كوردستان هەرێمە بەڵام بەكردەوە دەوڵەتێكی خۆراگر وبەهێز..

كوردستان هەرێمە بەڵام بەكردەوە دەوڵەتێكی خۆراگر وبەهێز..

كوردستان وەك هەرێمێك بەڵام بەكردەوە وەك دەوڵەتێكی خۆراگر وبەهێز بەرانبەر ، ئەو گەردەلوول و پێشهاتە لە ناكاو و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە لە ماوەی رابردوو، توانیوێتی بە هەموو گەلانی ناوچەكە و دونیا بڵێت كە گوشاروپیلانگێرییە دروستكراوەكانی بەردەمی ناتوانن رێگری لە كاروانی تێكۆشانی بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانی بگرێت و نەك هیچی كەمتر نییە لە هەموو ئەو وڵاتانەی كە دەیان ساڵە سەربەخۆ و دەوڵەتن بۆ رووبەربووبوونەوەی كێشە وقەیرانەكان بەڵكو بە توانانتر مامەڵە و رووبەروویان دەبێتەوە و بەشاهیدی هەمووان سەركەوتنی گەورەی بەدەسهێناوە . بۆیە، دەتوانین بڵێین كە خۆشەویستنی بۆ گەل و نیشتیمان و باوەری پتەو بە كوردایەتیی و وڵات هۆكاری سەڕەكی ئەو پێشكەوتن و سەركەوتننانەن.
ئەگەر هەڵوەستەیەك كورت و پوخت لە سەر سەركەوتنەكانی سێ‌ دەیەی رابردوو بكەین ، دەبینن كە لە سەرٍەتاوە سەڕەرای نەبوونی بودجە و مووچە بەو ئیمكانییەت سنووردارەی كە حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی كوردستان بە بەردەستیان دابووە و بە هەموو كەم كورتییەكانییەوە كە ئاسایین و لە سەرانسەری دونیا و هەموو وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بوونیان هەیە و بە یاسا و ڕێسا هەوڵی چارەسەركردن و بنەبرٍكردنی دەدەن ، بەڵام توانی سیمای رووخا و تێكشكاویی هەرێمی كوردستان لە گشت بوارەكانی خزمەتگوزاری گشت و پەروەردە و پزیشكی و ئاوەردانی بەرەو پێشەوە ببەن و كوردستان ئەگەر لە زۆر بواردا هاوتەریبی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان نەبێ‌ بەڵام لەرووی پێشكەوتنەكانیشەوە هیچی كەمتر نەبێ‌ بەڵكو لە زۆر بوارەكانیشدا پێشەنگە ..
لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو، كوردستان بەهۆی پێشكەوتن و سەركەوتنەكانی هەنگاو بە هەنگاو ، لەلایەك بە هۆی گۆرانكارییەكانی ناوچەكە و لەلایەكی ترەوە بە هۆی سیاسەتە هەڵەكانی دەسەڵاتدارانی بەغدا و بەتایبەت دوای رووخانی رژێمی بەعسی رووخاو رووبەرووی كێشە و كۆسپی زۆر بۆوە .
یەكێك لەو كێشانە جێبەجێنەكردنی مافەدەستوورییەكانی لە پرسی بوودجە و مووچە ، ئینجا پیلانگێری بۆ هێرش و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری كوردستان لەرێگەی هەندێك تاقم و گروپ وكەسانێك بە سپۆنسەری بەغدا و تاران ..
هێرش وپەڵاماردانی رێكخراویی تیرۆریستی داعش بۆ سوریاو عێراق و دواتر بۆ سەر هەرێمی كوردستان و تێكشكاندن یان لە سەر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ئیمكانییەت و چەكێكی بچووك و بەڵام ئیرادەیەكی پۆڵایین و رێبەری و پێشمەرگەیەكی خاوەن بیروهزری نەتەوەیی و نیشتیمانپەوەری و گەلێكی خۆراگروشەهیدپەروەر. هەموو ناوچەكە و دونیا شاهیدییان بۆ ئەو رٍاستییە و قارەمانی وئازایەتی كوردستان دا كە وەك وڵاتێك بە سوپا و تەكنۆلۆژیاییەكی پێشكەوتوو توانیی بە تەنها بە باوەری پتەو بە خاك و نیشتیمان كوردستان و دونیا لە مەترسی تیرۆر بپارێزێت ..
لە دوای 5ساڵ ئەوەی جارێكی تر رووبەرووی كوردستان بۆوە ، ڤایرۆسی مەترسی داری كۆرۆنا بوو كە بینیمان كە ئەو سەركەوتنە گەورەیەی بەسەر كۆرۆنادا تۆمار كرا، بۆ كوردستان سەركەوتنێكی جیھانی و مایەی سەرسڕمان بوو، لەكاتێكدا كە هەموو جیهان بەو ئیمكانییەتە پزیشكیە ، سەروەت و داهاتە رۆژانە تووشی سەدان حاڵەتی مردن و تووشبوون و بێ‌ ئومێدی بوونەوە ، بەڵام هەرێمی كوردستان ، بە گرتنەبەری رێكار و پلانی خێرا و گونجاو و هەروەها دابەزینی نرخی نەوت و گوشارەكانی بەغدا وەك هەمیشە لە بڕینی بەشە مووچە و بودجەی كوردستان توانیی نەك وەك هەرێمێك بەڵكو وەك دەوڵەتێكی بەهێز و بەتوانا بەو ئیمكانییەتە كەمی بەردەستی و بە پشتیوانی خوا و گەلی كورد ئەو ڤایرۆسە كۆنترۆڵ بكات و دواتر قۆناغ بە قۆناغ هەنگاوەكانی ژیان ئاسایی بكاتەوە ..
راستە لەماوەی دوو مانگ دا زیانی ئابووری گشتی و تاكی زۆری لێكەوەتەوە, هەنگاو و رێكاری تووندی ئابووری گیرایە، بەر، بەڵام ، ئەگەر خەمخۆری و دڵسۆزی سەرۆكایەتی حكومەت و تیمە خزمەتگوزارەكەی نەبوایە، ئێستا دیارنەبوو، كە كوردستان بە چ ئاقارێكی ترسناك و وەك وڵاتانی ناوچەكە و دونیا بچوویایە .
- نزیكەی دوو مانگە خەڵك بێكارە، دەی ئەگەر وا نەبووایە، ڕەنگە ئێستە وەك وڵاتانی تر مەرگی خۆشەویستانمان بە چاوەكانی خۆمان دەبینی. پەتاكە جیھانییە، حكوومەتەكانی دنیا نەیانتوانی پێشی لێ بگرن، ئێستە ژیان لە ھەرێمی كوردستاندا ئاسایی بووەتەوە لە سای پلانی ئەم حكوومەتەیە، ئومێدە لە ئایندەدا قەرەبووی زیانەكانی نەخۆشی كۆرۆنایش بكرێتەوە.
بۆیە، جێگەی پرسیارە لە كاتێكدا، هەمووان بە واقعیانە بارودۆخەكە دەبیین كە هەوڵەكانی حكومەتی كوردستانیان بیینووە بۆ پاراستنی كوردستانیان ، هاوشێوەی جەنگی جیهانی تیرۆر لە رابردوو، شانیشان لە بەرپرسیاریەتی خاڵی دەكەن و دەیانهەوێت وەك كابینەی هەشتەم ،هێرشی نارٍەواش بكرێتە سەر كابینەی نۆیەم ، لە جیاتی پشتیوانیكردن لە حكومەتی كوردستان هەمیشە كار بۆ شاردنەوەی سەركەوتنە گەورەكانی كوردستان كراوە .لەكاتێكدا ناوچەكە وجیهان بە سەرسامییەوە دەروانە هەنگاوە وستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەزموونی زۆری لێوەر دەگرن بۆ زۆرێك لە پرسە هەستیارەكان و بەتایبەت رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك ئێستا چۆن وڵاتانی دراوسێی رێكارەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەن بۆ رزگاركردنی هاوڵاتییەكانیان .
لەلایەكی ترەوە، هەنگاوەكانی حكومەتی كوردستان لە گشت بوارەكاندا بە تایبەت چاكسازی و پێشكەوتنی ئابووری بەردەوامە و پێوستە هەموو هێزەنیشتیمانپەوەرەكان چ ئەوانەی بەشدارن لە پرۆسەی حكومرانی و چ ئەوانەی لە دەرەوەن بەراستی ئۆپۆزسیۆنن نەك رووخێنەر و چەواشەكار پشتیوانی هەنگاوەكانی رێزدار مەسروور بارزانی و تیمەكەی لە حكومەتی كوردستان بن بۆ پێشخستن و گەشەسەندنی وڵات وسەركەوتن بەسەر گشت كۆسپ و تەگەرەكاندا .
Top