کۆرۆنا: تۆڵەسەندنەوەی سروشت لە مرۆڤ (خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیانە)
May 4, 2020
وتار و بیروڕا
بە پەیدابوون و سەرھڵدانی کۆرۆنا زۆر پرسیار لە مێشکی مرۆڤدا گەڵاڵەبوون. بۆچی کۆرۆنا پەیدا بوو؟ لە وڵامێکی کۆرتی ئەم پرسیارە دەبێ زۆر راشکاوانە بگۆترێـت ئەمە تۆڵەسەندنەوەی سروشتە لەو مرۆڤەی خۆی پێ پیرۆزە و ئەم چەندە بۆوەتە ھۆکاری ئەوەی کە لە خۆ بایی ببێ و دەستدرێژی بکاتە سەر سروشت.
خۆ بە پیرۆز زانینی مرۆڤ بۆوەتە ھۆکاری خۆد-تەوەری مرۆڤ، ھاوشێوەی ئەوەی کە ژان پیاژێ دەروونناسی بەناوبانگ دان بە بوونی دەنێت لە قۆناغی سەرەتایی منداڵێتی دا، بەو جیاوازییەی کە ئەوەی لە قۆناغی منداڵێتی روودەدات بە شێوەیەیکی نەستی یە، بەڵام لە نموونەی مرۆڤی مەزندا تەواو بە پێچەوانە و زۆر ئاگایانە و بە ئەنقەست روودەدات. ئەو کارەی مرۆڤ وایکردووە وا بیر بکاتەوە و وا لێکبدات کە گۆی زەوی تەنانەت گەردوون تێکرا بۆ خزمەتی ئەو خۆڵقێنراوە بۆیە مافی ئەوەی ھەیە ھەر کارێکی ویست ئەنجام بدات. بۆ نموونە ئەو پیسکردنەی کە بە ئەنقەست روودەدات و بەرھەمی سەدان و ھزاران کارگەی بچووک و زەبەلاحی پترۆکیمیای و ئەتۆمی و ...ھتد، کە ژینگەی تێکداوە و بە تایبەت ھەوا و ئاو و خاکەکەی.
لە نموونەی کۆرۆنا( چ وەک ھەندێ کەس وای بۆ دەچن دەستکردە و چ خۆرسک پەیدا بووبێت)، دا مرۆڤ لە ژێ{ چەتری بیروباوەری خۆ بە پیرۆز زانینی خۆی چۆوەتە نێو بازنەی خۆراکیەک کە مافی نیە بچێتە ناوی و گۆشتخۆاری وای لێکردووە دەست بۆ خواردنی شەمشەمەکوێرە یان ھەر خواردنی ھاوشێوە ببات، کە ئەمەش لە لایەن سروشتەوە قابیلی قبووڵ نیە و دەبینین لە تۆڵەی ئەو دەستدرێژییەی مرۆڤەوە، سروشت چی بە مرۆڤ کرد. وەک بە بادینی دەڵێن " دەست و پێ لێکرنە د زکیدا"!
تا ئەو ساتەی ئەم گۆتارە نووسراوە زۆر روون و ئاشکرا نیە کەی مرۆڤ دەتوانێ دەرمانێک لە دژی ئەو پەتایە دروست بکات بەڵام گیان لە دەستدانی زیاتر لە ٢٧ ھزار مرۆڤ تا ئەم ساتە وانەیەکی مەزنی سروشتە و تۆڵەسەندنەوەیەکی کەم نیە کە پیشانی دا ئەو مرۆڤە لە خۆ باییەی کە لە کێبڕکێی دروستکردنی چەکی پێشکەوتوودا، شانازی بە خۆی و وڵاتەکانیان دەکرد، ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بچووکترین گیانەوەرانی ئەم گەردوونە، تەنانەت و وەک لە رابردووش و لە گۆتارەکانی دیکەی خۆمدا ئاماژەم پێداوە، لە مێرووستانێک بگرە زۆریش بێ دەستھەڵات و ناتوانا و لاوازترە لە بەرامبەر سروشتدا.
ئەو کۆرۆنایەی تەنھا بە ئامێرە ئەلکترۆنیەکان دەبیندرێت تەنگی بە مرۆڤ ھەڵژنیوە. ئەو مرۆڤەی خۆی بە ئیمپراتۆری بوونەوەرکان لە قەڵەم دەدا لە سایەی کۆرۆنا داد و بێدادیەتی. کۆرۆنا ناچاری کردووین زیاتر بیر لە سروشت بکەینەوە و زیاتر رێز لە سروشت و بوونەوەر و گیانەوەرەکانی بگرین تەنانەت بچووکترینیان بگرە مێروستانەکان و ... ھتد.
