كورد وكوردستان ئاوێتەی خۆراگری لە رۆژە سەختەكان بەرەو سەركەوتن..
April 26, 2020
وتار و بیروڕا
ئەگەر واقعیبیانە بروانییە ، دۆزی رەوای گەلەكەمان و خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەمان ، ئەزموونی ئێمە ،پر بووە لە هەوراز و نشێو و قوربانیدان و خۆراگری لە سەردەمانێكدا ، داگیركەرانی كوردستان و رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق ، دەرفەتی ئازادی و سەربەست ژین یان لە گەلی كورد كە خاوەن هەموو مافێكی رەوا بوو ،بەڵام دوور لە ویستی خۆی خاك و نیشتیمانی لێ زەوتكرا بوو ، بەڵام بینیمان كە ئەو ئیرادە بەهێزە و خۆراگرییەمان بوو كە توانیی چۆك بە دوژمنان دابنێ .
لە سەردەمی هەموو شۆڕش و راپەڕینەكانی كوردستان تا رٍاپەرینە شكۆمەندەی بەهاری 1991 و ئێنجا دروستكردنی پەرلەمان و حكومەت و چەسپاندنی فیدراڵی و دواتر ، شەرٍی جیهانی تیرۆر و سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و ئێستای كوردستانی بەهێزتر ، دەرخەری ئەو راستییەكە ، گەلێك بەرامبەر ئەنفال ، كیمیاباران، برسێتی ، كۆڕەو و گەمارۆدان و درٍندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی واتا داعش خۆراگری كرد بێ ، بەدڵنییاییەوە ئەم قۆناغە سەختەش بە خۆراگری و پشوودرێژی بە سەركەوتوویی دەباز دەكات .
بۆیە، دەتوانیین بڵێین ، لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی كۆڤید -19 پەتایەكی گشتگیرە لە سەر ئاستی ناوچەكە و جیهان ،بەڵام مەترسییەكانی كۆرۆنا، ئەوەتا جارێكی تر ئەزموونی حوكمرانی كوردستانی خستەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی تری سەختەوە، كە لەهەر گۆشەیەكەوە سەیری بكەی تەنها ئەو راستیەی تیادا دەبینی، كە لەم وڵاتەی ئێمەدا لە ئاستی بەرپرسیارێتی ، هێزی رووبەڕووبوونەوەی قەیران و ئەو پەتایە، خێرا بەدەمەوە چوون و هەنگاوە ژیرانەكان سەرٍەرای ئیمكانیەتی سنوودار ، بەڵام ژیرانە مامەڵەكردن لەگەڵ رووداوەكە لە پێناو پاراستی گیانی كوردستانیان ، جێگەی شانازییە .
ئەوەی لەو نێوەندەدا بینرا ستراتیژ و پلانی كورت ماوە و خێرا و ئینجا بەرنامەی درێژخایەنی حكومەتی كوردستانە . ئەم هێزو كار و توانا مرۆییەی لەناو هەرێمی كوردستاندا پشت ئەستوور بە پلان و بەرنامەی جێگر و پشتتیوانی گشت هێزولایەنەكانی و تیمە خزمەتگوزارییەكەی لە هەرێمی كوردستان هەنگاوی زۆر گرنگ و گەورەیان تا بە ئەمرٍۆ ناوە ، لە راستیدا ، قۆناغەسەختەكان و پشوودرێژی میللەتەكەمان و بە ئەستۆگرتنی گشت زیانە ماددییەكان فیداكارییەكی گەورەیە كە لە میللەتێكی وەك گەلی كورد دەوەشێتەوە ،چونكە ئێمە هەمیشە لە پێناو پاراستنی كورد وكوردستان فێربووین باج بدەین و قوربانی ببەخشین .
مێژووش سەڵمێنەری ئەو راستییەیە ،كە هەر كاتێك یەكهەڵوێست، یەكریز و خۆراگرببوویین بەرامبەر سەختی وقەیرانە نەخوازراوەكاندا ، ئەوا شانازی و دەستكەوتی گەورەی بەدواوە بووە ،بۆ ئێستای جەنگی جیهانی رووبەروبوونەوەی كۆرۆناش بەهەمان شێوە ، پاراستنی گیانی كوردستانیان و گەیشتن بە كەنارٍی دڵنییایی و تەندروستی گەورەترین دەستكەوت و شانازیی مێژووییە ..