكبوونی ئۆپۆزسیۆن به هه‌ڵه بووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆژنامه نابێـته جێگره‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنێكی حه‌قیقی، پاش ئه‌وه هێزگه‌لێك خۆیان وه‌ك ئۆپۆزسیۆن نیشان دا، كه‌چی له حكومه‌تدا به‌شدار بوون و خاوه‌نی كورسيی وه‌زاری بوون، له كاتێكدا مه‌رجی جه‌وهه‌ريی هێزی سیاسیى ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه‌یه كه نابێت (دوور، یان نزیك له ده‌سه‌ڵات)، له حوكمڕانيدا به‌شدار بێت. وه‌ك ئاشكرایه كاری ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه‌یه شه‌ڕی مه‌نتیقی بكات، نه‌وه‌ك په‌نا بۆ بایكۆت ببات، بۆیه ده‌بینین ئۆپۆزسیۆنی كوردی خۆی له شه‌ڕی راسته‌قینه شاردۆته‌وه، هۆكاره‌كه‌شی ڕاكردنه له به‌رپرسیاریه‌تی، یان بۆ ئه‌وه‌یه ده‌يه‌وێت خۆی لای ده‌نگده‌رانی ڕووسوور بكات، بۆيه په‌نا بۆ بایكۆتكردن ده‌بات. خاڵێكی دى ئه‌وه‌یه، ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن له بارودۆخه هه‌ستیاره‌كان وه‌به‌رهێنانی سیاسی نه‌كات، به‌تایبه‌ت كه هه‌ڕه‌شه‌ی دوژمنان له‌ئارادا بێت، یان وڵات به كاره‌ساتێكی مرۆیی و سرووشیتیدا گوزه‌ر بكات، به‌ڵام ئه‌مه پێچه‌وانه‌وه بۆته‌وه لای ئۆپۆزسیۆنی كوردی! یان ده‌بینین نوێنه‌رانی ئۆپۆزسیۆن بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن، پیاوانی ده‌سه‌ڵات له ژیانێكی شاهه‌نشايی (پاشايى) ده‌ژین و ژیانی ئه‌وان بۆخۆی به‌هه‌شتێكه، به‌ڵام خۆیان بێبه‌ری ده‌كه‌ن له كۆی ئه‌و ئیمتیازاته‌ی وه‌ری ده‌گرن، هه‌مدیسان ئه‌مه‌ش هیچ له‌گه‌ڵ خودی په‌یامه‌كانیان یه‌ك ناگرێـته‌وه، كه بانگه‌شه‌ی دونیایه‌كی جیاوازتر ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ش ته‌واو دووره له ڕاستی كه هه‌میشه به هاونیشتمانیانی ده‌فرۆشنه‌وه، چونكه ژیان و گوزه‌رانی به‌ناو ئۆپۆزسیۆن هیچ جیاوازييه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی ديكه نیيه. خاڵێكی دى كه جێگای هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه، ئه‌وه‌يه كه ده‌بینین له وڵاتانی ده‌ره‌وه هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن یه‌ك ده‌گرن و ئامانجه‌كانیان یه‌ك ده‌كه‌ن بۆ كاری هاوبه‌ش، تاوه‌كو زیاتر خزمه‌تی خاك و نیشتمان بكه‌ن، به‌ڵام لێره ئۆپۆزسیۆنی كوردی به دوای ئه‌وه‌وه‌ن، كامه‌یان زۆرتر كه‌سبی ده‌نگ بكات، له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وی دى، ئه‌مه‌ش ماڵویرانیى سیاسی و كوشنده‌ی سیاسيیه. به هه‌موو ئه‌و پێوه‌ر و پێوانه‌يانه‌ی هه‌ن، هیچ هێزێكی سیاسيی كوردی كه بانگه‌شه‌ی ئۆپۆزسیۆنی ده‌كات، ناچێـه ژێر پرانسیپه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، نه ڕاستگۆن و نه خاوه‌نی ئایدیایه‌كی ڕوونن بۆ داهاتووی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرجار خۆیان هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵاتن و كێكه‌كه ده‌خۆن، پاشانیش ده‌ڵێن: پارته‌كانی ده‌سه‌ڵات سه‌رقاڵی ماڵی میلله‌تن و ده‌بێت بڕۆن و بڕووخێن... ئایا ئه‌مه ناو ده‌نێن چی؟! هێزی ئۆپۆزسیۆن یان هێزیكی سیاسيی دووڕوو و مونافيق؟!. وڵامه‌كه‌شی بۆ ئێوه‌ی به‌ڕێزى خوێنه‌رانی سه‌ربه‌رزی ئه‌م نیشتمانه جێ ده‌هێڵم.