ئەگەر مرۆڤ توانی بە دۆزینەوەی پێکۆتەیەک رێگە لە تەشەنەکردنی ئەم ڤایرۆسە بچووکە بگرێ ئەوە شاھکاری کردووە، ئەگەینا دەبێ چاوەروانی ئەوە بێ کە سروشت بە نیازی ئەوەیە لە سەدەیەکی نوێدا سەر لە نوێ خۆی رێکبخات و ئەو مرۆڤە خۆپەرستە لەسەر گۆی زەوی کەم بکاتەوە. بەڵکۆ رێژەی مردووان خۆی لە مەلیۆنان کەس بدات. ئەم کارە بۆ سروشت ئاسانە و بەڵگەش زۆر کارەساتی پێشووتری سروشتین وەک بیڤەلەرزە و تسۆنامی و ...ھتد، کە سروشت زۆر بێباکانە لەگەڵ مرۆڤ ئەنجامیداوە.
سروشت بەم ڤایرۆسە ویستوویەتی مرۆڤ لەسەر رێبازێکی نوێ پەروەردە بکات. مرۆڤێک کە دەست لە خۆ پیرۆز زانین ھەڵگرێ و رەفتارەکانی لە ژینگەدا بەرپرسیارانە بێ و لە خۆد-تەوەری بۆ ژینگە-تەوەری بگۆازێـەوە، تا ئاستێک کە ژینگە لە دەست مرۆڤەوە رازی ببێ و لە ئارامی و ئەماندا بێ. ئەو مرۆڤەی کە رەفتارەکانیشی تەنانەت لە سەردەمی کۆرۆناش و لە دژی کۆرۆناش ھێشتان دژی ژینگەیە. رشاندنی شارەکان بە دەرمانی ژەھراوی، لە کاتێکدا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست بووە و لە دەروونی جەستەی مرۆڤەکاندایە نەک لە ژینگە و نێو کۆڵان و شەقامەکان، و لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگۆازرێتەوە نەک لە ژینگە بۆ مرۆڤ. یان شووشتنی دەست بۆ ٢٠-٣٠چرکە، و بە فێرۆدانی بڕێکی زۆر ئاو لەو چەند چرکەیەدا ھەمان ئەو رەفتارە ھەڵەیانەن کە بە ھۆیانەوە ئەمرۆ دەبینین مرۆڤ کەوتووتە چ دۆخێکەوە. رەفتارەکانی تریشی بە ھەمان شێوەن. سروشت بە ھۆی کۆرۆناوە وانەیەکی دایە مرۆڤایەتی. تێیگەیاند کە دەتوانێ ناچاری بکات زۆرێک لە رەفتارەکانی بگۆڕێت و تای تەرازوو بۆ قازانجیسروشت بشکێنێتەوە. مرۆڤ لەو کاتەدا دەستی لە زۆرێک لە رەفتارە پیسکەرەکانی ژینگە ھەڵگرت.
ھێڵەکانی ئاسمانی، گەشتەکانی بێ سنووری سەر زەوی، و ...ھتدـ ھەموو ئەو کەرەستانەی کە ھەوا و خاک و ئاوی پیس دەکرد راگیرا. تەنانەت ھاتن و چوون ئیتر قەدەغە بوون و بە " تاوان" ھەژمار کران. ئەوانە ئەو وانە و ھۆشداریە بوون کە کۆرۆنا بەدوای خۆیدا ھێنای. شارەکان چۆڵ بوون. ھاتن و چوون وەستان. ئۆتۆمبێلەکا راگیران. چیتر لە ئاسمانەکاندا فرۆکەیەکت نەدەدیت ئەو ئاسمانە جوانە تێکبدات ...ھتد.
کۆرۆنا ویستی بەم بۆنەیەوە مرۆڤ فێری یاسانی راستەقینەی سروشت بکات و فێری ئەوە ببێ زیاتر لە جاران رێز لە ژینگە و بوونەوەرکانی بگرێ. فێری ئەوەی بکات نابێ لە خۆیەوە دەست بۆ سروشت و رەفتار و خواردنانە ببات کە مافی ئەوەی نیە. سروشت ویستی مرۆڤ فێری ئەوە بکات دەبێ مرۆڤ دەست لە بیروباوەرە چەوتەکانی خۆی ھەڵگرێ و بە جۆر و دید و تێروانینێکی نوێتر و سروشتیانەتر لە جیھان و ژینگە و سروشت بڕوانێ. تەنانەت دەبێ ئەو رەفتار و گۆڕینە ببێتە بەشێک لە پرۆگرامی خوێندن. کۆرۆنا ھۆشدارییەکی مەزن و وانەیەکی جوان بوو بە مرەجێک مرۆڤ وانەی لێوەربگرێ.
ئەو کاتەی کە وڵاتانی زۆر پێشکەوتوو لە ھەر شەو رۆژێکدا زیاتر لە سەدان کەس بە ھۆی کۆرۆناوە گیان لە دەست دەدەن، خۆی گەورەترین تۆڵەسەندنەوە بوو لە مرۆڤی پێشکەوتوو کە نابێ چیتر لەمە زیاتر لە خۆ بایی ببێ. بە سەدان سەرکردە و بەرپرس بوونە قۆربانی ئەو پەتایە. ئەوە وانەیەکی بچووک نیە. ئەوە و جگە لە کاریگەرییە خراپەکانی کە لەسەر کەرتەکانی دیکەی مرۆڤ و بە تایبەتی ئابووری ھەیە و دەبێ و ئاسەوارەکانی تا واوەیەکی زۆر قەرەبۆ ناکرێنەوە.
*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