خەباتی كورد لە پێناو پاراستی شوناس وخاك بووە ..
May 13, 2020
وتار و بیروڕا
پێشەكی خۆشەویستی نیشتمان حاڵەتێكی ڕۆحی و ویژدانیە دوور, پەیوەندی تاك و نیشتمان هێندە قوڵ و ڕیشەدارە ئاسان نیە پێناسەیەكی دیاریكراوی بۆبكەین , ئەوەی شارەزایانی ڕامیاری و جوگرافی پێناسیان كردوە كە نیشتمان بریتیە لە: پارچە زەویەك سنورێكی دیاریكراوی هەبێت و گەلێكی لەسەر دەژی... تەنها ڕوخسارێكی مادی نیشتمانە . قوربانیدان بۆ نیشتمان سنووری نیە ڕۆڵەی بەئەمەك كات و ماڵ و گیان لەپێناو سەربەستی و سەروەری نیشتماندا بەشانازیەوە پێشكەش دەكات لێرەوەیە كورد دڵسۆزترین و فیداكارترین ڕۆڵەی نیشتمانی ناوناوە پێشمەرگە. مێژووی ڕابوردوی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كورد باشترین شاهید و گەواهیدەرە..
هەموو ئەو وڵاتانەی دوای پەیمانی سایكس پیكۆ بە پێی بەرژوەندی زڵهێزان و بە شێوەیەكی زۆر زاڵمانە ، خاكی كوردستانیان پێوە لكێنران و بە سەر چوار وڵاتاتدا كوردیان دوور لە ویستی خۆی بەسەر دابەشكرا، ئامانج تێیاندا ، وونكردنی شوناس و بوونی قەیران و جەنگی و ناكۆكیی سیاسی و كۆمەڵایەتیی بەردەوامە كە تا بە ئەمرۆ بەردەوامی هەیە . بەڵام ئیتر دوای سەد ساڵ لەو داگیركاری و دابەشكارییە ، ئیتر بابەتەكان شاراوە نامێنەوە و خاوەن خاك و مافەكان بەدوای بوون و گەڕانەوەی خاك و نیشتیمانی بە زۆر لێكنراو و داگیركراویان دەگەرێن لە چوارچێوەی چوار دەوڵاتی دیكتاتۆروخۆسەپێندا .
بۆ ئیمەی گەلی كورد ، كە خاوەن شوناس، مێژووییەكی پر سەوەری وشانازی و ڕەسەنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین ،قورس و دژوار بووە مانەوە لە چوار چێوەی وڵاتێكی دەستكرد كە نەك تەنها هەوڵی ژێر دەستكردن و پاشكۆكردنی داوە ، بەڵكو لە هەمانكاتیشدا ، تا بە ئەمرۆ هەوڵی برسیكردن و لاوازكردنیشمان دەدات. ئێمە خاوەن ناسنامەی خۆمانین كە ئەویش كوردستانییە ، چونكە شوناس واتا هەستكردنە بە شكۆ و شانازی دەرونی، ئەوە نە بابەتی پارە و كالای مادیی ژیانە، كە لەلایەن دەسەڵات و حكومەتەكانەوە بە گەلێك ببەخشرێ، بەلكوو پرسێكی تایبەت خۆڕسكی هەیە، خوابەخشە بە هەموو نەتەوە و گەلان .كەدەبێ لەخۆتەوە بۆ خۆت بێ. بۆیە ئەم پرسە نە سەركوت دەكرێ و نەلە گرتووخانە رادەگیرێ و نەبە دانوستانی سیاسی و هودنەی كاتی چارەسەردەكرێ، بەڵكوو گەوهەرێكی دەروونی مرۆڤە و دەبێ سەربەخۆیی خۆی وەربگرێ و خۆی شانازی بەخۆیەوە بكات .
شۆرش وتێكۆشانەكانی دوێنی و ئەمرۆمان لە پێناو پاراستنی شوناس و بەرگریكردن لە مافەرەواكانمان و گەرٍانەوەی خاك و نیتشیمان مان بووە و لەو پێناوەشدا ، قوربانیی زۆرمان بۆ بەخشییووە و دەبەخشین . هەموو نەتەوەیەك بە مێژوو، زمان ، كەلتوور و جوگرافیاكەی دەناسرێت ئێمە كوردیش خاوەنی هەموو ئەو رەسەنایەتییەن ، دەبێتە رێبازی شۆڕش و سەرهەڵدانی سەربەخۆخوازی گەلان و، دەولەتانی داگیركەر رووبەڕووی چالنجێكی نوێی تازەبابەت دەكاتەوە، كە بە زەبرووزەنگ و گرتن و تۆقاندن رێگری لێناكرێ و چارەسەری تازەبابەت داخوازێ .
گەلی كورد، زۆر تێكۆشا و خەباتی كورد ، بە ئاشتیانە و گفتگۆ ، مافەرەواكانی لەگەڵ گشت رژێمە یەك لەدوای یەكەكان مسۆگەر بكات ، متمانە دروست بكات ، وەك هاوڵاتییەكی پلەیەك مامەڵەی لەگەڵ بكرێت .بەڵام وەك ئەوەی دوێنی، ئەمرۆ دەبینرێت ، عێراقێك كە خاوەن هیچ شوناس و بنەمایەك نەبێ و هەموو چەمك و ئیمكاناتی ژیان و سیاسەتكردن و بەڕێوەبردن لە لایەن عەرەب قۆرخكراو دەستی بەسەرداگیرا . لەجیاتی ئەوەی گرێبەستێكی شەراكەتی نیشتیمانی ببەسترێ، هەموو گرێبەستە مێژووییەكان هەلوەشێنرانەوە و تالانكاری خاك و زمان، بووە یاسای بنچینەیی یەك زمان و یەك ڕەگەز و یەك دەوڵەتی ساختەی دەستی بێگانە و مانەوەی گەلی كورد بێ سوود و دەرەنگ یا زوو ئەو عێراقەش هەڵدەوەشێتەوە ..لە كۆتاییدا، پێویستمان بە یەكدەنگی و یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی لایەنەجیاوازەكان هەیە لەبەرئەوەی یەكبوون و پشتیوانی یەكدی سەرچاوەی هێزە و شكست و پاشەكشەش لە درز وناكۆكی ناوخۆییەوەیە. لای هەمووان ڕونە مردنی سەربەرزانە لەپێناو دادپەروەری و ئازادی و پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و گیان بەخشین لەپێناو ئەو نیشتمانەی هەموومان لەخۆشی و ناخۆشیەكانیدا شەریك و هاوبەشین سەربەرزیە.