لامەرکەزییەتی ئیفلیج!!

لامەرکەزییەتی ئیفلیج!!

ئیفلیجە چوونکە لەسەر بنەمای دژایەتی و بوغزێکی بنەماڵەیی بۆی دروست دەکەن، لامەرکەزییەتەکەی سلێمانی، با دادوەر بین سلێمانی چ کێشەیەکی لە ڕووی بودجە و خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمەووە هەیە؟
چ مانگێک بودجەی سلێمانی کەم کراوەتەوە و نەدرابێ؟ بە بڕوای ئێوە ئەگەر شتێکی وا کرابووایە برادەرانی یەکێتی بێدەنگ دادەنیشتن؟ یان ئەگەر بودجە بۆ شەقامێکی سلێمانی تەرخان نەکرابا ئەوان دادەنیشتن؟ حکومەت لە چوارچێووەی چاکسازی تەندەرێکی لە کۆمپانیایەکی یەکێتی وەرگرتەووە و هەر بە "یاسایی" دای بە کۆمپانیایەکی تری یەکێتی، تەنها لەسەر ئەمە دوو مانگ ئەزمەی غازییان دروستکرد و تەنکەر نەما فیشەکی کڵاشینکۆفە ژەنگاوییەکانی خۆیانی تیا بەتاڵ نەکەنەوە!
ئێوە و ویژدانتان پارتی و حکومەت غەدری لە سلێمانی کردووە یان یەکێتی؟
هەمووان وادەزانن یەکێتی نەماووە و بێ دەنگ بووە، بەڵام بێ دەنگییەکەی هۆکارە بۆ ئەوەی لە "پەناووە" بخوات و بە دەنگی بەرز کەم و کورتییەکانی خۆی بخاتە ئەستۆی پارتی و حکومەتی هەرێم، هەر پۆستی پارێزگاری سلێمانییەووە سەیرکەن بزانن داوای ئەکاتەوە لە گۆڕان؟
نا، چونکە هەر کێشەیەک ڕووبدات ئەچێتە ئەستۆی هەڤاڵ و حیزبەکەی، هەر خزمەتگوزارییەکیش بکرێ دەڵێن "یەکێتی کردی"
بەڵێ یەکێتی کردی، هەر لە فرۆشتنی کەرکووک هەتا خواردنی بودجەی تەرخانکراوی شەقامی ١٠٠ مەتری!

باس و خواسی گەرم لامەرکەزییەت و جیاکردنەوەی سلێمانییە، لە هەرێمی کوردستان، من هەردوو ڕوانگەی بەغدا و یەکێتی باس دەکەم لەسەر ئەم پرسە!

١. نییەتی بەغدا کە مەقاشی دەستی ئێرانە و ئەم کارەشی بەرامبەر هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەی شیعەیە و ئامانج لێی تێکدانی یەکڕیزی نێوو ماڵی کورد و لەباربردنی ئەزموونی سەرکەوتووانەی حکومڕانی هەرێمی کوردستانە، شیعە دەیەوێت بەم کارەی پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان تەسلیمی خواست و ئیرادەی خۆی بکات، ئامانجی تاران هەولێرە نەک سلێمانی، کێشەی ئەوان ئەوە نییە سلێمانی سەر بە ئیدارەی هەولێرە یان بەغدا، پرسەکە زۆر لەمە گەورەترە!
هەموو ئەو بیانووانەی لە سەرکردەکانی بەغداوە گوێبیست دەبین هەمووی چەواشەکردنی ڕای گشتییە، درۆیە بودجەی هەرێم لەبەر فرۆشتنی نەوت بڕدراوە، ئەوان لە مانگی ٢ بودجەیان بڕی، ئێمە لە مانگی پێنج نەوتمان بە بازاڕ کرد و فرۆشتمان، ڕەوا نەبوو چاوەڕێ بین بزانین کەی بەغدا بودجەمان بۆ دەنێرێ و دڵی نەرم دەبێ!
یان گوایە د. عادل عبدالمهدی وتوویەتی سەرکردایەتی کورد بەرامبەرم بێ وەفا بوون و پشت لە من و ڕوویان لە کازمی کردووە، ئێ سیاسەت ئەمەیە خۆ دڵداری لەگەڵ ناکەن، هەر بۆ بیرخستنەووە ئەوە شەقامی عێراقی بوو فشاریان دروست کرد و سەرۆکوەزیرانیان ناچار کرد دەست لە کار بکێشێتەووە، نەک کورد، هەر ئەو کات خودی بەڕێز سەرۆک بارزانی هەم پەیامی بڵاوکردەووە و هەم لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی پشتیوانی خۆی بۆ د. عادل عبدالمهدی دەربڕی، با دکتۆر چاوێک بە ئەرشیف و پرۆتۆکۆڵاتی خۆی بخشێنتەووە، بزانێ کێ دۆستی بووە و کێ ناحەز!

