سوودە تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی رۆژووگرتن
May 3, 2020
وتار و بیروڕا
بەڕۆژوو بوون لە مانگی ڕەمەزان لەگەل ئەوەی بەجێھێنانی فرمانێکی ئایینی و فەڕزێکە لە ھەمان کاتدا سوود و مفای پزیشکی و زانستی زۆری لە سەر دەوروبەر و تاک و کۆمەڵ ھەیە. بەڕۆژوو بوون لە مانگی ڕەمەزاندا ھەنگاوێک دەبێت لە دروست کردنی دەوروبەری تەندروست؛ بێگومان کاتێک مرۆڤ دەوروبەری تەندروست بێت؛ ئەوا: جەستە و دەروونی تەندروست و ساغ دەبێت. خۆ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و پێشکەوتوو لە زۆر بواری پزیشکیدا بەڕۆژوو بوونی موسڵمانان؛ وەکو: چارەسەر و خۆپاراستن لە زۆربەی نەحۆشییە سەردەمییەکان بەکار دێت.
بەشێوەیەکی گشتی، دەتوانین سوودەکانی بەڕۆژوو بوون لە مانگی ڕەمەزاندا؛ لەم چەند خاڵانە کورت بکەینەوە:
١. دروستکردنی دەوروبەری تەندروست بە ھۆی
ا. سوودی ئایینی: بەڕۆژوو بوون لە مانگی ڕەمەزاندا بەجێھێنانی فرمانی خودای گەورەیە و پەیوەندی نوێ کردنەوەیە دەگەل خودای گەورە. لە زانستی پزیشکی ھاوچەرخدا؛ لقێکی پزیشکی ھەیە پێیدەگۆترێت: پزیشکی ئایینی (Faith Medicine). بینراوە، کە: ئەوانەی ژیان لە ژێر سێبەری قورئان بەسەر دەبەن؛ ئەوا: لە ژیانێکی خۆش دەژین و بەرگری لەشیان بەھێزە و درەنگ تووشی نەخۆشی دەبن و ئەگەر تووشی نەخۆشیش بوون زوو چاک دەبنەوە. بەڕۆژوو بوون و پتەو بوونی لایەنی ئایینی وەک ھۆکارێکی خۆپاراستنە؛ وە دەچێتە خانەی ئەو لقەی زانستی پزیشکی؛ کە: پزیشکی خۆپاراستنە (Preventive Medicine).
ب. سوودی کۆمەڵایەتی: مانگی ڕەمەزان مانگی یەکسانی و ھاوسەنگی و نەھێشتنی جیاوازی چینایەتییە، مانگێکە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان دانراوە. لۆ نموونە؛ نەخۆشییەکی وەکو فشاری کۆمەڵایەتی (Social Pressure)؛ کە: بەتایبەت لەم بارودۆخەی ئێستای کۆمەڵگای عێراقی تێیکەوتووە بە ھۆی خراپی وەزعی دارایی و ئابووری و سیاسی بە جۆرێکی وایە؛ کە زۆر تەشەنەی سەندووە. لۆ زیاتر ڕوونکردنەوە؛ دەبینین، کە دوو برا باری داراییان ئاساییە بەڵام بەھۆی نەبوونی مووچە و ئەو پشێوییە دارایی و ڕامیارییەی ھەنووکە ھەیە بووەتە ھۆی ئەوەی کە: برا گەورەکە گلەیی لە برا گچکەکە بکات؛ وە چۆن یارمەتی برا گەورەکەی نادات. لە ھەمان کاتیشدا؛ برا بچووکە لۆی دەرناھێنێت؛ ئەویش بە ھەمان شێوە: چاوی لە برا گەورەکەیە چاوەڕێی ئەوەیە لەم بارودۆخە داراییە خراپە یارمەتی بدات!! دەبینین لە ئێستادا برا لەگەل برا یان خوشک دەگەل برا، وە یان کەسوکارە نزیکەکان بەین و نێوانیان باش نییە و لێک دوور دەکەونەوە و بەم نەخۆشییە کۆمەڵایەتیەش؛ دەگۆترێت: فشاری کۆمەڵایەتی (Social Pressure). بەڕۆژوو بوون چارەسەرە بۆ ئەم چەشنە نەخۆشییانە؛ وە بەمەش دەوروبەر تەندروست دەبێت.
ت. سوودی دارایی: بەڕۆژوو بوون لە مانگی ڕەمەزان دەروون ئارام دەکات. مرۆڤ دوور دەبێت لە ڕژدی و چاوچنۆکی وە مرۆڤ ھان دەدات دەست بە ڕزق و ڕۆزی بگرێت. ماڵی بەرەکەتی دەکەوێتێ و لە ئەنجامدا چاوتێر دەبێت و زیاتر ماڵی خۆی دەبەخشێت و بەخشینەکان زیاد دەبێت.
٢. زامنکردنی بەردەوامی نەوەی ئادەمی (واتە؛ زامنکردنی ئایینی ئۆمەتی ئیسلام):
لە ساڵی (٢٠١٠ز) زانایانی زانکۆی کامبریدج ئەو ڕاستییەیان بۆ دەرکەوت؛ کە: بۆ ئەوەی مرۆڤ (چ نێر یان مێ) خۆ بناسێت و بچێتە ناو قۆناغی خۆناسین و ھەرزەکاری (puberty)؛ ئەوا: کلیلێک ھەیە لە مێشکی ئادەمیزادا؛ ھەر ھەند فرمانی لۆ دەرچوو؛ ئەوا: وەکو زنجیرە یەک بە دوای یەک ھەنگاوەکانی خۆناسین دەست پێدەکات.
ئەگەر کوڕ بوو؛ ئەوا: نیشانەکانی نێرینەی لە سەر بەدیار دەکەوێت! وە ئەگەر کچ بوو بەھەمان شێوە نیشانەی مێیینەی لە سەر بەدیار دەکەوێت. ئەم قۆناغی خۆناسینە؛ کە: گۆڕانی تەمەنی نەوەی ئادەمیزاد نیشان دەدات؛ کە: لە نێوان (یەک و نیو ھەتا شەش ساڵی) پێدەچێت. ئەم قۆناغەی تەمەن لە ژیانی مرۆڤ بە قۆناغێکی ھەستیار دادەنرێت؛ وە مرۆڤ لەم کاتانەدا لە ئەوپەڕی توانای جەستەیی دادەبێت. لەبەر ئەوەی زۆربەی موسڵمانان لەم تەمەنە ژن دێنن؛ لە ئەنجامدا وەچە و نەوەی نوێی ساغ و تەندروست دەخەنەوە، دوور دەبن لە نەخۆشییە بۆماوەییەکان و نەخۆشییە زگماکییەکان. ئەمەش ھەمووی بە ھۆی کاردانەوەی مانگی ڕەمەزان لە سەر دەوروبەری تاک و کۆمەڵ، وە زەمینە خۆشکردن لە ناو لەشی مرۆڤ بۆ ڕوودانی ئەم پڕۆسەیە گرنگە بەوەی ھەموو فاکتەرەکان فەراھەم دەکات، وە دەبێتە ھۆی دەرکردنی جۆرە ھۆڕمۆنێک لە مێشکی مرۆڤ (Neurokinin B)؛ کە: مەزەندە دەکرێت ئەم ھۆڕمۆنە وەکو ووشەی نھێنی ئەم کرداری خۆناسینە بێت، بەمەش نەوەی نوێ زامن دەکرێت.
٣. ڤێرمۆنەکان: گرنگییەکیتری مانگی ڕەمەزان بریتیە لە سەر کاردانەوەی لە سەر ڤێرمۆنەکان لە لەشدا. بینراوە؛ کە: نێرە و مێیەی مرۆڤ؛ وەکو ھەموو شیردەرەکانی تر کاتێک مەیلیان بۆ یەکتری دەبزوێت؛ ئەوا: لە ئارەقە ڕژێنەکان و لەشیان جۆرە ماددەیەک دەردەدرێت؛ کە: بە ھۆی کاری ھاوبەشی نێوان جەستە و گیانەوە دەبێت.
ئەم ڤێرمۆنە ئارەزوو و مەیلی نێوان تاکەکان ڕێک دەخات؛ وە زیاد بوونی و زۆری مەترسی گیانەوەر ئاسای لێدەکەوێتەوە. کاتێک مرۆڤ بەڕۆژوو دەبێت؛ ئەوا: ڕێژەی ئەم ڤێرمۆنە کەم دەکات؛ ھەر لەبەر ئەوە خۆشەویست (د.خ) ئامۆژگاری ئەو گەنجانە دەکات؛ کە: توانای ژنھێنانیان نییە بەڕۆژوو بن، لەبەر ئەوەی ساتی بوونی ئارەزوو و مەیل گرنگە و قۆناغەکانی سێکس کردن ھەروەک لە زانستی پزیشکی و زانستی فەرموودە ڕوونکراوەتەوە چوار قۆناغە؛ ئەو جا بە ڕۆژوو بوون ئەم قۆناغانە و ساتەکان ڕێک دەخات.
لێرەدا؛ دەبینین کە: مانگی ڕەمەزان لۆ لایەنی سێکسی گرنگە؛ وە بەھێزی دەکات، ھەروەھا ھاندەریشە لۆ باشتر بوونی توانای سێکسی ھەردوو (نێرینە و مێینە)! بەڵام بە ھۆی کۆبوونەوەی ھەموو ئەو سوودانەی بەڕۆژوو بوون ھاوسەنگی دەدات لە نێوان ویست و مەیل و توانا و یاساکان و ڕێوشوێن و ڕێساکانی سێکس کردن و ژیان.
٤. ڕێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆجی لەش: خانە بچووکترین یەکەی زیندووی ناو لەشی ئادەمیزادە؛ وە ھەموو زیندە کارلێکەکانی ناو خانە؛ کە: ژیان بەسەرییەوە بەندە؛ بەھۆی ڕێکخستنێکی زۆر وورد ڕێک دەخرێت؛ پێیدەگۆترێت: کاتژمێری بایۆلۆجی لەش. ئەمە وا دەکات؛ کە: مرۆڤ ڕابھێنێت بەوەی؛ کە: لە کاتی ڕۆژی ڕۆناکدا کار بکات، وە شەویش بۆ خەوتن بێت. وە ھەموو کردارە کیمایی و بایۆلۆجی و فەسلەجیەکانی ناو لەش بە ھۆی ئەم کاتژمێرە بایۆلۆجییەوە ڕێک دەخرێت. بە ڕۆژوو بوون لە مانگی ڕەمەزان، بریتیە لە: کرداری ڕێکخستنەوە و سەر لە نوێ داڕشتنەوەی ئەم کاتژمێرە بایۆلۆجییەیە، بەمەش جەستەی مرۆڤ لەگەل دڵ و دەروونی لە مانگی ڕەمەزان ساغ و نوێ دەبێتەوە.
٥. سوودە پزیشکییەکان:
ا. دەروونی: بەڕۆژوو بوون لە مانگی ڕەمەزاندا کاردانەوەی پۆزەتیڤانەی لە سەر دەروونی ئادەمیزاد ھەیە:
© ئارامی و ئاسوودەیی بە مرۆڤ دەبەخشێت.
©© پەیوەندی بەتین لە نێوان ڕۆحی و جەستە ھەیە؛ دەبێتە ھۆی پتەو کردنی سیستەمی (psych - mind body systems)؛ کە: ئەمەش دەبێتە زیاد کردنی بەرگری لەش. مرۆڤ تەندروستیەکی باشی دەبێت و نەخۆش ناکەوێت؛ وە ئەگەر نەخۆش کەوت؛ ئەوا: زووتر چاک دەبێتەوە.
