سایکۆلۆژیای ڕۆژووەوان لەسەردەمی کۆڕۆنادا

سایکۆلۆژیای ڕۆژووەوان لەسەردەمی کۆڕۆنادا
مانگی ڕەمەزان شڕۆڤەی زۆری بۆ کراوە، سەدان لێکۆڵینەوەی پزیشکی و کۆمەڵایەتیی و زانستی، جگە لە ئایینی بۆ فەلسەفەی ڕەمەزان کراوە. لە ڕووی زمانەوانییەوە وشەی ڕەمەزان واتە (گەرماییی زۆر بەھێز). تەنھا لە قورئانی پیرۆز ناوی ڕەمەزان ھاتووە، بەڵام بەڕۆژووبوون لە سەرجەم کتێبەکانی تر ناوی ھاتووە، ڕەمەزان مانگێکە لە ساڵنامەی کۆچی. کاتێک دوو ساڵ پێش شەڕی (بەدر) بەڕۆژوو بوون لەسەر موسڵمانان فەرز کرا، لە چرقەی گەرمای ھاوین بوو. لە تاو گەرما، ناونرا مانگی ڕەمەزان. بەڕۆژوو بوون کۆڵەکەیەکی باوەڕە بە خودا، بۆیە لە ھەموو ئایینەکانی دیکەدا ھەبووە و یەک مەغزای عیبادەتیی ھەبووە، واتە لە ڕووی فەلسەفەوە یەک شرۆڤەی ھەیە، تەنھا لە میکانیزمی جێبەجێ کردندا جیاواز بووە. بۆ نموونە بەڕۆژوو بوون لای (زەکەریا)و(یەعقووب) قسە نەکردن بووە بۆ چەند ڕۆژێک، ھەروەھا لە ئایینەکانی دیکە. ئەمە خوێندنەوەیەکی فەلسەفیی ئایینە، بەڵام لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە، کاتێک باس لە (گەرمای زۆر)دەکەین، مەبەست ئارام گرتنە بۆ دروست بوونی ھاوسەنگیی تاک، واتە کاتێک بەڕۆژوو دەبین، شلەمەنی لە لەش کەم دەکات و دەبێتە ھۆی کەمیی شەکرە یاخود (نکافیت)، ئەمەش دەبێتە زیادبوونی شڵەژان و تووڕە بوون و ھەست کردن بە ماندووێتی، چونکە ھاوسەنگی تێک دەچێت، بەتایبەتی لە ڕۆژانی سەرەتادا کە دەبێتە ھۆی گۆڕانی ڕەفتارەکان، ئەوەی زانستی بێت، کۆنتڕۆڵ کردنی گۆڕانکاریی ڕەفتارەکان، لە فەلسەفەی بەڕۆژوو بوون جگە لە گۆڕانکارییە فسیۆلۆژییەکان و بێھێزبوونی جەستەیی، دەبێت ھێزی دەروونی زیاد بکرێت. ئەوەی مەبەستە ڕاھێنانە لەسەر گۆڕانکارییەکان کە سەرەتای تووڕەنەبوونە. چونکە تووڕەبوون دەبێتە ھۆی تێکچوونی ھۆڕمۆنەکانی لەش. بۆ ڕاگرتن و ھێنانەوەی باری دەروونی، تاک دەبێت بە دیلی ھەبێت، ئەمەش بەرگریی دەروونییە، واتە ھەست نەکردن بە ھیلاکیی دەروونی. ئەمەش بەسەرکردنەوەیەکی دیکەیە، تا چەند تاک دەتوانێت ئارامییەکی بەھێزی ھەبێت بۆ ڕاھاتن لەسەر کۆنتڕۆڵ کردنی دێت، دەتوانێت لە زیادی خۆی بخوات، بەڵام فەلسەفەی سەرەکی لەوەدایە حاڵەتی دەروونی بەردەوام دەبێت کە لە ڕۆژانی ئاساییدا یاخود لەدوای مانگی ڕەمەزاندا، بەرگریی دەروونی بەردەوام بێت، کۆنترۆڵ کردنی خود واتە دەروون دروستی، کە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی دەست پێدەکات، تۆڕێک لە پەیوەندی دروست دەکات لەسەر بنەمای لەیەکتر گەیشتن و ھاوکاری کردنی کەسانی بەرامبەر، زیاتر ھاوکاریی بنەما فکرییەکانی یەکتر دەکەن کە چۆن ھاوڕا بن لەسەر پرسە فکرییەکان، ئارامی و ھێمنی لە ئاخاوتن. واتە زمانی گفتو گۆکردن دەبێتە بنەمای ژیان و ھەوڵ دەدات لە قسە کردندا کەسی بەرامبەر قەناعەت پێبکات، وەکو ڕەنگ دانەوەی ڕەفتاری سەرکەوتوو کە کۆنتڕۆڵی خود دەبێت. زۆربەی ئەوانەی لە ناخەوە واتە (فەسلەجی)و دەروونی بەڕۆژوو دەبن، بەردەوام ھەوڵ دەدەن گەشەیەکی سەرکەوتوو ببەخشنە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پێگەیاندنی کۆمەڵگەکی سەرکەوتوو. ئەمەش لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵ کردنی ڕەفتاری تووڕە بوون. یەکێکی دیکە لەو شتانەی ڕۆژووەوان فێری دەبێت، باوەڕ بەخۆبوون و باوەڕ ھێنانە بەوەی خودای گەورە پاداشتی ئەم کردارە دەداتەوە، واتە ھەست کردن لە ڕووی دەروونییەوە بەوەی کە پاداشتەکە ھەر لای خودایە. ئەمەش جۆرێک لە ھاوسەنگی دەروونی و فکری لای ڕۆژووەوان دروست دەکات، بەوەی ھەست دەکات ھیچ کاتێک پاداشتی دوا ناکەوێت، ئەمەش باوەڕ بەخۆبوون و متمانە بە کردار زیاتر دەکات. لە شرۆڤەی سایکۆلۆژیدا، ھەر کەسێک کارێک بکات باوەڕی زیاتر بێت بە کارو کردەوەکەی، ئەوە بە شێوازێکی ڕێکتر ڕەفتارەکانی دەگونجێنێت و کردار و ڕەفتارەکانی دەگۆڕێت. زۆربەی توێژینەوە دەروونییەکان باس لەوە دەکەن کە بەڕۆژوو بوون سەرەتای دروست بوونی متمانە و باوەڕ بەخۆبوونە، بەھۆی ئەو ئارامگیرییەی کەسەکە بەدەستی دەھێنێت و چارەسەری نیگەرانی و تووڕە بوون و ھەڵچوونی بەردەوام دەکات. ھەر ئەمەشە پەیوەندییەکانی لەگەڵ خودی خۆیدا بەھێزتر دەکات، واتە کەسی ڕۆژووەوان بەھۆی ڕۆژووەکەیەوە لەگەڵ خۆیدا ئاشنا دەبێتەوە و دەتوانێت خۆی وەکو کەسێکی سەرکەوتوو بناسێت.




* دەروونزان
Top