چەند دێرێك لەسەر کلتوری جیاکاری ڕەگەزی لە کۆمەلگەی کوردەواری.
April 16, 2020
وتار و بیروڕا
ڕەنگبێ زۆربەمان گوێبیستی لێداوانی بەرێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایكبووانی هەولێر بوبین کە لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی گووتوویەتی "لە خوا بەزیادبێت رێژەی لەدایكبوونی کوڕمان زیاتر بووە لە رێژەی کچان". ئەمە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرا، بەشێکی زۆری خەڵك سەرژەنستیانکرد و قسەکەیان بە جیاکاری ڕەگەزی لێکدایەوە. تائێرە مامەڵەی لەگەڵکرا کە دژایەتی بوو بۆ ئەو دکتۆرەی قسەکەی کردووە، بەبێ ئەوەی بابەتی جیاکاری ڕەگەزی ببێتە بابەتی گفتووگۆیەکی راستەقینە، بەمەبەستی پەردە هەڵماڵین لەسەر بنەڕەتی ئەو پاشخانە مێژووییەیی کە وای لە میللەتی کورد کردووە هیواخواستن بۆ زیادبوونی نێرینە کلتورێکی خواستراو و باوبێت، تەنانەت لەنێوان ئافرەتان خۆشیاندا.
هەموومان باش ئاگاداری ئەوەیین تاکوو ئێستاش باشترین نزا و هیواخواستن لەلایەن دایکانمان و داپیرانمانەوە بەرامبەر بە کوڕ و نەوەکانیان و کەسە نزیکەکانیان بریتییە لە نزای "یاخوا بە بابی کوڕان بیت" . هەمیشە دایکانمان و تەنانەت خەڵکی ئاساییش هەمیشە لەبەرامبەر ژنانی هاوسەردار دەڵێن: "یاخوا بەدایکێ کوڕان بیت" تەنانەت ژنان لە نێوانی خۆشیاندا هەمیشە ئەو نزایە و هیوایە بۆ یەکتر دەخوازن! ئەی کەوایە بۆچی وا کردووتانە هەڵڵا لەسەر قسەیەکی دکتۆرێك لە نێو هەزارانی تر کە ئەو قسەیە بەبەردەوامی دەڵێنەوە؟
دەمەوێت لێرەوە بچمە نێو بابەتە سەرەکیەکە، گومان هەڵناگرێ کە کلتوری هیواخواستن بۆ زیادبوونی نێرینە لە نێو کۆمەڵگەی کوردەواری شتێکی باوە و پاشخانێکی دوورودرێژی هەیە، کە دەکرێت چەندان توێژینەوەی لەبارەوە بکریت لەلایەن پسپۆرانی کۆمەلناسی و دەروونناسی و جێندەرناسی.
بەڵام لە رووی سیاسییەوە من وای دەبینم لە ناو میللەتێکی ژێردەستەی وەکوو میللەتی کورددا کە سەدان ساڵە خەباتدەکات و خوێنی ڕۆڵەکانی دەبەخشێت لە پێناو ئازادیدا، بە شتێکی نامۆیی نابینم کە وەك پشتیوانییەك بۆ هێشتنەوەی ئەو خەباتە هیواخواستن بۆ زیادبوونی نێرینە وەك سەرچاوەیەکی بەردەوامی ئەو خەبات و تێکۆشانە بووبێتە کلتوورێکی باو، تەنانەت جێگەی شانازی پێوەکردنیش بێت، چونکە بە لێکدانەوەی خۆیان سەرمایەییەکی نەتەوەییە کاتێك تاکێکی نێرینە زیاد دەبێت بۆ کۆمەلگەیەکی ژێردەستە کە بەردەوام لە باروودۆخی قوربانیداندایە بۆ پاراستنی شکۆ و هەبوون و کەڕامەتی خۆی. بە مانایەکی تر زیادبوونی نێرینەیەك یەکسان بووە بە زیادبوونی پێشمەرگەیەك، بێگومان ئەو بۆچوونە تاکوو سەرەتای سەدەی (٢١)م بەردەوام بوو. ئێستاش زۆرێك لە خەڵکی باوەڕیان بەو بۆچوونە هەیە و بانگەشەی بۆدەکەن.
بەڵام لەسەردەمی ئێستاماندا کە مێینە (ژنان) لە تەواوی کایە و بوارەکانی خەباتی نەتەوەیی وەك پێشمەرگایەتی، مامۆستای پەروەردەیی و مامۆستای زانکۆ و بەرپرسیاریەتی رامیاری و کارگێری، پسپۆریەتی پزیشکی ....هتد. ئەگەر لە پێشەوەی نێرینە (پیاوان) نەبن ئەوا بە دڵنیاییەوە هاوشانی نێرینە (پیاوان) تێدەکۆشن. بۆیە کاتی هاتووە لەسەر ئاستی باڵا بەتایبەتی ناوەندەکانی خوێندن بەتایبەتریش زانکۆ کار لەسەر کاڵکردنەوەی ئەو کلتوورە خراپە بکرێت کە جیاکاری ڕەگەزی بەرهەمدێنێت، لە شوێنی ئەو تێگەیشتنە خراپە کاربکرێت بۆ چەسپاندنی بەهاوتاکردنی نێر و مێ لە ئەرك و کاردا لە گشت بوارەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردەواری.
بە دڵنیاییەوە ئەگەر لەسەردەمی شۆرشی شاخدا پێشمەرگایەتی وەك سومبلی خەباتی نەتەوەیی پێویست و شانازیپێکراو بوبێت، بێگوومان ئێستا کە سەردەمی حوکمڕانی مەدەنیە، هەبوونی ژنێك وەك پزیشکێکی پسپۆڕ و باش، مامۆستایەکی دڵسۆز، هونەرمەندێکی ڕەسەن، راگەیەندکارێکی بوێر و نیشتیمانی....هتد، هیچی کەمتر نیە لە ئەرکی پێشمەرگەیەك و دەبێت شانازی پێوەبکرێت. بۆ ئەمەش دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی گشتگیری هەبێت بۆ کاڵکردنەوە و نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی لە نێوان رەگەزی نێر و مێ. لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و خێزانیش دەبێت هەموومان لە خۆمانەوە هەنگاوەکانی پەروەردەیەکی درووستی منداڵەکانمان دەستپێبکەیین لەسەر چەسپاندنی یەکسانی ڕەگەزی و، دەبێت هەوڵبدەین مرۆڤبوون ببێتە بنەمایی مامەڵەیەکی باش و تەندرووست لە گشت کایەکانی ژیان لە نێو کۆمەڵگەی کوردەواری ڕەسەن. پێویستە هەموومان بەیەکەوە هەوڵی سڕینەوەی ئەو کلتوورە خراپە بدەیین کە ڕەوایەتی دەداتە جیاکاری ڕەگەزی لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێ.