کۆڕۆنا ... قوتابی... ھەژاریی دواجار کۆمەڵگە باجی دیاردەی ھەژاریی لەنێو قوتابیان دەدا

کۆڕۆنا ... قوتابی... ھەژاریی دواجار کۆمەڵگە باجی دیاردەی ھەژاریی لەنێو قوتابیان دەدا

لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانی سەر گۆی زەوی لە حەفت ملیار و نیو مرۆڤ زیاترە, دەگوترێ رێژەی ھەژاری بەلایەنی کەم یەک لەسەر چواری ئەو رێژە پێکدەھێنێت و نیوەی ئەو ھەژارانەش دەرفەتی خوێندنیان بۆ ناڕەخسێ، بۆیە شارەزایان دیاردەی ھەژاری بە ھەڕەشە دەزانن و دەڵێن: راستە کاردانەوەی گەورەی بەسەر کۆمەڵگەکانەوە ھەیە، بەڵام مەترسی ھەرە گەورەی ھەژاری خۆی لە بواری فێرکردندا دەبینێتەوە. ئا بەمشێوەیە کاریگەریی ھەژاری لێکدراوەتەوە کە ئەوسا قەیرانی ئابووری و کایەکانی ژیان بەھۆی کۆرۆناوە رانەوەستابوو... مرۆڤەکان کەم تا زۆر نەکەوتبوونە ژێر گوشاری قەدەغەی ھاتوچۆ و کوارەنتینەکردن، بۆ ئەمڕۆ دەبێت ھەژاری پانتاییەکی زۆرتر و مەترسییەکی گەورەتر و بۆ مرۆڤەکان ھۆکاری مەینەتییەکی سەختتر بێت.
لەو قەیرانەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید نۆزە (کۆرۆنا) نزیکەی ملیارێک و شەش سەت ملیۆن قوتابی لە (١٦١) وڵاتی جیھان لە خوێندن دابڕان کە ٨٠%ی تێکڕای قوتابیانی سەرتاسەری گۆی زەوی پێکدەھێنێت، بانکی نێودەوڵەتی ئاماژە بە (ھەژاری فێرکردن) دەدات و ھەڕەشەی لێکەوتەکانی لەسەر بواری پەروەردە ناشارێتەوە و پێیوایە کە بەر لە ھاتنی شەپۆڵی کۆرۆناش جیھان خۆی گیرۆدەی کێشەی فێرکردن بوو بەشێوەیەک کە رێژەی ئەو قوتابیانەی لە تەمەنی دە ساڵی بوون و توانای خوێندنەوە و تێگەیشتنیان وەکو پێویست نەبوو لە وڵاتانی خاوەن داھاتی کەم و ھەژار گەیشتبووە ئاستی ٥٣%، بانکی نێودەوڵەتی پێیوایە ئەگەر بە بایەخەوە لەو مەترسییە نەڕوانین ئەوا دۆخی پەروەردەیی خراپتر دەبێت و ئاشکراشی دەکەن کە (کاردانەوە خراپەکانی زیاتر منداڵانی چینی ھەژار دەگرێتەوە)؟!.
لەبارەی ھەوڵی وڵاتانی جیھان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بە پەلە بۆ ئەوەی فریای کەرتی فێرکردن بکەون ئاماژە بە پەنابردن بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی کراوە، لەمڕووەشەوە بە ھەوڵێکی باش و دڵخۆشکەر باس دەکرێ و لەگەڵ ئەوەشدا نایشارنەوە کە دواجار بەرھەمی فێربوونی ئەلیکترۆنی لەلایەن قوتابیانی ئەو خێزانانەی کە دۆخی ئابوورییان باشترە سوودی زیاتری لێ وەردەگیرێت.
(لەڕووی درەنگ فێربوونەوە؛ قوتابیانی ھەژار بە مەودای دوو ساڵ لەگەڵ قوتابیانی دەوڵەمەند جیاوازیان ھەیە و لەدواوەن)، ئەوە گوتەی (دکتۆر جون جیریم)ی شارەزایە لە پەیمانگای فێرکردنی بەریتانیا؛ ھەروەھا ئەمە دەرەنجامی توێژینەوەیەکە کە لەسەر قوتابیانی بیست و پێنج دەوڵەت کراوە. بەھۆی لێکەوتە خراپەکانی ھەژاری لەسەر ئاستی فێربوون ئەو شارەزایە روو لە سیاسەتوانان دەکات و پێیان دەڵێت کە لە ئێستادا پێویستە لەسەریان بە ھاوسەنگییەوە بایەخ بە مرۆڤەکان بدەن و رێگە نەدەن منداڵانی خێزانە ھەژارەکان لەدواوە بمێننەوە، بەمشێوەیەی کە ھەیە لەڕووی توانای فێربوونەوە جیاوازی زۆر لەنێوانی قوتابیانی ھەردوو چینی دەوڵەمەند و ھەژاردا بەدی دەکرێ...
کاتێک باس لە ھەژاریی دەکرێ ئەوا لە میانی کایەی فێربووندا پێناسەیەکی جیاوازتر و کاریگەری و دەرھاویشتە و مەترسی زۆرتر بەدوای خۆیدا دەھێنێت کە پەیوەستە بە پاشەڕۆژی مرۆڤەکان و دواجار بەرەو جۆری ئاراستە و رێچکە و ئاییندەی نیشتمان و کۆمەڵگا, لە گۆشەنیگای پەروەردەییەوە ھەژاری لەنێو قوتابیاندا وەھا جیا دەکرێتەوە کە تا چ ئەندازەییەوە پێداویستییە ماددەییەکانی وەکو پارە و ھۆیەکانی ژیانی بۆ فەراھەم کراوە کە رەنگدانەوەی بەسەر دەرکەوتنی رەوشی تەندروستی و نزمبوونی ئاستی کارامەیی و توانای وەرگرتنی زانیارییەکانەوە ھەیە، نەک ئەوەندە بەڵکو تەنانەت گرێدانێکی زۆر بەھێز لەنێوان کەمیی داھاتی خێزان و گرفتی تەندروستی و تێکچوونی دۆخی دەروونی و رەفتارە کۆمەڵایەتییەکاندا ھەیە؛ ئەوەیە کە رەنگدانەوەی بەسەر وەڵامدانەوەی قوتابی ھەژارەوە دەبێت کە تا چ راددەیەک دەتوانێت ھۆش و ھزری جەخت بکاتە سەر زانیارییەکانی پرۆگرامەکانی خوێندن و وەریان بگرێت بێ ئەوەی خەیاڵی بەلایەکی دیکەدا نەڕوات.
(ژینگەی دەوڵەمەند دەبێتە ھۆی درووستبوونی عەقڵی باشتر) ئەوە مانشێتی وتارێکبوو کە لە وێبسایتی (پیسکۆلۆجی تودەی)دا بڵاو ببووەوە و سەرنجی راکێشام، ناوەرۆکی ئەو وتارە باسی لەوە دەکرد کە ئەو منداڵەی لەژینگەیەکی ھەژاردا گەورە دەبێت چانسی ئەوەی لەبەر دەستدا نیە پەرە بە تواناکانی خۆی بدا و سەرچاوە و ھۆییەکانی فێرکردنی ھەبێت، لە دەسپێکی تەمەنی منداڵیدا گەنجینەیەکی پێویست لە وشە و چەمک و دەستەواژەی پێکناھێنێت؛ تەنانەت دایباب بەھۆی نەبوونی داھاتەوە وەکو پێویست خواست و پێداویستی منداڵ بۆ خۆراکی باش و تەندروست دەستەبەر ناکا، ھەتا لەڕووی پزیشکییەوە ھۆکارێکە کاریگەری بەسەر ئاستی گەشەی مێشکەوە دەبێت.