©©© درەنگ تووڕە دەبێت و ئارام دەبێت: ھەر تاکێک یان کەسێک لە ئێمە کاتێک تووشی ڕووداوی کتوپڕ و ناخۆش و،سترێس دەبێت؛ ئەوا: کاردانەوەی بە سێ قۆناغ دەبێت؛ ئەوانیش:
١. قۆناغی ئاگادار کردنەوە: ئەویش بە دەردانی ھۆڕمۆنی ئەدرینالین؛ ئەمەش دەبێتە ھۆی زیاد لێدانی دڵ و بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن و شەکرە و گرژ بوونی ماسولکەکان.
٢. قۆناغی بەرگری: تاکەکە تووشی زیاد دەردانی ھۆرمۆنیتر و تەنگە نەفەسی دەبێت.
٣. قۆناغی ماندوو بوون: ئەمیش بە ھۆی دەردانی ھۆڕمۆنە ستیڕۆییدیەکان؛ کە: ئەمانەش دەبنە ھۆی ماندوو کردنی تاکەکە و نزمبوونی بەرگری لەش (ئەگەر زۆری خایاند). ھەر بەم ھۆیەیە؛ کە: گرژ بوونی دەروونی و خەم و دڵەڕاوکێ یەکێکە لەو ھۆکارانەی؛ کە: پێویستە ھەبێت بۆ تووشبوونی مرۆڤ بە بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و سینگە کوژێ و نۆرەی مێشک.
بەمجۆرە؛ دەبینین: بەڕۆژی بوون وەک ڕێگایەکی خۆپاراستنە لە نۆرەی دڵ و نۆرەی مێشک و شەپرە لێدان و نەخۆشییەکانی دڵ.
©©©© بینراوە ئەگەر ئادەمیزاد لە دەروونەوە ئارام و ئاسوودە بێت؛ ئەوا: لە مێشکدا جۆرا ماددەیەک دەردەدرێت؛ کە پێیدەگۆترێت: (Endorphin) ئەم ماددەیە وەک ئەو دەرمانانەیە؛ کە: بۆ ژان لابردن بەکار دێت (واتە: ژان شکاندن؛ وەک: ڤۆڵتارین، پڕۆفین...ھتد). جا ڕێژەی ئەم ماددەیە لە لەش زیاد دەبێت، بەمەش ئەگەر مرۆڤ چۆک ئێشان یان سەر ئێشانی ھەبێت چاک دەبێتەوە؛ وە بەڕۆژوو بوون وەک چارەسەرە.
©©©©© ھەموو ئەمانەش، ھۆکارن بۆ کەمکردنەوەی دیاردەکانی، وەکو: خەمۆکی و خۆکووشتن و خۆ سۆتاندن و خۆلەناو بردن.
ب. جەستەیی:
١. شێرپەنجە: بەڕۆژوو بوون نایەڵێت مرۆڤ تووشی شێرپەنجە بێت چونکە بەرگری لەش زیاد دەکات.
٢. چاوی سێیەم: لە مرۆڤدا گلاندی شێوە ھەرمێی (Pineal gland) ھەیە؛ کە: پێشتر کاری ئەم گلاندە لە لایان زانایان نەزانراو بوو! وە زانایانی فەسلەجە (کارئەندامزانی) دەیان گۆت: بێ ئیشە! بەڵام بەم دواییە ئاشکرا بوو؛ ئەم گلاندە دەبێتە ھۆی دەردانی ھۆڕمۆنی (Melatonin)، وە فرمانەکانی ئەم ھۆڕمۆنە:
ا. ڕێگە گرتن لە پیر بوون.
ب. دژی نەخۆشی (بەرگری زیاد دەکات).
