عادت حلیمه‌ لعاداتها القدیمه‌ .. به‌غدای خاتوو حه‌لیمه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر عاده‌تی قه‌دیمه‌

عادت حلیمه‌ لعاداتها القدیمه‌ .. به‌غدای  خاتوو حه‌لیمه‌  گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر عاده‌تی قه‌دیمه‌


له‌كاتێكدا بارودۆخی سیاسیی و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی به‌غدا ، له‌دوای بۆردومانی ئه‌مریكییه‌كان و كوشتنی قاسم سوله‌یمانی له‌رۆژانی سه‌ره‌تایی مانگی یه‌كی ئه‌مساڵدا به‌جۆرێك كه‌تۆته‌وه‌ كه‌سێ نییه‌ له‌ پێكهاته‌و توێژه‌ هۆشمه‌نده‌كه‌ ، له‌نێو ‌ده‌سته ‌بژێرانی سیاسیی و رۆشنبیران و چاودێران و تێگه‌یشتوان ، ئیره‌ییان به‌سیاسییه‌كانی به‌غدا به‌گشتی و سییاسییه‌كانی نێو ماڵی شیعه‌ به‌تایبه‌تی بێت و سه‌رسامی هزری زیره‌كی زیره‌كمه‌ندان وهۆشیاری هۆشمه‌ندانی نێو ئه‌و دیمه‌نه‌ سیاسییه‌ گه‌ڕه‌لاوژێییه‌ی عێراق بن ، كه به‌م جۆره‌ ‌به‌غدای خاتوو حه‌لیمه‌ تێی كه‌وتووه‌ و خراپتریشی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ .
ئاخر، له‌مانگی ئۆكتۆبه‌ری پارساڵی راپه‌ڕیووی ئاپۆرای جه‌ماوه‌ری خۆپێشاندان و ناڕه‌زاییه‌تییه‌كانی شه‌قام وگۆڕه‌پانه‌كانی به‌غداو شاره‌كانی باشووری وڵاتی به‌ناو عێراقدا و له‌وێ رۆژێوه‌ له‌ 3-1-2020 وه‌، فه‌شه‌لی به‌ربژێره‌كانی نێو ماڵی شیعه‌ و سه‌رۆك كۆمار، بۆ جێگره‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ یارییه‌ سیاسییه‌ كورسیی كورسییانێیه‌كه‌ی نێوماڵی شیعه‌ بۆسه‌ر كورسی سه‌رۆك وه‌زیراندا كه‌ كتومت له‌یاری ( سینی سینییانی شه‌وانی ره‌مه‌زان ) ی چایخانه‌كانی هه‌ولێرده‌كات، هێشتا بازی به‌ختی بوون به‌سه‌رۆك وه‌زیران له‌سه‌ر سه‌ری هیچ سه‌رۆك وه‌زیرێكدا نه‌ نیشتۆته‌وه‌ ، وا په‌تای كوشنده‌ی كۆرۆنا كۆڤید 19یشی مێوانه‌ ، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ (به‌غدا به‌خۆی نه‌بێ و مێوانی بێ ، مه‌یموون بێ وخووریكه‌ی لێ بێ ) .
له‌م ئان وساته‌ دا ، له‌نێو ئه‌م دیمه‌نه‌ سییاسییه‌ ئابووریه‌ تێكقژقژاوه‌ گه‌ڕه‌لاوژێیه‌دا ده‌پرسین ئایا راده‌ست نه‌كردنی ( 250 ) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كوردستان به‌ به‌غداوه‌ ، پرسێكی ئابوورییه‌ و له‌ په‌نای مایه‌پوچ بوون و داڕزانی نرخی نه‌وته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ .. ئایا به‌راده‌ست كردنی ئه‌و بڕه‌ باری لاربووه‌وه‌ی ئابووری عێراق راست ده‌كاته‌وه‌ ؟ یا هه‌ر بڕووبیانوووهه‌نجه‌ته‌ ،وكارتی فشاروهه‌ژموونێكه‌‌ و مه‌به‌ستی سیاسیی له‌ پشته‌ تا به‌هۆیه‌وه‌ پرسی( راده‌ستكردن و نه‌كردن) جارێكی دیكه‌ ببێته‌ سزاو سزای خه‌لكی كوردستان پێی بداته‌وه‌ .
له‌كاتێكدا بارودۆخی ئابووری جیهان به‌گشتی به‌قۆناغێكی مه‌ترسیدار گوزه‌رده‌كا و ده‌رهاویشته‌كانی په‌تای فایرۆس كۆرۆناكۆفید 19 وا وورده‌ وورده‌ به‌دیارده‌كه‌وێ
