نەتەوەی کورد

نەتەوەی کورد


کاتێک ئێمە منداڵ بووین، لە سەردەمی سەدامدا، ئەگەر ناوی پێشمەرگەمان بهێنایە، یەکسەر دەیانگووت ووسکوت بن دار و دیوار گوێی هەیە، ئاخر ناوی پێشمەرگە ئەمەندە پیرۆزبوو لامان ئەوەندەش قەدەغە بوو لای ڕژێمە خوێنمژەکەی بەعس، لەسەر ناوی پێشمەرگە کوتەکوتە دەکراین، ئەگەر لە کۆڵانێکدا بەشەو بماندینایە لە خۆشیا شاگەشکە دەبووین، ئاخر هەموو ئومێدێکمان ئەوان بوون لە دەستی بەعسییە خوێنمژەکان ڕزگارمان بکەن.
ئێمە لە کات و ساتێکدا گەورەبووین کوڕەکانمان نەیاندەتوانی لەسەری کۆڵانی گەڕەک کۆببنەوە، چونکە مولازم موحسین دەهات و ڕاپێچی دەکردن و پاشان دەیکوشتن و نارنجۆکێکیشی دەخستە گیرفانیان و دەیگووت ئەوانە (موخەڕیببن).
ئەگەر هەریەک لە ئێمە تەنها یەک سەرگوروشتەی خۆی بگێڕێتەوە ئەوا بێگومان چەندەها داستان تۆمار دەکرێت.
لە ١٩٩١ کاتێ ڕژێمە بۆگەنەکەی بەعس گۆڕبەگۆڕ چوو، خەڵکی کوردستان هەناسەیەکی پاکی هەڵمژی، هەرچۆنێک بێت، بە باشە و بە خراپە گەیشتینە ئەمڕۆژە. لەگەڵ ئەوەی هەمیشە دوژمنی دەرەوەی کوردستان و دوژمنی ناوخۆ (بە فیتی دوژمنەکانی دەرەوە) بەهەموو جۆری هەوڵیانداوە ئەم نیمچە سەربەخۆییەمان لێتێکبدەن، بەڵام دڵسۆزانی کوردستان هەمیشە لە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەو هەوڵە قێزوێنەی بایەخی کوردستان و کوردایەتی لەناودەبات.
هەمو وڵاتانی جیهانی پێشکەوتوو و پاشکەوتوو بەهەمو جۆرێک هەوڵدەدەن وڵاتیان بەرز بنرخێنن و ئاڵای خۆیان، سەرکردەیان، نیشتمانیان، ڕابەرە مێژوویەکانیان و سوپاکانیان لاپیرۆزترە لە هەموو پیرۆزیەکانیتر و لە پێش هەموو پێداویستییەکانیایە ، هەندێ بیرتەسک و ساویلکەی کورد هەوڵ دەدەن هەموو ئەمانەی سەرەوە کە ناوم هێنان بیخەنە دواوە، لە کاتێکدا ئێمە وڵات نین، ناتوانین خۆمان بەراورد بکەین لەگەڵ دواکەوتوترین وڵاتیشدا، کەچی بەو ئاڵا مەزنەی کورد دەڵین پارچە پەڕۆ، ئەو پێشمەرگە ئازایە بێبایەخ دەکەن، ناوی سەرکردە مەزنەکان دەشکێنن، ئا ئەمەیە بۆگەنی و ڕزیوی بیر و هۆش.