ت. نەھێشتنی دڵەڕاوکێ (وەک دەرمانێک بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان).
ج. چارەسەرکردنی خەوزڕان و نەخۆشییەکانی خەوتن.
د. دەبێتە ھۆی زیاد بوونی ھۆڕمۆنی سێکسی (فاکتەرێکی سەرەکییە لۆ چارەسەر کردنی نەزۆکی).
وە دەردانی ئەم ھۆڕۆمۆنە لە لەشدا جیاوازی ھەیە؛ لە ڕۆژدا جیاوازە وەک لە شەودا؛ وە لەبەر سێبەردا جیاوازە وەک لەبەر خۆردا... وە لە مانگی ڕەمەزاندا ئەم ھۆڕمۆنە بە ڕێژەیەکی زۆر لە شەودا دەردەدرێت؛ وە بوونی ئەم ھۆڕمۆنە وادەکات؛ کە: گورچیلە جۆرە ھۆڕمۆنێک دەربدرێ؛ کە پێیدەگۆترێت (DHEA = Dehydropiandrosterone)؛ کە: دەبێتە ھۆی زیاد بوونی بیرتیژی و زەین و ھەست بە خۆشیکردن. وە ئەم ھۆڕمۆنە دەگۆڕێت بەگوێرەی ڕەگەزی تاکەکە یان بۆ ھۆڕمۆنی مێینە یان بۆ ھۆڕمۆنی نێرینە؛ بۆیە: وەک چارەسەرێکە بۆ نەزۆکی.
٣. کۆئەندامەکانی لەش:
ا. کۆئەندامی ھەرس: سوودەکانی بەڕۆژوو بوون لە مانگی ڕەمەزان لە سەر کۆئەندامی ھەرس، ئەمانەن:
@ نەخواردنی خۆراک دەبێتە ھۆی کەمبوونی ترشەلۆکی ناو گەدە؛ وەک یارمەتی بۆ کۆئەندامی ھەرس لە ئەنجامی ئەو گۆڕانانەی لەشدا دێن. بەمەش ڕووکەشانەکانی ناوپۆشی ھەرس بەتین دەکات و بەرگرییان زیاد دەبێت.
@@ بەھۆی کەم خواردن و خواردنەوە ھەلی گواستنەوەی ئەو نەخۆشییانەی؛ کە: بە ڕێگای دەم و دەست بڵاو دەبنەوە کەم دەبێتەوە.
@@@ وەک چارەسەر بۆ نەخۆشییەکانی، وەک: نەخۆشییەکانی قۆلۆن و نەخۆشی قەبزی (امساک) و نەخۆشی دڵپڕی و دڵ تێکھەڵاتن (عسر التھم = Dyspepsia).
@@@@ کەمتر کرم و مشەخۆرەکان بڵاو دەبنەوە.
@@@@@ وەک ڕێگایەکی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە و گەدە؛ چونکە بینراوە؛ کە: ئەوانەی بەڕۆژوو دەبن کەمتر لەوانەی بەڕۆژوو نابن تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی گەدە و شێرپەنجەی ڕیخۆڵە دەبن.
ب. کۆئەندامی ھەناسەدان: کەسی بەڕۆژوو بوو دوور دەبێت لە نەخۆشییەکانی ھەناسەدان؛ وەک: سەرمابوون (common cold) و پەسیوو (Flu) و ھەوکردنی ھەناسەدان. تەنانەت بەڕۆژی بوون وەک ڕێگایەکی خۆپاراستنە لە نەخۆشییەکانی ھەناسەدان، چونکە:
١. بەرگری لەش زیاد دەکات.
٢. گرژبوونی دیواری ھەناسە لە ئەنجامی ووشکبوونەوە؛ وا دەکات مرۆڤ چووست بێت.
٣. ئارامی و ئاسوودەیی بە لەش دەبەخشێت؛ کە: دەبێتە ھۆی زیاد بوونی بەرگری لەش.
