سیاسەتی دووفاقە

سیاسەتی دووفاقە

عێراقچییەکان لە بەغدا لەبەر عەرەب دەپاڕێنەوە قووت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕن و لە کوردستانیش فرمێسکی ساختە بۆ مووچەخۆران دەڕێژن، بەوەشەوە ناوەستن خەڵک هاندەدەن دژی دەستکەوتەکان بڕژێنە سەر شەقام، ئەرێ لە کوێی دونیادا بینراوە و بیستراوە بەری رەنجی خوێن و خەباتی گەلەکەی خۆت بە دیاری بۆ دوژمن و داگیرکارەکەی خۆت بەریتەوە؟!
عێراقچییەکان لە بەغدا بە ئەقڵێ عرووبە دەدوێن و بە رەفتاری شۆڤێنیانە دژی سەربەخۆیی کوردستان دەوەستن و، لە کوردستانیش داوای خۆشگوزەرانی دەکەن، ئەرێ لە کوێی دونیادا بینراوە و بستراوە ژێردەستە خۆشگوزەران بێ؟!
عێراقچییەکان لە بەغدا کوردبوون و کوردایەتی بە شەرم و توندڕەوی نەتەوەیی دەزانن و لە کوردستانیش موزایەدەی کوردبوون و کوردایەتی دەکەن، ئەرێ لە کوێی دونیادا بینراوە و بیستراوە خواستی سەربەخۆیی ژێردەستە و چەوساوەکان شەرم و توندڕەوی نەتەوەیی بێ؟!
عێراقچییەکان لە پەرلەمانی بەغدا میلیشیاکانی شیعە لە چوار چێوەی حەشدی شەعبیدا بە یاسایی دەکەن و، پێشمەرگەش کە دەیان ساڵە لە پێناو بەرگری کردن لە کوردستان و بەختەوەری گەلەکەیان خوێن دەبەخشێ و قوربانی دەدات تۆمەتی میلیشا و سێڵڤچییان دەدەنەپاڵ، ئەرێ لە کوێی ئەم دونیا پان و بەرینەدا بینراوە و بیستراوە خۆبەخشان و رەتکەرەوانی ژێردەستی میلیشیا و سێڵڤچی بن؟!
Top