كوردستانێكی بەهێز موڵك و ئاواتی هەموو كوردێكی دڵسۆزە ..
May 9, 2020
وتار و بیروڕا
كوردستان ئەو نیشتیمانەیە ، كە لە ماوەی سەدەی رابردوو و هەروەها لە پێناو پاراستنی مێژوو و شكۆ و گشت دەسكەوتەكان تا بە ئەمرٍۆ زەریاییەك خوێنی بەخشیووە و تا داری ئازادی گەشەبكات و گەلی كورد بە مافەرەوا زەوتكراوەكانی شاد بێ . هەرێمی كوردستان نموونەیەكی جوانی حكومرانی گەلی كوردستان بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەكە و جیهان و بەكردەوەش سەڵمێنەری ئەو راستییە بووە كە سەرٍەرایی گشت كەم كورتییەكان و كۆسپەكانی بەردەمی سەركەوتووانە توانیوێتی ئاشتی خوازی و حكومرانی خۆی بسەڵمێنێت پێویستە هەردەم لە هەوڵی گەشەپێدانیدا بین، تاوەكو رۆژ بە رۆژ وابكرێت ببێتە نموونەیەكی حوكمڕانیی گەشە سەندو و بەرەو ئاراستەی سەربەخۆیی و تۆكمە بونی ببەین، لەم سۆنگەیەشەوە ئەوەی زۆر گرنگە وەكو ئەركێكی نەتەوەیی ئاراستەكردنی رای گشتییە رووەو خۆشەویستیی نیشتمان و گرنگی پێدانی خەڵك و خاكی كوردان و قەوارە سیاسییەكەی و ناساندنی ئەو ستەم و زوڵمەیە كە بە درێژایی مێژوو لە نەتەوەی كورد و خاكی كوردان كراوە، هاوكات پەروەردەكردنی تاك لە سەر گرنگیی مافی هاووڵاتی بوون و چەمكەكانی مافی مرۆڤ و نەتەوەكەمان .
ئەگەر ئاوڕێكی وردبینانە لە \ 29 ساڵی رابردوومان بدەینەوە، دەبینین كە حوكمڕانیی خۆماڵی بە هۆكارەكانی حزبچێتی و خۆپەسەندی و بەرژەوەندیی تەسكی كەسی و حزبی و دەستی دەركی و خۆگرێدانی بەشێك لە لایەنەكان بە بەرژەوەندی ئەملاو ئەولاوە، یان بە هۆكاری كەم ئەزمونی و بێ ئەزمونیی حوكمڕانی خۆماڵی بۆ خۆی، نەیتوانیوە رای گشتی بە ئاراستەی خواستە رەواكانی نەتەوەیی تۆكمە بكات و بیبات، لە هەمان كاتیشدا لێدانی قەوارەی خۆماڵی باشوور بكاتە هێڵی سوور بۆ هەر لایەن و تاكێك لە ناوخۆدا، لێرەدا ئەم بابەتە هەرگیز نایەوێت ببێتە بەرگریكار لە گەندەڵكاران، جا ئەوانە لە هەر پلەو پۆستێكدا بن و هەر ناوو نیشانێكیان هەبێت، بەڵام ناشكرێت بەناوی لێدانی گەندەڵكاران و قۆرخكاران و بە ناوی ركابەریی سیاسی و ئۆپۆزسیونەوە، خودی حكومەتی هەرێم بكرێتە ئامانج، یان سیمبولە مێژوویی و نەتەوەییەكان بكرێنە ئامانج.
لە كاتێكدا باش دەزانرێت ئەم حكومەتە خۆماڵییە بە نەیارانی سەر سەخت هەر چوارلای گیراوە و، هەردەمیش ئەو نەیارانە لە بۆسەدان بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەكانی ئەم حكومەتە، بەڵام خۆ دەكرێت لە ناوخۆی هەرێمدا ركابەریی سیاسی و ململانێ هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت ئەو هۆكارە ببێتە لێدان و ناشیرینكردنی قەوارەكە و سیمبولەكانی بەرخۆدانی كوردایەتی، وەكو ئەوەی پێشتر لە بەغدا بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە روویان دا، دەبێت هەمووان باش ئەوە بزانن كە قەوارەی هەرێمی كوردستان تەنیا موڵكی دانیشتووانی ئەم هەرێمە و هێزە سیاسییەكانی نییە؛ بەڵكو موڵكی تێكڕا دانیشتووانی كوردستانە و یەكەم وێستگەی هەنگاونانە بەرەو سەربەخۆی خەڵك و خاكی كوردان، بۆیە هەر هەنگاوێكی هەڵەو هەر دەست بۆ بردن و دەست تێكەڵكردنێك لەگەڵ نەیارانی هەرێم بە مەبەست بێت، یان بێ مەبەست؛ نەمان و لاوازكردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی لێدەكەوێتەوە و ئەوەش دەچێتە خانەی خیانەتی گەورە و نیشتمانییەوە، لێرەوە ئەو هەلومەرجانەی ئێستا هاتوونەتەئاراوە، دەكرێت باشترین هەل بێت بۆ هێزگەلی دەسەڵات و ركابەریش تاوەكو ناوماڵی كوردان زۆر بە خێرایی یەكبخرێتەوە لە پێناوی پرسە ستراتیج و گرنگەكاندا. هەروەها لە سەروبەندی سەركەوتن بە سەر جەنگی كۆرۆنا ئەوا نەیارانی كورد ، هەمیشە هەوڵیان داوە و ئەمرٍۆش هەوڵدەن بە ئاژاوەگێری و دووربەرەكی و ناكۆكیی لە نێوان ریزەكانی كورد ، ئەوا بەخەونی خۆیان كوردستان ناشیرین پیشان بدەن بەتایبەت كە كوردستان دروشمی چاكسازی و ئاوەدانی و پێشكەوتنی دوای 5 ساڵ لە جەنگ و نائارامی بەرەو ئایندەیەكی گەش بۆ میللەتەكەمان بەرزكردۆتەوە و جێبەجێیان دەكات ..