خاك و خوێنی شەهیدان .. مەرامی دوژمنان لە گۆڕ دەنێن.
April 27, 2020
وتار و بیروڕا
با خۆشەویستی ونیشتمان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی پێشەنگ بێ..دەیان شۆڕش و راپەرینمان كرد ، هەزاران كورو كچ و پیر و لاویی خوێن و گیانیان لە پێناو سەربەستی كوردستان بەخشی .دەبێ نیشتیمانپەروە و كوردایەتیی بكەین .خاكی كوردستان ئەو دایكەگەورەیەیە كە بە بێ بوونی خاوەن هیچ شوناس و مێژوو و شكۆیەك نابین ، بۆیە كاتێ خاك و نیشتیمانمان داگیركرا ئەوا ویژدانەكان و هەستە كان جوڵان بەوەی ناكرێ ئەو خاكە كە تێیدا بەدونیا هاتووین و لە الە باوەشی گرتووین پۆستاڵی داگیركەرانی لە سەر بێ و لە نێو چەنگی داگیركەراندا بمێنێتەوە . نیشتمان ئەو پارچە خاكە سنووردارەیە كە مەودای چالاكییەكان و گوزەراندنی ژیانی مروڤە و نەژاد و نەسلی مروڤ هەزاران ساڵ ژیانیان لە سەری بەڕێ كردووە و ژیان لەسەر دەبەن، ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی ئەركی پێشینە و هەرە گرنگی هەموو لایەنێكە و بۆ ئەم مەبەستەش نەخشەڕێ و یاساكانی پێویست لە دەستوور و عورفی دەوڵەت و یەكە ئیداری و سیاسییەكاندا داڕێژراوە و پیشە و پێویستی لایەنە پێوەندیدارەكان بە ئەرك و وەزیفەی خۆیان هەڵدەستن.پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی هەر گفت و گوتن نییە، بەڵكو كردارێكە بە كردەوە و بە شێوەیەكی بەردەوام پراكتیزە دەبێت بۆ پارێزەری لە نەریت و مۆڕاڵ و كولتوور و زمان و مێژوو شارستانیی و خەڵك و خاك و نیشتمان سەروەت و سامانە سروشتییەكانی نیشتمان، بۆیە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، ڕێزلێگرتنی ئەركی ئەخلاقی و مرۆیی حەتمییە، بەڵام پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بە ڕاڤە زانستییەكەی و مانا و چەمكەكەی كە چ ئەركێكمان بۆ دیاری و پێویست كراوە، كەواتە ئێمە ئەرك و وەزیفەمان زۆر زۆرە و بە توخمێك یان چینێك یان لایەنێكی دیاریكراو بەتەنیا ناكرێ، بەڵكو ئەمە كاری دەستەجەمعی و بە ڕێكخراوەیییە و بە لۆژیك و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و ئەوپەڕی هوشیاری فیكری و لووتكەی ئینتیما و وەلائە بۆ گەل و وڵات و هەموو شتێكیش بە دامەزراوەیی و وەفاداری و دەستپاكی بێت، قوربانی و خزمەت و بەدواداچوونیش بەردەوام بێت بۆ ئەوەی خۆمان و وڵاتەكەمان پارێزراو بین، ئێمەی كورد و كوردستانیش دەبێ كوردایەتیی بكەینە پێوەر و هەموو تواناكانمان بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و لە پێناو بەرژوەندی خاك و نیشتیمان و گەلی كورد بێ .گەورەیی و نەبەردی و دڵفراوانیی خەڵكی كوردستان بەو ڕادەیەیە كە پرسی نەتەوەیی هەمیشە بە پیرۆز دەزانن و لەپێناویدا گیانیان دەبەخشن، چاودەپۆشن لە قاتوقڕی و كەموكوڕییەكان – تەنانەت لە گەندەڵیش؛ بەڵام هەر ئەو پیرۆزییەی پرسی نەتەوەییشە دەرئەنجام گەندەڵی بنەبڕ دەكات، چونكە كۆمەڵبوونی مرۆیی بە گەندەڵییەوە هەرگیز ناگات بە ئاستی «نەتەوە»- كەچی پڕۆسەی نەتەوەیی كورد لەگەڕ دایە و ناوەستێ، هوشیاریی نەتەوەیی خەڵكی كوردستان تادێ بەهێزتر دەبێ و هوشیاریش واتە درككردنی خەڵك بە هەموو پێداویستی و دیاردە و پڕۆسەكان.. چونكە سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی شكۆ و شانازیی و پێشكەوتن و سەركەوتنی گەورەی لێدەكەوێتەوە لە رووی كۆمەڵایەتی،سیاسی ،دیپلۆماسی و ئابوورییەوە و لە هەمانكاتدا وڵات دەبێتە جێگەی بایەخ و متمانە لە سەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكەو جیهان..