(( پێگەی روسیا لە معادەلاتی نوێی ناوچەکەدا )) ۱ - ۲

(( پێگەی روسیا لە معادەلاتی نوێی ناوچەکەدا )) ۱ - ۲

پاش روخانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لە ساڵی ۱۹۹۱، روسیا توانی بەشێک لە میراتەکەی بپارێزیت و کۆی بکاتەوە، توانی جێگرەوەی یەکێتی سۆڤیەت بێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە رێزی وڵاتە بەهێزەکان بمێنێتەوە، تا رادایەکیش سەرکەوتوو بو، کە توانی فاکتەرەکانی هێز بە دەست بێنێت لە چۆنیەتی دووبارە دارشتنەوەی سیاسەتەکانی لە رووی پەیوەندییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، هەروەها لە رووی سەربازی یەوە توانی ببێتە خاوەن لەشکرێکی بەهێز کە پێگەی بۆ دەپارێزێت.
یەکێتی سوڤیەتی پێشو، خاوەن پێگە و هەژمون بوو لە دۆژهەڵاتی ناوەراست، هەر لە ساڵەکانی چلەکانەوە دەستی لە ناوچەکەدا هەبووە و زۆربەی وڵاتاتی ناوچەکەش کەوتبونە ژێر هەژمونی و بەرژەوەندەکانیان پێوە بەستبون.
لە رووی ئابوری یەوە، روسیا یەکێکە لە وڵاتە سەرەکییەکانی کە غاز بۆ ئەوروپا دابین دەکەن، هەر بۆیە وڵاتانی ئەوروپی پێیان باش بوو کە روسیا بتوانێت خۆراگر بێت و بەردەوام بێت لەسەر دابین کردنی غاز بۆیان و ئەو کاودانانە کەریگەری لەسەر ئەو هێلە نەکەن و ئامادەش بوون بۆ هەر هاوکاری و ئاسانکاریەک لەو بوارەدا.
لە لایەکی ترەوە ئەمریکا زۆر بە ووردی چاودێری روسیای دەکرد، بە دوای خالە لاوازەکان دەگەرا کە بتوانێت سوودی لێ وەربگریت، بەڵام بەیتوانی لە دژی هێلی غاز هیچ قسەیەک بکات، لەبەر ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا وەکو هاوپەیمان لەگەل ئەمریکا دەبێ بەرژەوەندیەکانیان پارێزراو بن.
هەروەها هەژمونی روسیا لە ناوچەکە هەرچەند لاواز بوو، بەڵام توانی جێگای یەکێتی سوڤیەت بگرێتەوە و بەردەوامی بە پەیوەندیەکانی بدات، ئەمریکا لەو بارەیەوە بو بە رەکابەر و هەوڵی دا لەسەر حسابی روسیا پێگەی خۆی بەهێز بکات، کە بە ململانێ لە نێوان بەرەی سەرمایەداری و سوسیالیزمی دەبیندرا، هەرچەندە دواتر روسیا زیاتر بەرەو سەرمایەدری و بازاری ئازاد هەنگاوی نایەوە.
ئە هۆکارانە بونە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا حسابێک بۆ روسیا بکات و هەوڵ بدات بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا بە یەک ئاراستە بن، روسیاش بە لای خۆیەوە زۆر بە هوشیاری تەماشای هەنگاوەکانی ئەمریکای دەکرد بۆ لێک نزیکبونەوە، لەوە تێدەگەیشت کە ئەمریکا هەوڵ دەدات پێگەی خۆی بەهێز بکات لە رووی سەبازی و سیاسی یەوە بەرامبەر بە مانەوەی هێلی غازی روسی بۆ ئەوروپا، بەڵام روسیاش دەیویست پێگەی خۆی بپارێزی، هەر بۆیە پشتیوانی تەواوی رژێمی سوریا و رژێمی ئێرانی دەکرد، کە وەکو دوو هاوپەیمانی روسیا لە ناچەکەدا دەناسێندران، ئەو دوو وڵاتەش بە دژایەتی خۆیان بۆ ئەمریکا نەدەشاردەوە، دواتر چینیش بە هەمان شێوە هاتە سەر خەت و پشتیوانی روسیای کرد، کە ئەویش مەرامی خۆی هەبوو لە رووی ئابوری یەوە لە دژی ئەمریکا.
پێویست بوو لەسەر ئەمریکا بتوانێت رووبەرووی ئەو بەرەنگاربونەوەیە ببێتەوە، بە جۆرێک کە رەهەندەکانی گرێدراو بەو وڵاتانە هەموویان لە یەک سەپەتەدا کۆ بکاتەوە و کاری لەسەر بکات.
Top