ئەنفال و کیمیاباران تاوانێکی جەگبڕ بەرامبەر بە گەلی کورد
April 30, 2020
وتار و بیروڕا
کیمیاباران زامێکی قوڵە و ھەرگیز تا مردن لە یادناکرێت، ٣٣ بەھار بەر لە ئێستا لە رۆژی ١٦/٤/١٩٨٧ لە کوردستان یەکەمجار لە گوندی شێخ وەسانان و دۆڵی بالیسان کیمیاباران کرا، ئەو ئێوارەیە ١٢ فڕۆکەی رژێمی بەعسی لەناوچوو بۆردوومانی سەختی ناوچەکەی کرد و کیمیا بارانی کرد، ھۆکارەکەشی ئەوە بوو کە بارەگای لقی دوو و مەقەڕاتی ئەحزابەکانی دیکە لە ناوچەکەدا ھەبوون، ئەو ئێوارەیە ئاسمان بە دووکەڵ داپۆشرابوو، بەداخەوە بووە ھۆی لەناوچوونی زیاتر لە ٢٥٠ کەس و ئەنفالکردنی ٧٥ کەس ، کە تاوەکو ئێستاش رووفاتی پیرۆزیان نەدۆزرانەوە، بۆ رۆژی دواتر باوک و مام و باپیر شێخ وەسانی و کاک واحید ئەحمەد شێخ وەسانی لە ھاواری خزمان ھاتبوون، ئەوانیش ھەوای خەردەلی کیمیایان ھەڵمژی و بوونە بریندارانی چەکی کیمیایی و تائەمڕۆش ئاسەواری ئەو چەکە لەسەر نەوەکانیش ماوەتەوە و گوندەکانیش وێران بوون، لێرەوە ھیوادارین حکومەت ئاوڕی زیاتر لە ئاوەدانکردنەوە ئەو گوندانە بداتەوە، بە گشتی ئەنفال تاوانێک بوو دژی مرۆڤایەتی و پێویستە ئەو تاوانە گەورەەی کە دەرھەق بە گەلی کورد کرا لە قوتابخانەکان بکرێتە وانەیەک و بە نەوەکان بگوترێتەوە، بۆ ئەوەی نەوەکان لە یادیان بێت کە باپیرانمان لە رابردوودا چۆن رووبەرووی قەیران و ناخۆشییەکان بوونەوەتەوە، ھاوکات ئەنفال تاوانێکی رەشە و تا ھەتایە بە نێوچەوانی داگیرکەرانی کوردستان دەمێنێتەوە، ھەمووان دیتمان سەدامی گۆڕ بە گۆڕ خۆی و دارودەستەکەی چۆن بە زەلیلی و سەرشۆڕی رۆیشتن، ئەوانەی ماویشن تائەمڕۆ گریان و ناڵەی منداڵی ناو لانکە لە ویژدانی مردوویاندا دەنگدەداتەوە، ئەو دەستکەوتانەی کە ئەمڕۆ کور ھەیەتی بەرھەمی خوێنی شەھیدان و قوربانیدانی ئەنفالکراوان و کەسوکاری ئەنفالکراوان قوربانیان بووەتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی نەتەوەیی کورد، وەک کوڕە شەھیدێکی برینداری چەکی کیمیاوی بەڵێن دەدەین تا دوا ھەناسە بەرامبەر بە خاک و نیشتمان وەفادار بین، داواکارم لە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردسان (مسرور بارزانی) ئاوڕی زیاتر لە کەسوکاری شەھیدە سەربەرزەکان بداتەوە و ھاوکاری بریندارانی چەکی کیمیایی بکات.