با بڕوانینە ڕوانگەی یەکێتی نیشتیمانی و خەیاڵ پڵاوییەکەی، کە لە مێژە بۆ دەرفەتێک دەگەڕێ بە دەستکەوتەکانەوە بدات و ژەهری خۆی بڕێژێ، هەر وەک چۆن لە ١٦-ی ئۆکتۆبەر ژەهرەکەی ڕشت، بەڵام وا دیارە هێشتا دڵی دانەکەوتووە و لە سەر خواردنی خۆی دەگەڕێ!

یەکێتی و هاوئاوازەکانی، دیارە هاوئاوازەکانی کێن، ئەوانەن دوێنێ بەعسی بوون و ئەمڕۆ بەرەی دژی پارتی، ئەوانەی هاوبیریی داعش و دژی بارزانی بوون، ئێستا پاشکۆی یەکێتین وەک هەموو ئەو پرسانەی تر کە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرپەرشتی کردوون!

ئەوەی یەکێتی و "بەشێک لە خەڵکی سلێمانی" خەیاڵی بۆ دەکەن وا نابێت و نایەتەدی، بەغدا نییەتی ئەوەی نییە سلێمانی بە خلیج و کوێت و دوبەی، موچەی هەمووان بدات و بۆشتان هەڵپەڕێ، ئەگەر بەغدا شتێکی وا بکات سەرەتا بۆ شارەکانی خۆی دەیکات کە لە بەسرا ئاوی پاکی بۆ خواردنەوە نییە کە شایەنی مرۆڤ بێت، ساڵی پار دەزگای خێرخوازی بارزانی چەند کاروانێک ئاوی خواردنەووەی بۆ ناردن!
ئێستا هیچ ناکات دێت سلێمانی بۆ تۆ ئاوەدان دەکاتەووە!
ئەسڵی بابەتەکە ئەمەیە، ئێستا لە جیهاندا نرخی نەوت دابەزیووە، ئابووری عێراق بەرەو لاوازی دەڕوات، بەغدا دەیەوێت هەموو گومرگەکانی سنووری سلێمانی و کارگۆی فڕۆکەخانەکەی و سەرجەمی داهاتەکەی بخاتە ژێر دەستی خۆیەووە، دواتر پاکسازییەکی چاک لە موچەخۆران دەکات و بندیوارە حیزبییەکانی یەکێتی نیشتیمانی دەبڕێت و بەو قەبارە بچووکەی دەمێنێتەووە بودجە ڕەوانەی سلێمانی دەکات، پرۆژە و ڕێگاوبان و خزمەتگوزاریش نابینن، هێزە ئەمنیەکانیش ڕۆڵییان کەم دەکرێتەووە و شارەکە دەکرێتە سەنتەرێکی پڕ فرۆشی تلیاک و ماددەی هۆشبەری ئێرانی و بازاڕێکی باشی ساخکردنەووەی کاڵا ساختەکانی ڕژێمی ئێران دەبێت، ئەوکات بەغدا ڕێژەیەکی کەم لەو داهاتەی سلێمانی دەنێرێتەووە بۆ ئیدارەکەیان کە دیار نییە پارێزگارەکەی دەتوانێت بە کوردی قسە بکات یان نا!
باروودۆخی یەکێتیش وەک کەرکووکی لێ دێت و چەنێک لەوێ دەسەڵاتی هەیە، لە سلێمانیش هەر ئەوەندە تونا و دەسەڵاتی دەبێت، جا کورت کرمانجی دەڵێم، پارتی و یەکێتی دەبن بە برای یەک، بەڵام یەکێتی و عەرەب نابنە برا و هەر زوو عارەقی شەرمەزاری و پەشیمانی دەردەدەن هەر وەک چۆن لە کەرکووک شەرمەزار کران!

چۆن سەرەتاکەییمان لێ دیارە، ئەوهاش کۆتاییەکەی دەبینین یەکێتی ئەم هێز و دەسەڵات و پارەیەی پێ نامێنێت، بۆیە باشترە ئێستا بگەڕێتەووە و شان بداتە بار بەرپرسیارێتی چوونکە دواتر نە خەڵک و نە مێژوو ڕەحم بەو حیزبە و سەرکردەکانییان ناکەن!
Top