بانکی نێودەوڵەتی داھاتی رۆژانەی تاکی بە پێنج دۆلار و نیو بۆ دیاریکردنی ھەژاریی خەمڵاندووە، بەو واتایەی کە پێوانەی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ھەژاریی ئەوەیە کە داھاتی رۆژانەی تاک بریتی بێت لە (٥.٥$) یان کەمتر ئەوا مرۆڤەکان بەھەژار ھەژمار دەکرێن، بەو پێیوانەیە بێت (ئێمە رێژەکە نازانین؛ وڵامەکە لەلای وەزارەتی پلاندانانی ھەرێم دەبێ ھەبێت کە ئاخۆ سەدا چەندی ھاووڵاتیانی ھەرێم داھاتی رۆژانەیان بریتیە لە پێنج دۆلار و نیو؟ و رێژەی ھەژار لە ھەرێمدا بەر لە کۆرۆنا چەند بووە و لە ئێستادا چەندە؟) لەوانەیە نیوەی دانیشتووانی ھەرێم داھاتی رۆژانەیان نەگاتە ئەوەندە, ئێمە لەڕوانگەیەکی دیکەوە سەیری مەسەلەی ھەژاریی دەکەین کە بۆ رۆژگارێکی وەکو ئەمڕۆ کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیھاندا تەشەنە دەکا؛ جێگای دەستخۆشی و نەوزشە بۆ وەزارەتی پەروەردە کە ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ رزگارکردنی کایەی فێرکردن لەو قەیرانە جیھانییەی تێیکەوتووە ئەویش بە ئامادەکردنی پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی فێرکاریی پاڵپشتیکارەوە, تاکو قوتابیان بەو زانیاری و وانانەدا بچنەوە و خۆیان ئامادە بکەن بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەم کە بە مەرجی تەندروستی و رێکاریی خۆپارێزییەوە ئەنجام دەدرێت, بۆ ئەوەی ئەو ھەوڵ و کۆششە پەروەردەییەی ھەرێم دەرەنجامی باش و سەرکەوتووی ھەبێت بۆ ئێستا و داھاتووش دەبێ ھەموو تواناکان لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەرانی تاکەکان بخرێنە گەڕ لە رێگەی دابینکردنی مووچەی چینەکانی کۆمەڵگا وەکو چۆن ھەمیشە رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە دەکاتەوە کە ئەولەوییەتی کاری حکوومەتی ھەرێم دابینکردنی مووچەیە بۆ فەرمانبەران, چونکە جیا لە فەراھەم کردنی ھەڵومەرجێکی سەقامگیری ئابووری بۆ قوتابیان کە بەشێکن لە خێزانەکان ھەرگیز نابێت چاوەڕێی ئەوە لە قوتابی بکەین کە گیرۆدەی ھەژاری بێت و لە کەمترین پێداویستییەکانی ژیان بێبەش بێت؛ بتوانێت بە ھزر و ھۆشێکی ئاسوودە و ئامادەکارییەکی باشەوە سوود لە قوتابخانەی ئەلیکترۆنی ببینێت و بەشداری تاقیکردنەوە بکات و ئەنجامی باش بەدەست بێنێت.
لە کۆتاییدا سەرنجی مامۆستایەک دەخەمە ڕوو کە دەڵێت: (لە رۆژانی بۆنە و ئاھەنگی قوتابخانەکان کە ھەر قوتابییەک دەبێت بزەی لەسەر لێو بێت, قوتابی ھەبووە بەھۆی نەبوونی جلی جوان و ھەژارییەوە ئامادە نەبووە بچێتە قوتابخانە و لەتەک ھاوڕێیەکانی دڵخۆش بێت) بەو پێیە ئاخۆ چۆن بە دروونێکی ماندوو و شکستخواردوو ئارەزووی خوێندن دەکا و دەتوانێت ئاستێکی بەرزی فێربوون بنوێنێت.
Top