خۆزگە مێژوو زمانی هەبا
April 17, 2020
وتار و بیروڕا
کەسانێکی زۆر لە سیاسی و بەناو خوێندەوار و رۆشنبیر و چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی و ...هتد، وایان کردووە و وا دەکەن (پەشێو) گوتەنی بڵێین: (هەر کاتێ مێژوو دەخوێنمەوە بە هەردوو دەست چاوم دەگرم) ئەوەتا ئەوانە دەیانەوێ ناڕاستی خۆیان بەسەر راستی خەڵکدا بسەپێنن، خیانەتی خۆیان بەتامی شۆڕشگێڕی دەرخواردی مێژوو بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش بە ئاشکرا درۆ و چەواشەکاری دەکەن و تۆمەتی بێبنەما هەڵدەبەستن، کاتێکیش دەڵێی وانییە، وەک ئەوەی نە بایان دیبێ و نە باران و دەڵێن: تۆ خۆت لە مێژوو یاخی کردووە، من بەبێ بەڵگەی مێژوویی هیچ ناڵێم و ئەوەی دەیڵێم و گوتوومە هەمووی قسەی مێژووە و مێژوو وا دەڵێ.
ئەوەی ئەو سیاسی و بەناو خوێندەوار و رۆشنبیر و چالاکوانانەی کۆمەڵی مەدەنی دەیڵێن، ئەگەر مێژوو زمانی هەبا هاواری لێ هەڵدەستا و دەیگوت: بە زمانی منەوە قسە مەکەن، ئەوەی تۆ دەیڵێی هەمووی لە لاپەڕە رەشەکانی مندا تۆمار کراون، دڵنیام ئەگەر مێژووش هاتبایە دەنگ ئەوانە دەستبەرداری درۆ و چەواشەکاری نەدەبوون، ئەوکاتیش لەگەڵ مێژوو دەکەوتنە مل بە ملە و دەیانگوت: ئەوەی ئێمە دەیڵێین: راستی مێژووە و تۆی مێژوو لە خشتە براوی و راستییەکان دەشاریەوە، لە ژێر هەژموونی کاریگەری لایەنێکی سیاسی دیاریکراویت و بێلایەن نیت.