ئایا کاتی سەدام ڕازی نەبووین بەوەی نانێکی رەقمان هەبێت و سەربەخۆ بین؟ ئەی ئێستا بۆ نە بە نانەکەو نە بەسەربەخۆییەکە ڕازی نین؟
من لێرەدا ئەبێت ئەوە بڵێم کە نکۆڵی لە کەموکووڕیەکانی دەساڵاتی کوردی ناکەم، بەڵێ ئەمەندە هەڵە و کەموکووڕی هەبووە و هەیە، باسی لەسەر بکەین هەر نابڕێتەوە، بەڵام خۆ ئەم کوردستانە ماڵی تاک و دەسەڵات نییە، کوردستان ماڵی هەموومانە ئەو ماڵەیە کە نابێت بهێڵین پۆستاڵی دوژمن پیسی بکات، نابێت ئێمە لە داخی حکومەت و بەرپرس کوردستانەکەمان وێران بکەین، ئاخر ئەوە کوردستانی خۆمانە.
جۆن کەنەدی، سەرۆکی ٣٥هەمینی ئەمێرکا لە وتارێکدا دەڵێت " مەپرسە وڵات چی پێشکەش کردویت، بپرسە تۆ چیت پێشکەش بە وڵات کردوە"، ئایا تۆ چیت بۆ ئەم کوردستانە کردووە تا بەدڵت نەبێت و بیشکێنیت؟ ئاخر تۆ توانیووتە بنێشت و دەستەسڕ و قوتوی بەتاڵ فڕێنەدەیتە سەر جادە؟ ئایا هەوڵتداوە لە بوارەکەی خۆتدا لێکۆڵینەوە بکەیت؟ ئایا توانیوتە وڵاتەکەت بە شێوەیەکی جوان بە جیهان بناسێنیت؟.
ئەوەی هەستی نەتەوایەتی و کوردایەتی تیانییە فەرموو بڕۆدەرەوە لەم ماڵە خاوێنە، ئەم ماڵە جێگەی دڵ پیس و ڕزیوەی تیانابێتەوە، ئەو کەسەی بە هەڵەی تاکێک یاخود تاقمێک دەڵێ " تف لە کوردبوونی خۆم دەکەم" دەبێ دڵنیا بێت، هەموو دنیا تف لە کوردبوونی دەکات، چونکە کاتێک کەسێک خۆی بە سوک و کەم بزانێت ئەوا هەموو کەس بە کەمی دەزانێت و دەتوانێت بەرەو ئەو جێگەیە بڕوات کە تێیدا تف لەخۆی ناکات.
هەستی کوردایەتی و نەتەوایەتی هیچ پەیوەندی نییە بە حوکمڕانییەوە یاخود بە سەرکردەوە، ئەوەی ئەو هەستە بۆگەنە بەگوێی میللەتدا دەخوێنێت،کە کوردستانی شایستەی ڕیفراندۆم نین یاخود ناتوانن دەوڵيت بەڕێوەبەرن، ئەوە دوژمنە نەک دۆست، ئەوە بێ مەبدەئە، بەدڕەوشتە.
بێگوومان هەستی کوردایەتی لە ناخی بەتەمەنەکاندا ئەمەندە چەسپاوە کە بەهیچ جۆرێک بنەبڕنابێت، ئەمە هەندێ لە گەنجە سادەکانمانن کە هەستی کوردایەتی و کوردپەروەری نەماوە یاخود هەموو هەوڵێك دەدرێت کە نەیهێڵن و وایانلێبکەن کە تف لە کوردبوونی خۆیان بکەن.
ئەی کوردی دڵسۆز، ئەی مامۆستا بەڕێزەکانی هەمومان قەرزارتارین، ئەی دایک و باوکە دڵسۆزە خێرنەدیوەکان، ئەی دایکی شەهیدانی دەستی سەدام و دەستی دوژمن، ئەی ڕۆشنبیر و هونەرمەندە سەربەرزەکانی کوردستان، تکایە مەهێڵن دوژمن کاربکاتە هەستی نەتوەییمان، نەکەن بهێڵن ژەنگاویمان بکەن یاخود بمانکەن بە پواز، ئێمە ئاسنین، ئاسن کەس ناتوانێت لەناویببات ژەنگەکەی خۆی نەبێت هەروەها دار پوازی لەخۆی نەبێت ناشکێت.
Top