رابەرایەتی حەكیمانە ، ئومێد مۆراڵی رۆژگارە سەختەكانی كوردستان ..

رابەرایەتی حەكیمانە ، ئومێد مۆراڵی رۆژگارە سەختەكانی كوردستان ..

خەباتی بێ‌ وچان و سەختی مستەفا بارزانیی نەمر لە قورسترین بارودۆخەكان لە نێو جەرگەی داگیركەرانی كوردستان تەنیا بۆ نەتەوەی كورد نەبوو، بەڵكوو بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی تەواوی نەتەوەكانی كوردستان كورد و توركمان و ئاشووری و عەرەب و ئەرمەن بووە، هاوكاری و پشتیوانیی بارزانیی نەمر بۆ شێخ مەحمودی حەفید و بەهاناوەچوونی بارزانیی نەمر بۆ شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستان و بەشداریكردنی لە دامەزراندنی كۆماری دیموكراتی كوردستان لە مهاباد و بەرگریكردنی بارزانیی نەمر و هێزەكەی بۆ پاراستنی كۆمار، ئەوەمان پێ دەڵێن كەوا بارزانیی نەمر وەك رێبەر و پێشمەرگەیەك لە خەمی ئەوەدا بووە كورد بگاتە ئامانج و ببێتە خاوەن دەوڵەتی خۆی، بەهاناوەچوونی بارزانی بۆ سلێمانی و مهاباد، مۆراڵی گەلی كوردستانی بەرز كردووەتەوە، لەبەرئەوەی بارزانیی نەمر، پێشمەرگە و شۆڕشگێڕێكی ئازا و چاونەترس بووە و هیچ كات خۆی بەدەستەوە نەداوە و خۆبەدەستەوەدان لە فەرهەنگی بارزانیی نەمردا نەبووە، ئەمەش وای كردووە خەڵك بە باوەڕبەخۆبوونەوە بڕواننە داهاتوو. مستەفا بارزانی نەمر تەنیا لەسەر‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هەژمار بكەین، بەڵكوو دەبێت وەك رێبەری گەلی كوردستان و سەرۆكی نەتەوەیی كورد لە بارزانیی نەمر بڕوانین. هەلوێستەكانی سەرۆك بارزانی رەنگدانەوەی كولتووری بارزانیی نەمر و مەزنە لەسەر بەردەوامبوونی كولتوورێكە كە لە پێناو چەسپاندنی دیموكراسیدا لە عێراق و ناوچەكە باج و قوربانییەكی یەكجار زۆری داوە و لە لایەك چەندین شۆڕشی لە پێناو رزگاری كورد و كوردستاندا بەرپاكردووە و لە لایێكی دیكەشەوە هەر خودی شۆڕشەكانی بارزانیی مەزن بۆ رزگاری گەلانی ناوچەكەش بووەو بە تایبەتی عێراق لە دەستی رژێمە دیكتاتۆرەكان. سەرۆك مسعود بارزانی رۆڵێكی گەورەی گێڕاوە بە تایبەت لە ساڵی 1976 وە تاكو ئێستا لە نێوان هەردوو قۆناغی خەباتی چەكداری و شارستانی داو بە شێوازێكی ورد و حەكیمانە لە هەردوو قۆناغەكەدا لەگەڵ هەموو پێشهاتە سیاسییەكاندا مامەڵەی كردووە كە رووبەڕووی كوردستان بوونەتەوە تاكو ئێستا، هەر ئەم سیاسەتە حەكیمانەیەی بەڕێزیانە بۆتە مایەی دروستبوونی هاوسەنگی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان لە ناوخۆدا، هەروەها راگرتنی بالانس لەگەڵ دەوروبەری كوردستان دا. سەرۆك بارزانی دژی شەڕ و خوێنڕشتن و تیرۆر و بەرگری خاك و نیشتیمان بووە، بەڵام هەر كاتێكیش پەلاماری كوردستان درابێت بەرگری لە كەرامەت و ناسنامەی سیاسی و نەتەوەییمان كردووە هاوشان لەگەڵ دڵسۆزان و نیشتمانپەروەرانی گەلەكەمان دا وە. گۆڕانكاریەكانی ئێستاش لە سەر ئاستی ناوچەكەو جیهان و گرنگیدان بە مەسەلەی كورد لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بارزانی لەم چوارچێوەیەدا رۆڵێكی یەكجار گەورەی بینیوە بۆ ناساندنی دۆزی كورد لە سەر ئاستی ناوچەكە جیهان . لە سەر ئاستی عێراقیش بارزانی زۆر هەوڵی دا دیموكراتی بچەسپێت بۆ رزگاربوون لە عەقلێ شۆڤێنی و رەگەزپەرستی، چەندین جار وەك ناوبژیوان پێكهاتەكانی ئەم وڵاتەی كۆكردۆتەوە، بەڵام لە دواجار سوودی نەبووە، چونكە حقدی هەندێ لە نوخبە سیاسییەكانی عێراق بەرامبەر بە كورد زۆر گەورەتر دەرچوو لەوەی كە بتوانن قبوڵی مافەكانی كورد بكەن و هەتا ئەمڕۆ بە چاوی بێگانە و دوژمن سەیری كوردیان كردووە. سەرۆك مەسعود بارزانی، وەك رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانیی كوردستان و كەسایەتییەكی كاریگەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش، هەمیشە وەك رێبەرێكی حیساب بۆكراو و خودان هەڵوێست و كردار سەیر كراوە، بۆیە لە زۆر لاوە لەلایەن دوژمن و ناحەزانەوە حیسابی وردی بۆ كراوە و هەوڵ دراوە كەوا لە كەسایەتیی جەنابیان بدرێت، هەموو لایەك باش دەزانن خۆبەدەستەوەدان لە فەرهەنگی بارزانیدا بوونی نییە، هێژا سەرۆك مسعود بارزانی نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەلی كوردستانی كردووە و تا ئێستاش ئەو نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەلی كوردستان دەكات، بۆیە دوژمنان هەوڵیان داوە لە رێی هێرشكردنە سەر كەسایەتیی مەسعود بارزانی، ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن، بەڵام خۆشبەختانە هێژا سەرۆك مسعود بارزانی، وەك چیایەكی سەركەش و خۆڕاگر بەرامبەر هێرش و پەلاماری ناحەزان و دوژمنان وەستاوەتەوە و بە هێمنی و لێهاتوویی و سیاسەتی حەكیمانەی خۆی، هەوڵ و هێرش و پیلانی ناحەز و دوژمنانی پووچەڵ كردووەتەوە و بەردەوام هیوایەكی نوێی بە گەلی كوردستان بەخشیوە.بارزانی ، لە هەموو قۆناغە سەختەكاندا ، لە جەنگ و گەمارۆدان و پیلانگێرییەكان ، بە حیكمەت و خۆراگری و گرتنەبەری سیاسەت و دیپلۆماسییەتێكی ژیرانە توانیویانە ، بەپشتیوانی دڵسۆزان و خوا رووبەرووی هەموو كۆسپ و تەگەرەكان ببنەوە بە ئارٍاستەی كەناری دڵنییاییی و ئارٍامی ..هەروەها بە هۆی هەستی كوردپەروەری و نیشتیمانپەروەری ، بارزانی هەمیشە پێشەنگ بووە بۆ هەوێنی یەكبوونی نەتەوەیی و یەكریزی كوردستانی ، چونكە هەموو كات پێیان وابوو كە كلیلی سەركەوتنی هەر دۆز و نەتەوەیەك تەنها یەكریزی و تەباییە و مێژوو ش سەڵمینەری ئەو راستییە .
Top