٤. لە خوێندا؛ خوێنی ھەڵگری ئۆکسجین زیاد دەبێت.
٥. دەردراوی ڕژێنەکان (secretion)؛ کەم دەبێتەوە! بەمجۆرە تاکەکە بەڵغەم و کۆخەی نابێت؛ وە ئەو نەخۆشییانەی کە بەھۆی بەڵغەم و خویز و پژمین بڵاو دەبێتەوە؛ دەتوانرێت دەستییان بەسەر دابگیرێت بە ھۆی مانگی ڕەمەزانەوە.
ت. کۆئەندامی سووڕان: بەڕۆژووبوون گرنگی زۆری لۆ دڵ و موولوولە خوێنبەرەکان ھەیە؛ کە:
١. وەک ڕێگایەکی خۆپاراستنە لە نەخۆشییەکانی دڵ، وەک: نۆرەی دڵ و سینگەکوژێ و ڕەقبوونی خوێنبەرەکان.
٢. وەک چارەسەرە بۆ نەخۆشییەکانی؛ وەک: بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و پەککەوتنی دڵ (عجز القلب).
٣. وەک ڕێگایەکە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ھەندێک نەخۆشی، وەک: پەککەوتنی دڵ.
ج. پێست: بەڕۆژوو بوون لەسەر پێست گرنگی زۆری ھەیە؛ددددچد لەبەرئەوەی:
١. تاک و کەسی بەڕۆژوو بوو، ئارام دەبێت.
٢. لە خواردنی چەوری دوور دەبێت.
٣. چەوری ناو خوێن کەم دەبێتەوە.
بەمجۆرە:
* ئەوانەی ھەستەوەری پێستییان (حساسیە الجلد)یان ھەیە؛ ھەستەوەرییەکەیان کەم دەبێتەوە یان چاک دەبێتەوە.
** ئەوانەی نەخۆشی زیپکە (حب الشباب)یان ھەیە؛ ئەوا: نەخۆشییەکەیان چاک دەبێتەوە.
٦. توخمی سەربەست (Free Radical): لە زانستی پزیشکی نوێدا؛ دەرکەوتووە کە: جگە لە ڤایرۆس و بەکتریا، کە: مرۆڤ تووشی نەخۆشی دەکەن، توخمێکیتر ھەیە کە مرۆڤ تووشی نەخۆشی ترسناک دەکات؛ ئەویش بریتیە لە توخمی سەربەست (free radical).
توخمی سەربەست گەردیلەی ئۆکسجینی ناتێر و ناجێگیرن؛ ھەروەک دەزانین کە: ئۆکسجین (ھەوا) زۆر پێویستە بۆ بەجێھێنانی زیندە کردار و زیندە چالاکییەکانی ناو لەش. وە لە لەشدا ئۆکسجین بە دوو جۆر ھەیە؛ جێگیر و ناجێگیر!! ناجێگیرەکە لە ئەنجامی ڕمانە کردارەکانی ناو لەش ئۆکسجین ئەڵیکتڕۆنێک وون دەکات، بەمەش ناجێگیر دەبێت. وە ھەوڵ دەدات خۆی جێگیر بکات، وە بۆ جێگیر بوونی ئەڵیکتڕۆن لە خانەی ھاوسێی خۆی وەردەگرێت، بەمەش خانەکە ناجێگیر دەکات و دەبێتە ھۆی گۆڕان لە (DNA) ناوکە ترشی ڕایبی ڕایبۆسۆمی؛ واتا: بۆماوە بابەتی خانەکە و مردنی خانەکە.
