دوای کەرەنتین...

دوای کەرەنتین...

سروشتی ژیان وایە کە ھەموو شتێک تەواو دەبێت و قۆناغێکە، بەڵام گرنگە لە ھەر قۆناغ و شتێکدا ئەزموون ھەبێت و بابەتەکە بەشێوەیەک نەیەت و نەڕوات، کە لە بیر بکرێت، تەنانەت ئەزموونی ژیانی ھەر کەسێک وانەیەکە، وانەکانیش بەیەکەوە کۆمەڵە ئەزموونێکە و دەکرێ مرۆڤی دواتر سوودیان لێ وەربگرێت، چونکە ئەگەر ئەزموون لە شتەکان و قۆناغەکان و مرۆڤەکانی پێش خۆمان وەرنەگرین لە خاڵی چەقبەستوودا دەمێنیەوە و لەگەڵ کێبڕکێی کۆمەڵگاکانی دیکە دوادەکەوین.
کەرەنتین بە ھۆی پەتای کۆڕۆناوە خەریکە بەرەو تەواو بوون دەچێت، چەند گرنگە سەرکەوتن بەسەر پەتاکە و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ھێندەش گرنگە لێرەدا ئەزموونێک ھەبێت، یان دوای کەرەنتین چی دەیکەین؟ دەکرێت پرسیار بکەین، ئەو دۆخە چی لێ سەندینەوە و چی پێداین؟، چی فێربووین؟، وەڵامی ئەو پرسیارانە دەکرێ بە گشتی و دەشکرێت بە تاییەت ھەر کەسێک بۆ خۆی بداتەوە، ھەیە لە قۆناغی کەرەنتیندا دەڵێت من ئەوەندە کتێبەم خوێندوەتەوە و خۆم فێری ئەو کارە کردوە....ھتد، ئەوە وەکو تاکەکە کەس، بەڵام بە گشتی بۆ کۆمەڵگا ئەگەر وەڵامبدەینەوە ھەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە کەرەنتین پێی وتین ژیان رۆژەکانی دووبارە نەبوون، ھەر رۆژەی تامێکی خۆی ھەبووە، ئەوە کاتێک شەقامەکانمان لێ سەندرایەوە درکمان پێی کرد، تەنانەت لە سەردەمی کەرەنتینیشدا ژیان دووبارە نەبوو، چونکە ھەر فێربوونێکی ئەمڕۆ لەگەڵ سبەی جیاوازی زۆر دەدات بە ژیان، ئەگەر مرۆڤەکان خۆیان بیانەوێ، جگە لەوە ھەموومان لەوە گەیشتین کە پێویستە ئەزموون وەربگرین لەوەی کە بۆ ھەمیشە پاک و خاوێن بین و خۆمان بۆ قۆناغی سەختیش ئامادە بکەین، کە ناکرێ نانی سبەی ئەمڕۆش بیخۆین و گوێی پێ نەدەین، ئەوە وانەیەک بوو ھەم بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا و ھەم بۆ دەسەڵاتی سیاسیش کە بەھۆی کۆڕۆناوە نرخی نەوت ھاتە ژێر سفر، کە ھەرێمی کوردستان بە پلەی یەک پشت بە نەوت دەبەستێ، لەبەرئەوە گرنگە دوای کەرەنتین ئەوە بە ئەزموون بکەین کە پشت بەستن بە یەک سەرچاوەی ئابووری ھەڵەیەکی ستراتیژەو دەبێت بۆ بەردەوامی ژیان ھەموو سێکتەرەکان وەکو یەک ھەنگاو بنێن، ھەروەھا بوونی کاڵاو شت و مەکی ناوخۆیی گەرەنتی ژیان دەدات بە ھەر کۆمەڵگایەک کە خۆی ھەیبێت، خاڵی گرنگی ھەر ئەزموونێکیش ھەر کە چۆن ژیانی مرۆڤ بەندە بە تەندروستی باشەوە، بەھەمان شێوەش پەروەردەیەکی باش، کە کەڵکی لە ئەزموونەکان وەرگرتبێت گەرەنتی تەندروستیە باش دەکات.
بۆ تاکیش گرنگە ئیتر پلانی باشتر و دوورتر دابنێین، ئەوەی ئەمڕۆ ھەمانە بەشێکی ھەڵبگرین بۆ سبەی.
Top