مزگەوتەکان بەدەردی پرسەکەی کارێزان مەبەن!؟

مزگەوتەکان بەدەردی پرسەکەی کارێزان مەبەن!؟

گومانم لەوە نیە ئەهلی مزگەوت پەرۆشی ئەو دۆخەین، کە دەبینین لە زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامی بەکوردستانیشەوە مزگەوتەکان بەداخراوی و دوور لە نوێژی هەینی و بە کۆمەڵ و تەراویح دێنە بەرچاو بەتایبەت لەو مانگە بەخێرەدا، خۆزگە وا نەئەبوو..

دۆخەکە بەلای ئیمانداران قوڕسەو هەست بە فەراغێکی رۆحی و ئیمانی زۆر دەکەن، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کۆتایی دونیا نیە “وَعَسَى أَنْ تَكْرَهُوا شَيْئًا وَهُوَ خَيْرٌ لَكُمْ“ ئەهلی مزگەوت ئەوانەی هۆشیاری ئایینیان هەیە تەفەهومی وەزعەکە دەکەن، دەشزانن ئیسلام ئاینێکە گیانی مرۆڤی بەلاوە گرنگە، هەر لەو پێناوەش شەریعەت رێسای بەهەند وەرگرتنی (عوزر)و (زەرووریات)ی داناوەو رەچاوی بنەمای (مەقاسید و کارئاسان)ی کردووە.

ئێستا کە ترسی ئەو نەخۆشیە بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووەو عوزرە بۆ داخستنی مزگەوت ئاساییە ماڵەکان ببنە مزگەوت و خواپەرستی و نوێژو تەراویحیان تێدا ئەنجام بدرێ، لەحاڵەتی وادا ماڵ بەدیلی مزگەوتە، بەڵام ناگونجێ هەموو ماڵێک ببێتە مەکتەب و زانکۆ تا وانەکانی قوتابیانی تێدا بخوێندرێ، قوتابی هەیە خەمیەتی سیستەمی خوێندن بکرێتە ئۆنلاین لەبەر ئەوەی پارەی کارتێکی ئینتەرنێتی نیە بتوانێ وانەکانی وەربگرێت، بەڵام مەبەستی بێت دەتوانێ چەندی بیەوێ نوێژ لەماڵ ئەنجام بدات.

بازرگان هەیە زیانی چەندان دەفتەر دۆلاری لەو دۆخە بەرکەوتووە، کارگە هەیە دووساڵی تر ئیشکات یەڵڵا بتوانێ زیانی ئەو ماوەیە پڕکاتەوە، کۆگای وا هەیە لەبەر وەستانی بازاڕ دەبێ بە چەندان تۆن مەوادی ماوە بەسەرچوو فڕێ بدات، کاسبی واش هەیە ژیانی منداڵی شیرەخۆرەی لەسەر ئەو چەند دینارەیە کە رۆژانە پەیدای دەکرد... هتد. بۆ هەموو ئەوانە پێویستەو گرنگە ژیان ئاسایی بێتەوە، بەڵام ئەو مەترسیەی بەڕۆکی دونیای گرتووە ئێجگار بارگرانی دروستکردووەو جموجۆڵەکانی وەستاندووەو لە دەستەڵاتی کەسیش نیە رەنگە ئاسان نەبێت.

بە سیاسی کردنی پرسی کردنەوەو نەکردنەوەی مزگەوت بە بیانووی فشاری خەڵک و کردنەوەی بازاڕو لەخۆڕا بڕیاردان بە نەمانی کۆرۆناو کەوتنە ژێر عاتیفە باش ناکەوێتەوە.

لە لایەکی تر تۆ بڵێی ئەو فشارو شاڵاوەی بەشێک لە فەیسەوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هێندە سوتاوی بێت بۆ مزگەوت!؟ یان شینە بۆ شێلان و شەکراوگرتنەوەی سەرپەرشتیارانی مزگەوت و موجازەفەو گەرمکردنی بازاڕو جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵکی ساویلکەو نمایشی بێ ناوەڕۆک و هەوڵە لەڕقی ئەم و ئەو!؟ خۆزگە ئەو خەمخۆریە بەرامبەر قوتابیان و سەرجەم سێکتەرەکانی تر خۆی دەبینیەوە.

بەکورتی رۆڵی زانایان بەرز دەنرخێنم، کە بۆ مێژوو سەلماندیان لەئاستی بەرپرسیارێتی و هاوکاری دان و زۆر جوانیان هێناوە، حەزیش دەکەم مزگەوتەکان بکرێنەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دروستکردنی فشارو زەخت و پەلەپەلی نابەرچاوو ڕوون نیم بۆ ئەو مەبەستە، چونکە تا مەترسی (کۆرۆنا) لەهەرێم مابێت و وەزارەتی تەندروستی یەکلایی نەکاتەوە، بەرپرسیاریەتێکی گەورە دێتە پێش و ئۆباڵەکەی دواجار حەز بکەین یان نا لەو نێوەدا دەکەوێتە ئەستۆی مامۆستایانی ئایینی.

خوانەخواستە حاڵەتیک رووبدات وەک پرسەکەی کارێزان مزگەوت دەبێتە بنێشتە خۆشەی سەر زمان و خەڵکی بێدین و ئەهلی فەیسبوکیش و عەقڵ لەچاوو رەحم بەکەس ناکات..

هیوادارم وا روو نەدات..

Top