عێراق وڵاتی قه‌یران

عێراق وڵاتی قه‌یران

ئه‌مرۆ عێراق له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر گیردۆده‌ی ده‌ستی گروپی مافیا گه‌رایی و دەست تێوەردانی وڵاتانی هەرێمی و وڵاتانی ترە،‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ عێراق ده‌گوزه‌رێت هه‌رگیز گوزارشت ناکات لە ئارەزووی زۆرینەی عێراقیه‌كان، لەبەر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م و كۆتا قوربانی‌ خودی هاوڵاتیانی عێراقە به‌ سەرجەم پێکهاتەکان وەک (كورد و شیعه‌ و سونه‌وه‌)، عێراق وڵاتێكه‌ بۆ ته‌سفیه‌ی حیساباتی وڵاتان و خۆ دۆڵه‌مه‌ندكردنی چه‌ند كه‌سێکە هه‌رگیز ئاوا به‌ ئاسانی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێناكرێت ببێته‌ وڵاتێكی نمونه‌یه‌یی له‌ ره‌فاهیه‌ت و په‌یڕه‌وركردنی سیسته‌می دیموكراسی و پارێزگاریکردن له‌ مافه‌كانی مرۆڤ، بە دیدی من نەتەوەی كورد وه‌ك به‌ شێكی گرینگ له‌م سیسته‌مه‌ سیاسیه‌ ناگات به‌ مافی ڕه‌وایی خۆیی وەک مافە دەستوریەکان و هاوبەشیکردنێکی درووست لە کایەی حکومڕانی، چونكه‌ عه‌قڵیه‌تی حوكمڕانی له‌ عێراق جێگایه‌كی دیاری بۆ كورد تێدا نابێته‌وه‌ هۆکارەکەشی قەیرانی حکومە لە عێراق.جگە لەوە هاوبه‌شی پێکردنی کورد بەشێوازێکی ڕاسته‌قینه‌ نامۆیە لە دیدی ئەو عەقڵیەتەی جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە لەو وڵاتەی ناوی عێراقە.
بابه‌تی حوكمڕانی له‌ عێراق یارییه‌كی ترسناكه،‌ چونكه‌ پڕه‌ له‌ یاریزانی ترسناك ئه‌وه‌ی ترسناك نیه‌ و به‌په‌ری دڵسۆزیه‌وه‌ په‌رۆشیی حوكمێکی شایسته‌ دەکات كورده‌ لە هەرێمی کوردستان، بۆیه‌ هه‌میشه‌ كورد بۆته‌ ئامانجی ئه‌وانی دیكه‌، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ كوردیش به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ بكات كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
هیچ تروسكایه‌كی ئومێد به‌خش نیه‌ لە عێراق، بۆیه‌ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ڕۆژمێری سه‌خت تێده‌په‌رێت و عێراقیه‌كان بیر له‌ ووڵاتی دووه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ژیانكردن لە گەڵ ئەوەشدا نایشارینه‌وه‌ ئه‌م باروودۆخه‌ ناسه‌قامگیرییه‌ی ئێستا لە عێراق دا هەیە كاریگه‌ری سلبی به‌سه‌ر ڕه‌وتی ژیان له‌ هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه،‌ چونكه‌ زۆر مافی یاسایی کورد بە پێێ دەستوری عێراق بۆ کورد دەستەبەرکراوە، بەڵام بە بیانووی ناڕەوا نایدەن.
كات ده‌ڕوات به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی كه‌سی به‌لاوه‌ گرینگ بێت وه‌ كێشه‌كانی عێراقی بۆچه‌ند ده‌یه‌كه‌ هه‌روه‌ك خۆیه‌تی، ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه‌ یه‌كده‌نگی و یه‌ك هه‌ڵوه‌ستی كورد كۆتا بڕیاریان بێت بۆ ده‌رچوون له‌م قه‌یرانی حوكمڕانیەی لە عێراقدا بوونی هەیە، لەهەمووی گرینگتر ناکرێت هیچ حزب و لایەنێک ئارەزوو بۆ مانەوە لەگەڵ عێراقێکدا بخوازێت کە پڕە لە قەیران و ناڕوونی، چونکە ئەوەی ئارەزووێکی لەم چەشنەی هەبێت خۆڵ دەکاتە چاوی هاونیشتیمانیان.
Top