و وڵاتانی زلهێزو ده‌وڵه‌مه‌ندانی دونیایێش له‌وه‌ تێگه‌یشتوون كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ بێ باجدانی زۆری ئابووری تێناپه‌ڕێندرێ ،ئه‌ی ئه‌م هه‌نجه‌ته‌ی به‌غدا له‌ په‌نای چییه‌وه‌یه‌ ..؟ ده‌بێ نكۆڵی له‌وراستییه‌یش دا نه‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌وا خه‌ڵكی كوردستانی مارانگه‌سته‌ی تێگه‌یشتوو له‌ ئاین و ئۆینه‌كانی به‌غدا له‌م هاوكێشه‌یه‌ تێده‌گه‌ن كه‌ (به‌وه‌نده‌ به‌رمیل نه‌وته‌ی كوردستان ،هه‌ولێر ناتوانێ به‌غدا له‌ مایه‌پووچ بوون رزگاربكات ) .
ئه‌مرۆ خه‌ڵكی هوشمه‌ندو نیشتیمان په‌روه‌رانی كوردستان و هه‌ولێر ،گاڵته‌یان به‌م داواكارییانه‌ی به‌غداوه‌ دێت و دیووه‌ شاراوه‌كه‌ی هه‌نجه‌تی راده‌ستكردنی نه‌وت به‌روونی و ڕه‌وانی ده‌بینن و واده‌بینن ( وامێگه‌لی عێراق به‌گاڕانه‌وه ‌ئاوئاو ده‌چێت و ، حه‌لیمه‌ی پیره‌ژنیش تازه‌ به‌تازه‌ له‌ گۆڵكه‌سۆره‌كه‌ ده‌پێچێته‌وه‌ ..) .
نه‌ته‌وه‌ی كوردو گه‌لی كوردستان و به‌سه‌ركردایه‌تی سیاسیی وسه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمییه‌وه‌ له‌ مێژووی دوێنێیه‌وه‌ تا ئه‌مرۆی هه‌موو ئه‌زموونه‌ تاڵ وتفت و قێزه‌ونه‌كانی سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌بكردن ، راگوێزان ، ره‌شبگیری و ڕه‌شه‌كوژی ، كیماباران ، جینۆسایدو ئه‌نفال و برسبوون و سه‌رمابرده‌یی و ئاواره‌یی له‌ده‌ست سیاسه‌تی رژێمه‌ یه‌ك له‌دواییه‌كانی عێراقی كۆن بینیووه‌ و نه‌چه‌ماوه‌ته‌وه‌ و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆیی خۆی راده‌ستی هیچ فشارو ئه‌جندایه‌ك نه‌كردووه‌ و ناشچه‌مێته‌وه‌ .
له‌عێراقی تازه‌ش دا به‌رامبه‌ر بڕینی بودجه‌و مووچه‌و گه‌مارۆو قه‌یرانی دارایی و ئابووری ، به‌رامبه‌ر داعش و هێڕش و له‌شكركێشی له‌ پردێ و مه‌خموورو سحێلا نه‌چه‌مایه‌وه‌و قاره‌مان خۆڕاگربووه‌ وهه‌میشه‌ ( به‌رخودان ژیان) ی كردۆته‌ ناونیشانی هه‌میشیی ( سه‌رهه‌ڵدان ژیان) ه‌ .
ئێستای خه‌ڵكی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی هوشیارترو رژترن له‌وسای به‌ر 16 ی ئۆكتۆبه‌ر . ئێستا ئێره‌ كوردستانی خاوه‌ن حكومه‌تی كابینه‌ی نۆیه‌می به‌هێزی خودان ئه‌زموونی داستانی پردێ وسحێلایه‌،له‌جاران چاوكراوه‌ترده‌رواننه‌ ئاینده‌و له‌ماناومه‌غزاكان تێده‌گه‌ن و باشتر له‌خه‌ڵكی تر زلهێزان ) ده‌خوێننه‌و.
ئێستایش كوردستان هه‌ر نیشتیمانه‌كه‌ی (بارزانی - جبل الاشم ) ه‌ كه‌ی مه‌هدی جه‌واهیرییه‌و( ناونیشانی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ته‌وه‌یه‌ ) و نه‌ چه‌ماوه‌ته‌وه‌ نه‌ده‌چه‌مێته‌وه‌ ، نه‌راده‌ستی كردووه‌ نه‌ راده‌ست ده‌كات .
ئێستا كوردستان و هه‌ولێر وگاڵته‌یان به‌ و ته‌رزه‌ وتارو وه‌عزانه‌ دێت كه‌ كه‌سانێك به‌ مه‌رامی ئه‌جندای غه‌یره‌ كوردستانی لێره‌و له‌وێ ده‌یده‌ن .
ئیدی ئه‌وه‌ عێراقه‌ ، وڵاتی نیفاقه‌ . هه‌روا بووه‌ جار جار كه‌ته‌نگا و ده‌بێ ، یا له‌شتێك له‌شته‌كان مایه‌پووچ ده‌رده‌چێ و گڵۆڵه‌ی ده‌كه‌وێته‌ لێژی :
خۆیان گوته‌نی : ( عادت حلیمه‌ لعاداتها القدیمه‌ )
ئیدی.. به‌غدای خاتوو حه‌لیمه‌ ، پێی ته‌رك ناكرێ ، زوو زوو ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌رعاداتی قه‌دیمه‌ .
هه‌ولێر 26-4-2020






Top