تۆ ئەم ڕۆژانەت بینیوە؟

تۆ ئەم ڕۆژانەت بینیوە؟
ماندوویت و شەکەتیت، گیرفانت خاڵییە و دڵت پڕ، چاوت خەم داگیریکردووە و فرمێسکی تێ زاوە، لە قەرەباڵغی ناتوانی بەخێرایی شەقامەکە تێپەڕێنی و وڕ وڕ دەکەویتە سەر ڕێگای خەڵک و شانەخڕێت پێ ناکڕێ، چاوت لە میوەی تازەوە بیگرە تا جلوبەرگی کەشخە و تا لولەکەبابی گەرم و تا شەربەتی فرێش.

چاوت ئەچێتە ناو هەرچی مەغازە و دوکانەوەیە، جارێ سەعاتی مارکە و جارێ مۆبایلی ئاخر مۆدێل، ماندویەتی وڕکی پێگرتووی و برسیەتیش شەکەتییەکەتی زیاتر کردووە، غەڵبەغەڵبی خەڵک کە خەریکی مامەڵەن جار جار خەیاڵەکانت تێک ئەدا، چاوت ئەخەیتەوە سەر شۆستەی شەقامەکە و جارجاریش بە تەنیشتی عەرەبانەکان رەت ئەبی، لە روکنێکی بازاڕەکەیا بێ ئەوەی بە خۆت بزانی لەسەر قەنەفەیەک دادەنیشی، یەک لەحزە شادییەک دێتە گیانتەوە، خوایە چ کورسییکی نەرمە، قەت لەسەر کورسی وا دانەنیشتووم، دیسان دەنگێ خەیاڵت ئەپچڕێنێ، "کاکە هەستە ئەوە هی فرