گەڕانەوە لۆ ژیانی ئاسایی

گەڕانەوە لۆ ژیانی ئاسایی
ھەروەک پێشبینی دەکرا کە ئەو ماوەی خانەگیر و قورمتێنە کردنە ھەتا نیوەی مانگی پێنج ببات، وە دوای ئەوە ووردە ووردە حکومەت و دەسەڵات ڕێکارییەکان تەز بکاتەوە! بەس نابێت لە ھیکەوە خڕ وێکڕا بێت، بەڵکو دەبێت ناوە ناوە بێت، ئەمەش بە گوێرەی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیانیی بێت، ئەوا لە وڵاتی عێراقی فیدڕاڵ کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق ئەگەر و مەترسی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەخۆشی (کۆڤید ١٩) ھەتا سەرەتای مانگی تەمموز دەمێنێت. ھەرچەند وەزیری تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ، گۆتی: دەگەل دەستپێکی مانگی حوزەیران زۆر کەم دەبێتەوە؛ واتا ھێشتا ترس دەمێنێت بەڵام ئەگەری بڵاو بوونەوەی زۆر کەم دەبێت.
ھەر لۆیە؛ کە: بڕیار دراوە لە بەرواری (١١⁄٠٥⁄٢٠٢٠ز) دەوام بگەڕێتەوە، بەتایبەت دەوامی فەرمانگەکان و ھێشتاش دەوامی قوتابخانە و خوێندنگا و زانکۆ و کۆڵێژەکان ناکرێتەوە بەڵکو باشترە بکەوێتە دوای جەژن، ئەمەش چونکە مەرج نییە و نازانرێت دوای دەست پێکردنەوەی دەوام کو دەبێت، چونکە ئەگەر ترس نەبوو ئەوا بەشێوەی بەرەبەرە ژیان ئاسایی دەبێتەوە.
دەگەل ئاسایی بوونەوەی ژیان مانای ئەوە نییە کە ڕێکارییەکانی خۆپاراستن لەم دەرد و پەتایە پشت گوێ بخرێت، بەڵکو دەبێت لە جاران زیاتر گرنگی پێ بدرێت، خەڵک زیاتر ھۆشیار بکرێنەوە. ھەر لۆیە دەبێت ئەم خاڵانە رەچاو بکرێت:

ا. ڕێکارەکان لە سەر ئاستی تاک:

١. خاوێنی تاک: وەک دەست شووشتن، خۆ دوور گرتن لە یەکتری و لە کاتی قسە کردن و وێکڕا ڕاوەستان ھەر چ نەبێت بەینیان یەک مەتر بێت، بەکار ھێنانی دەمامک و دەست کێش، کە ھاتیەوە ماڵەوە ھەتا بکرێت دەست لە دەموچاو نەدرێت ھەتا دەستت دەشۆیت، گرنگیدان بە پاک و خاوێنی خۆت و ماڵەوە. خۆراکی دروست و خەوی چاک و دوور بوون لە پشێوی و سترێس.
٢. لە ماڵ بمێنەوە: ھەتا بکرێت مەگەر لۆ کارێکی پێویست دەنا ھەوڵ بدە لە خۆڕا نەچییە دەرەوە!
٣. نەخۆش؛ کە زانیت نەخۆشیت ھەیە یان تا و کۆخەت ھەیە ھەتا (کۆڤید ١٩)ەش نەبێت ئەوا ھەوڵ بدە نەچیتە دەرەوە.
٤. لە شوێنی قەرەباڵغ و کۆڕ و کۆبوونەوەی کە خەڵکێکی زۆر دێت بەدوور بە!

ب. کۆمەڵگە: ھێشتا ئەم نەخۆشییە تەواو بنبڕ نەبووە و ھیچ چارەسەری نییە و ھیچ ڤاکسینی نییە! ڤایرۆسەکە توانای تەنینەوە و تێزانەوەی یەکجار زۆرە! لە تەنیشت ئێمەوە وڵاتەکانی؛ وەکو: تورکیا و ئێران زیڕەیان لێ ھەستاوە... لۆیە ئێمەش ھێشتا مەترسیمان لە سەر ماوە. کەواتە دەبێت کۆمەڵگە ھاندەری خەڵک بێت لەوەی کە ئەم نەخۆشییە گۆترە نییە و ئەگەری ھێشتا ماوە.
ئەوجا:

١. کۆڕ و کۆبوونەوە نەمێنێت. خەڵک ڕێنمایی بکرێت، لەوەی پاک و خاوێنی کۆمەڵگە بپارێزێت. خەڵک دەبێت ھەماھەنگ بێت لەوەی پاک و خاوێنی شوێنە گشتییەکان بپارێزێت.

