ڤایرۆسی ئابووری.. لە سێبەری.. ڤایرۆسی کۆرۆنا!
April 17, 2020
وتار و بیروڕا
سەرۆکی ئینستیتوتی گەشەی ووڵات بۆ لێکۆڵینەوەی ئابووری و دارایی
یەکێک لە پرسە زۆر گەرم و باوەکانی ئەمڕۆکەی میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و حکوومەت و خەڵکی لە سەراپای جیھاندا باس و تاوتوێکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانێتی. ئەوەی ئێمە لەم نوسینەدا مەبەستمانە گفتووگۆی لەسەر بکەین خودی ڤایرۆسەکە نییە بەڵکو لێکەوتە ئابووریەکانێتی.
بە بۆچوونی من لە واقیعدا پەیدابوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا راستەوخۆ ھیچ پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی نییە لەسەر ڤایرۆسی ئابووری یاخود قەیرانی ئابووری.بە واتایەکی دیکە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھۆکارو فاکتەری سەرەکیی دروستبوونی قەیرانی ئابووری نەبووە، بێ شک لە خێراکردن و بەرفراوانبوونی قەیرانەکە ڕۆڵێکی لاوەکی ھەیە. بەڵکو ھۆکاری سەرەکی ئەو قەیرانە ئابووری و داراییەی کە ئێستا باسی لێدەکرێت، دەگەڕێتەوە بۆ فاکتەرە بابەتیە بنەڕەتیەکانی بارودۆخی ئابووری جیھانی. ئەگەر شرۆڤەیەکی خێرای بارودۆخی ئابووری جیھان بکەین ، دەبینیین ئابووری جیھانی خۆی لە قەیرانێکی چاوەڕوانکراودا بوو، زۆربەی ھەرە زۆری شارەزایانی ئابووری و شرۆڤەکاران لێرەو لەوێ زەنگی سەرھەڵدانی قەیرانێکی گەورەی ئابووری و داراییان لێ دەداو خەڵک و حکوومەتەکانیان لێ ئاگادار دەکردەوە ، بەڵام زۆربەی ووڵاتەکان ئەو ئاگادارکردنەوەیان بە ھەند وەرنە ئەگرت و چاویان لێ دەپۆشی و لە سەر بەزم و ڕەزمی خۆیان بەردەوام بوون .
ڕاستیەکەی ئەوەیە جیھان قەرزێکی زۆری لەسەرە بە تایبەتی دەوڵەتە بە ناو دەوڵەمەندەکان کەوتوونەتە ژێر باری قەیرانی قەرزێکی بێکۆتاییەوە ، بە پێی ئامارەکانی (ئینستیتوتی نێودەوڵەتی دارایی-IIF) قەبارەی قەرزە گشتیەکان گەیشتۆتە (٢٥٧) ترلیۆن دۆلار ، ئەم بڕە سێ جار زیاترە لە قەبارەی ئابووری ھەموو جیھان ، جگە لەوەش بە پێی داتاکانی بانکی جیھانی بڕی (١٠٠٧) ترلیۆن دۆلار لە بۆرسەکاندا (بازاڕی وەھمی) مامەڵەی پێ دەکرێت ئەمەش دوازدە جار زیاترە لە قەبارەی ڕاستەقینەی ئاڵوێری بازرگانی جیھانی، زیاد لەوەش ئاستی گەندەڵی لە جیھاندا گەیشتۆتە (٢،٦) ترلیۆن دۆلار ساڵانە کە دەکاتە (٥%) بەرھەمی ناوخۆیی جیھانی ، لە لایەکی تریشەوە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیھان کە خاوەنەکانیان نزیکەی (٢٠٠٠) کەس دەبێت ، (٩٠%) بەرھەمھێنان و بازرگانی وخزمەتگووزاریەکان و سەرچاوە داراییەکانی جیھان کۆنتڕۆڵ دەکەن . ئەمە جگە لەوەی چەند خێزانێکی وەک (ڕۆتشێلد و ڕۆکفێلەر و مۆرگان و باروخا...) کە سەروەت و سامانەکانیان بە (٦٠٠) ترلیۆن مەزەندە دەکرێت ، خاوەنی ھەموو شتێکن کە دەکرێت خاوەندارێتی بکەن لەوانەش قەرزە گشتیەکانی جیھان ئێستا ئەگەر بە ووردی لەو فاکتەرانەی سەرەوە بکۆڵینەوە بۆمان دەردەکەوێت لە دۆخێکی بەو شێوەیەدا چۆن قەیران ڕوو نادات؟ چ یاساو ڕێسایەکی سرووشتی و یەزدانی و مرۆڤایەتی ڕێگا بەم نادادپەروەریە دەدات؟ بە تێڕوانینی من، قەبەکردنی کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرھەڵدانی قەیرانی ئابووری جۆرێکە لە فڕویدان و پاساوێکی نابابەتی و نا لۆژیکیە بۆ شاردنەوەی ئەو ژینگە ئابوورییە لێڵەی کە چەندین ساڵە خوڵقێندراوە. کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنھا لەوەدایە کە بۆ ماوەیەکی کاتی جموجۆڵی بازرگانیەکانی سست کردووەو ھیچی تر ، ئەوەندە نابات بازاڕ و چالاکییە ئابووریەکان دەچنەوە دۆخی جاران و نرخی نەوتیش بەرزدەبێتەوە . بەڵام قەیرانی ئابووری و دارایی ھەر بەردەوام دەبێت و کۆتایی نایەت تاکو چارەسەری بنەڕەتی نەدۆزرێتەوە، بۆ کەمکردنەوەی قەرزە گشتیەکان سێ ڕێگای سەرەکی ھەیە کە دەتوانرێت بە ڕێژەی جیاواز ئاوێتە بکرێن: باج لەسەر سەرمایە، ھەڵئاوسانی ئابووری ، سکھەڵگوشین..بەڵام پارادۆکسی سەیرو سەمەرە لەوەدایە ، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دامەزراوە داراییە قەرزدەرەکان وەک : سندووقی نێودەوڵەتی دراو ، بانکی جیھانی و ...ھتد. بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نین ، ئەو ھەنگاوانە بنێن و ئەو قەرزە گشتیە لە ڕادەبەدەرەی وەک ئەوەی ئەمڕۆی جیھان بە شێوەیەکی بەرچاوو کەمبکرێتەوە. بە بۆچوونی من تاکە ڕێگای گونجاو خێرا کە لە بەردەستدا مابێت کەمکردنەوەی قەرزەکانە تا سفر بە یەکجاری ، جگە لەوەش دەربازبوون لەو جۆرە تەنگەژانە بە بێ گرتنەبەری ڕێگاو ھەنگاوی تۆکمە و بنیاتنەرانەی نێودەوڵەتی مومکین نیە. زۆر بە جدی دەبێت بیر لە گۆڕینی سیستەمی دارایی جیھانی بکرێتەوە و مامەڵە لە بازاڕە وەھمیەکان کەمتر بکرێتەوەو برەو بە کەرتە ئابووریە ڕاستەقینەکان بدرێت. ئەو کاتە نە کۆرۆنا نە شتی تر ناتوانن ئابووری جیھان شەکەت بکەن.
ھەرچی دەربارەی کوردستانەکەی خۆمانە ئەوا زۆر بە کورتی دەتوانم بڵێم ، بە داخەوە کوردستان خاوەنی ئابووریەکی ئەوتۆ نییە تاکو بەھۆی کۆرۆناوە تووشی قەیران بوبێت ، کوردستان ھەر لە ساڵی ٢٠١٤ەوە خۆی لە قەیرانێکی سیستیماتیکی سیاسی و ئابووری و دارایی و کۆمەڵایەتیدایە؟ پێش ھەموو شتێک ،قەیرانە جۆراوجۆرەکانی تووشی ھەرێمی کوردستان بوون ، پەیوەندارە بە شێوازی بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئابووری حکومەتەوە. ئەگەر کاری جدی نەکرێت ئەوا پاساوەکانی وەک بوونی : داعش، نزمبوونەوەی نرخی نەوت ، بڕینی پشکی کورد لە لایەن حکومەتی بەغداوە، ڤایرۆسی کۆرۆناو چەندین پاساوی تریش...چارەسەری قەیرانەکان ناکات. ساڵ دەڕوات و ساڵ تێدەپەڕێت ئێمە ھەر لە شوێنی خۆمانین ئامادەنیین چارەسەرێکی بنەڕەتی و گونجاو زانستی بۆ ئەم قەیرانە سیستەماتیکانەی بەرۆکی گرتووین بدۆزینەوە؟ ھەر وەک دەگووترێت:" ھەموو دەردێک دەرمانی خۆی ھەیە" ، دیارە قەیرانەکانی ئێمەش چارەسەری خۆی ھەیە، بەڵام ئەوە پێویستی بە بڕیارو ئیرادەیەکی جدی و بەھێز ھەیە؟ ئێمە وەک ئابووریناسان پلان و پرۆژەی واقیعی و زانستیمان ھەیە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان. تەنھا ئەوە ماوەتەوە کە حکوومەت گوێمان لێ بگرێت. ھەر لێرەوە پێشنیار دەکەم کە بە زووترین کات "ئەنجوومەنێکی ڕاوێژکاری ئابووری " دوور لە حیزبایەتی و خزمایەتی ، دوور لە ڕاوێژکارە بێیانیەکان پێکبھێنرێت و ئەرکی داڕشتنی پلان و پرۆژەی " دەربازبوون لە قەیرانیان پێ بسپێردرێت. چونکە چیتر کاتی پڕو پینەو پاساو ھێنانەوە نەماوە. جیھانی دوای پەتای کۆرۆنا دەبێتە جیھانێک کە ھەر دەوڵەتێک بە تەنیا ھەوڵی ڕزگاربوون دەدات. تا دێت ململانێ و کێبەڕکێی ووڵاتان چڕتر دەبێتەوە .. وەک پەندە کوردیەکەی دەڵێت:" کوڕ ئەوەیە خۆی ڕزگار کات".