بوونی توخمی سەربەست لە لەش پێویستە بۆ بەرگریکردن لە لەش و گەشە کردن بەڵام زیاد بوونی ڕێژەیان؛ ئەوا: نەخۆشی ترسناک لە مرۆڤ دروست دەکات. سەرچاوەی توخمی سەربەست لە لەشی مرۆڤ لەمانەوە دێت: جگەرکێشان، زۆر خواردن، پیسبوونی ژینگە، ماددە تیشکدەرەکان، وە ماددە.قەڵاچۆکەرەکانی مێش و مەگەز (Pesticide). وەبینراوە؛ ئەگەر مرۆڤ بەڕۆژوو بێت دوور دەبێت لە زیاد بوونی توخمی سەربەست، بەمەش لە زۆر نەخۆشی بەدوور دەبێت. بەمجۆرە، دەبینین بەڕۆژوو بوونی مانگی ڕەمەزان دەبێتە ھۆی:
ا. گەنج بوون: بەڕۆژوو بوون لە مانگی ڕەمەزان نایەڵێت مرۆڤ زوو پیر بێت؛ ئەویش بە دروستکردنی ھاوسەنگی لە نێوان توخمە سەربەستەکان، وە ھەروەھا مرۆڤ درەنگ نەخۆش دەکەوێت.
ب. نایەڵێت مرۆڤ تووشی نەخۆشی دڵ بێت: بینراوە؛ کە: لەگەل چەوری ناو خوێن پێویستە توخمی سەربەست ھەبێت بۆ نیشتنی چەوری لە سەر دیوی ناوەوەی دیواری موولوولە خوێنبەرەکان. بەمەش بەڕۆژی بوون وادەکات مرۆڤ لە نەخۆشییەکانی دڵ بەدوور بێت؛ سەرە ڕای ئەوەش بەڕۆژوو بوون لە مانگی ڕەمەزان دەبێتە ھۆی ئارامی و ئاسوودەیی و دابەزینی فشاری خوێن.
ت. نایەڵێت مرۆڤ تووشی ئاوی سپی بێت.
ج. نایەڵێت مرۆڤ تووشی پشت ئێشان و چۆک ئێشان و لەبار چوونی بڕبڕەکانی پشت بێت.
٧. خوێن: بەڕۆژوو بوون لە مانگی ڕەمەزان گۆڕان لە ھەندێک ماددەی ناو خوێن دروست دەکات؛ وەک:
ا. شەکر: دەگەل دابەزینی شەکر، ئاستی ھۆڕمۆنی ئەنسۆلین دادەبەزێت. وە ھۆڕمۆنی گلوکاگۆن و ھۆڕمۆنی گەشە زیاد دەکات؛ وە ئەمە دەبێتە ھۆی زیاد بوونی فرمانەکانی بەسۆزە کۆئەندامی دەمار، وە زیاد بوونی ئەنزیمی جەرگ (cyclic Amp).
ب. چەوری: چەوری سییانە (TG)؛ واتە: چەوری بن پێست و چەوری ناو خوێن (کۆڵیستڕۆڵ) دادەبەزی. وە ئاستی چەوری سوودبەخش (HDL)؛ کە: چەورییەکی سوود بەخشە زیاد دەبێت. ئەم گۆڕانانە لە چەوری بەگوێرەی چەندێتی و جۆری خۆراکی بەربانگ و پاشیو دەگۆڕێت.
ت. ڕژێنەکان (گلاندەکان): گۆڕانێکی وا؛ کە؛ شایانی باسکردن بێت بەسەر ڕژێنەکان دا نایەت.
٨. کێشی لەش: قەڵەوی لەم ڕۆژانەدا بە نەخۆشی سەردەم دادەنرێت و ھەر کاتێک قەڵەوی بڵاو بووەوە؛ نەخۆشی شەکرە و فشاری خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەبێت. مانگی ڕەمەزان وەک مانگێکی خۆپاراستنە لەقەڵەوی و دەبێتە ھۆی دابەزینی کێشی لەش بە ڕێژەی (٣.٨ کگم)؛ وە ئەو کەسانەی لەو ڕێژەیە زێدەتر کێشیان دادەبەزێت.
* پسپۆڕی ھەناو و دڵ