رووداوی مستەفا سەلیمی و چەند پرسیارێکی بێ وەڵام

رووداوی مستەفا سەلیمی و چەند پرسیارێکی بێ وەڵام

رووداوی رادەست کردن و رادەست نەکردنی مستەفا سەلیمی زۆر پرسیاری بە دوای خۆیدا هێناون و دەستکەوتنی وەڵامەکانیش ئاسان نییە، سەرەتای رووداوەکە پرسیار ئەوەبوو ئایا محەمەد سەلیمی رادەست کراوەتەوە یان تۆمەتێکی هەڵبەستراوە؟ با وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ مێژوو بەجێ بێڵین و درەنگ یا زوو مێژوو بڕیاری خۆی دەدات، یەکێک لە پرسیارە بێ وڵامەکان بێدەنگی کاک کۆسرەت و کاک مەلا بەختیار و زۆر کاکی تریشە کە خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژن لەناو ئەو حزبەدا، پرسیارێکی تر بێدەنگی کاک قوباد تاڵەبانیشە وەک کوڕی مام جەلالی دامەزرێنەر و خاوەنی حزبەکە.
پرسیارێکی تر بەیاننامەی چەند بەناو نووسەر و رۆشنبیرێکی گوماناوییە کە کورد گوتەنی: ببوونە میرووی دەنگێ و لەگەڵ روودانی هەر رووداوێک بە راست و چەپدا دەکەوتنە بەشینەوەی تۆمەتی بێبنەما، ئێستا ئەوانە داوا دەکەن ئەو ئیعلامە رابگیرێ کە بە هۆی رووداوی مستەفا سەلیمی هاتۆتە کایە، مەبەست لەو بەیاننامەیەش جگە لە پەردە پۆش کردن و دیزە بە دەرخۆنە کردنی رووداوەکە هیچ لێکدانەوەیەکی تر هەڵناگرێ.
حکومەتی هەرێم بۆ گەیشتن بە راستی رووداوەکە لیژنەیەکی پێکهێناوە و پارتی چاوەڕوانی ئەنجامی لیژنەکەیە و تا ئێستا لە هیچ کەناڵێکی فەرمی پارتی باس لەو رووداوە نەکراوە، پرسیارەکە ئەوەیە هەندێ پەیج و سایتی دیاریکراوی یەکێتی و هەندێ کادیری دیاریش، لەباتی ئەوەی بە بەڵگە بیسەلمێنن کە مستەفا سەلیمی رادەست نەکراوە پەلاماری پارتی دەدەن، دوا پرسیار ئەوەیە تۆ بڵێی ئەو پرسیارانە تا سەر هەر ئاوا بێ وەڵام بن؟
Top