كوردایەتیی،قوربانیدان و خۆراگرییە لە بەرامبەر سەختییەكان ..
April 13, 2020
وتار و بیروڕا
رێبازی پارتی و بارزانیی ئەو رێبازە كوردایەتییە كە دەیان ساڵە لە پێناو پاراستنی شكۆ و مێژوو و شوناسی كورد هەزاران قوربانی بەخشیووە و دەبەخشێ تاگەیشن بە ئامانجە گەورەكەمان .خاك و نیشتمان دوو وشەیە، بەڵام بەهایەكی زور گرنگی هەیە، نەك لە رووی زمانەوە، بەڵكو لە رووی هزر و بیر و بۆچوونی تاكە كەسی و كۆمەلایەتی، چونكە ئەم خاك و نشتمانە لەسەر بناغەی هزر و بۆچوونی بارزانی نەمر و هەزارەها شەهید و شۆڕشگێڕ دامەزراوە، شانبەشان لەگەڵ هاوڵاتییانی كوردی بە شەرف، ئەو شۆڕشگێڕانە لە ساتەكانی زۆر زەحمەت و سەختدا خۆیان كردە قوربانی و فیداكاری خاك و نیشتمان كە بە كردار ئەنجامیان داوە و بریتیبوو لە خەبات و خۆ قوربانی كردن بۆ ئەم خاك و نیشتمانە، نەك بە قسە و دروشم .هەروەها دەبێت هەموومان بزانین كە ئەم قۆناغە، قۆناغێكی سەخت و هەستیار و زەحمەتە كە رووبەرووی میللەتی كورد دەبێتەوە، لە لایەن دوژمنانەوە چ لە ناوەوە بن یان لە دەرەوە، پێویستە لەسەر هەموو بەرپرسێكی حكومی یان حزبی، بە كردار و بە رۆح و هەستێكی نەتەوەیی بەرامبەر بەم دۆخە هەستیارە رۆڵی خۆی ببینێت، نەك بە هاندانی خەڵك بۆ مەرامی سیاسی و شەخسی، لەناو هۆلەكانی ئاهەنگ و كۆبوونەوەكان، یان لەسەر كورسی خۆیان دانیشن و باسی ئەم قۆناغە سەختە بكەن بە دروشم و قسە كە مەبەستیان تەنها هاندانە، بەڵكو دەبێت بچنە ناو خەڵك و فەرمانبەرانی خۆیان بۆ ئەوەی ببێتە هۆی زیادبوونی متمانەی ئەم میللەتە بە پاشەڕۆژی ئەم كوردستانە كە هەموو جیهان باسی ئەم پاشەڕۆژە دەكات، بۆ بە دەوڵەتبوونی ئەم هەرێمە، بۆیە با هەموومان بە تایبەتی كادری حزبی و بەرپرسە ئیدارییەكان و حكومییەكان لە هەموو لایەنەكی سیاسی و حزبی هاوكار بین لەگەڵ سەرۆك بارزانی بۆ ئەوەی بە ئاسانی لەم قۆناغە هەستیارەدا تێپەرین و با بەس بێت شیعاراتی بە قسە و با هەموومان بە كردار ئەركی خۆمان جێبەجێبكەین بۆ ئەوەی مێژوو لە ئێمە رازی بێت، با دڵسۆزی و وەفاداری خۆمان بۆ مستەفا بارزانیی و هەموو ئەو شەهیدانەی كە خوێنی خۆیان بەخشی لەپێناو خاك و نیشتمان و ئازادی دیار بكەین بە كردار نەك بە قسە و دروشم، چونكە ئێمە قەرزداری ئەوانەین كە رێگەی ئازادی و سەربەستی بۆ هەموو تاكە كەسی ئەم كوردستانە دابینكرد، ئەم وەفادارییە و دڵسۆزییە لە كۆتایی دەگەڕێتەوە بۆ میللەتی كورد و كوردستان بە گشتی. دەبێت هەموومان بەرپرس بین بەرامبەر مێژوو و ئەم خاكە و نیشتمانە نەك تەنها حكوومەت و سەرۆك بارزانی، چونكە حكوومەت ئێمەین و بەرێوەبەر ئێمەین و سەرۆك ئێمەین، خزمەتگوزار ئێمەین، فەرمانبەر ئێمەین، هەموومان بەرپرسیاریەتی مێژوویی دەكەوێتە سەر شانمان، نەك سەر پێشمەرگە قارەمانەكان یان سەرۆك بارزانی بە تەنها، با دڵسۆز بین لە ئەركی خۆمان، با دڵسۆز بین بۆ ئارمانجەكانی نەتەوەیی خۆمان، با دڵسۆز بین بۆ ئاڵا و زمانی كوردی خۆمان، با دڵسۆز بین بە بێ شیعارات و قسە، بەڵكو بە كردار و دان بەخۆدانان بۆ ئاییندەیەكی گەش ..