ئەرێ ئێستاش عێراق شەفاف و دیموکراتە؟

ئەرێ ئێستاش عێراق شەفاف و دیموکراتە؟

بەردەوام لەسەر زاری کوردە عێراقچییەکان گوێبیستی ئەوە دەبووین کە عێراق شەفاف و دیموکراتە، تەناەت بە شێوەیەک بە شەفافی و دیموکرتی عیراقیان هەڵدەگوت کە شەفافی و دیموکراتی شەرمیان لە بوونی خۆیان دەکرد، ریکلامی ئەو کوردە عێراقچییانە بۆ شەفافی و دیموکراتی عێراق لە کاتێکدا بوو میلیشیاکانی شیعەی سەر بە ئێران هەیمەنەی سیاسی و سەربازی خۆیان بەسەر عێراقی شەفاف و دیموکراتدا سەپاندبوو، جا بۆ ئەوەی خەڵک وا لێبکەن کە بە چاوی ئەوان شەفافی و دیموکراتی عێراق ببینێ، دوای ئەوەی ئەوەی میلیشیاکان بە فتوایەک لە چوار چێوەی حەشدی شەعبیدا رێکخران، لە پەرلەمانیش کوردە عێرقچییەکان دەنگیان پێدان و کردیاننە بنەمایەکی تری شەفافی و دیموکراتیەکەی عێراق.
لە قوم و تاران بڕیار دەدرێ و لە بەغدا جێبەجێ دەکرێ، کوردە عێراقچییەکان شەرم نایانگرێ و دەڵێن: عێراق شەفاف و دیموکراتە، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە وەکالەتی سوپای پاسداران عێراق بەڕێوە دەبەن، کوردە عێراقچییەکان هەر دەڵێن: عێراق شەفاف و دیموکراتە، خەڵکی بەغدا و شارە شیعە نشیەکان راپەڕین و داوایان دەکرد شارەکانیان بۆ وەک هەولێر لێبکەن، میلیشیا شەفاف و دیموکراتەکان بە هێز و خوێن رشتن بەربوونە وێزەیان و کوردە عێراقچییەکان هەر دەڵێن: عێراق شەفاف و دیموکراتە، لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا دوو کەس بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردران و بە هۆی رێکنەکەوتنی میلیشیاکان رەتکرانەوە و نەیانتوانی حکومەت پێکبهێنن، کوردە عێراقچییەکانیش هەر دەڵێن: عێراق شەفاف و دیموکراتە، ئێستا کەسی سێیەم بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردراوە و چارەنووسی ئەویش نادیارە، ئەوەی جێگای سەرنجە دوای ئەو چەند بەڵگەیە و دەیان بەڵگەی تریش کورد عێراقچییەکان هەر سوورن لەسەر شەفافی و دیموکراتی عێراق، دەپرسین: ئەو کوردە عێراقچیانە تاکەی لەسەر شەفافی و دیموکراتی عێراق سوور دەبن؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێم: تا شیعە بڕیاری حوکمداری بەغدا لە قوم و تاران وەربگرێ، لای کوردە عێراقچییەکانیش عێراق هەر شەفاف و دیموکرات دەبێ، چونکە فەرمانیان پێکراوە کە عێراق شەفاف و دیموکرات بێ.
Top