٢. مرۆڤە ڕۆناکبیر و ڕۆشنبیرەکان بە ئەرکی سەرشانیان ھەڵبستن، ھەوڵ بدەن ھۆشیاری دروستی و ڕۆشنبیری بڵاو بکەنەوە.

٣. پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی: ھێشتا شەڕی کۆرۆنا کۆتایی نەھاتووە، ئەوە نەبێت کەمێک لە ڕێکارەکان تەز بوونەتەوە! لۆیە ھەمدیسان دەبێت زانیاری دەربارەی ڤایرۆسەکە و نەخۆشییەکە بڵاو بکەنەوە، نیشانەکان و شێوازەکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکە ڕوون بکەنەوە و ئەگەر چ نیشانەیەکت ھەبێت، ئەوا بێیت سەردانی دامەزراوە تەندروستییەکان بکەن.

٤. خووڕەوشتی گشتی: ئێستا وەکو ھەلێک بقۆزرێتەوە بەوەی کە شوێنە گشتییەکان تەمیز ڕابگرن، نەکەن بەڵغەم و خویز و تف فڕێ بدەن، نابێت دەستەسڕ فڕێ بدرێت، نابێت لە کاتی پژمین دەست بەدەم نەگیرێت...ھتد.

٥. گرنگی پێکەوە ژیان و یەکتر خۆشویستن و پێویستی بوون بە یەکتری ڕوون بکرێتەوە، ھەروەھا خۆشەویستی و مرۆڤبوون بڵاوەی پێ بکرێت. ھەوڵ بدرێت، کە بەھا و پیرۆزی و سیفاتە جوانەکانی کوردەواری پیادە بکرێت و نوێ بکرێتەوە.

ت. دەسەڵات: حکومەت و دەسەڵات دەبێت ھەموو ھەوڵ و کۆششی بخاتە گەڕ ئەم رێکارە پێویستانە لەبەرچاو بگرێت:

١. یاسا پیادە بکات: دەگەل سووککردنی ڕێکارییەکان ھێشتا چاودێری تەواو بکات لەوەی نەوەک نەخۆشیەکە دووبارە سەر ھەڵبداتەوە، بە ڕاستی ڤایرۆسەکە و نەخۆشییەکە چەتوون و مزیڕن! ئەوەشمان وەبیر بێت نە ڤایرۆسەکە و نە نەخۆشیەکە لۆمە نەناسراون. لۆیە ھێشتا ئەگەری تووشبوونی خەڵک ماوە! دەوام بوونەوە مانای ئەوە نییە نەخۆشییەکە نەماوە بەڵکو سوپاس لۆ خوای گەورە مانای وایە، کە: بە ھۆی ئەوەی زوو وەخۆ کەوتین ژمارەی نەخۆشەکانمان کەمبووە.

٢. ڕاگەیاندن: دەسەڵات نابێت درێخی لە زیاتر بڵاو کردنەوەی ھۆشیاری دروستی بکات، بەڵکو لە جاران زێدەتر گرنگی بدرێت و ھەموو ڕێکارییەکان و تەنانەت داتا و پێشکەوتنی نەخۆشییەکە لۆ خەڵک بڵاو بکرێتەوە.

٣. ڕێکارییەکان: دوای دەست پێکردنەوەی دەوام بێگومان باشترە ھەتا سەرەتای مانگی تەمموز بەشێوەی نیوە دەوام و بە نیوەی دەستی کار بێت، دوای جەژن دەوامی قوتابخانە و زانکۆکان دەست پێ بکاتەوە. لۆ سەرەتای مانگی تەمموز ژیان بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە.

٤. سنوورەکان: دەبێت حکومەت و دەسەڵات ھەتا سەرەتای مانگی تەمموز سنوور و فڕۆکەخانەکان نەکاتەوە ھەروەھا ھاتووچۆی کەسانی لایدە و غەوارە زۆر کەم ببێتەوە. ھێشتا ھەتا سەرەتای مانگی تەمموز ھەر کەسێک گەڕاوە ئەوا خانەگیر بکرێت و چاردە ڕۆژ بمێنێتەوە وەکو سەرەتای بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەکە.

٥. پشکنین و بەدوا داچوون: ڕاستە ڕێکارییەکان بە شێوەیەک کەم دەکرێتەوە بەڵام مانای ئەوە نییە کە تەواو ئێمە تووشی نایەین!؟! ھەر لۆیە پێویست دەکات لە جاران بەگوڕتر و تووندوتۆڵتر حکومەت و دەسەڵات وەخۆ بکەوێت، ھاوکات ھەوڵ بدات تاک و کۆمەڵگا جلەوکێش بکات، ھەتا بە ھەمووان و بە سانایی لەو دەرد و پەتایە قوتار ببین و ھەماھەنگی بە ئەرکێکی ئایینی و نیشتیمانی و نەتەوەیی و مرۆیی بزانین.
Top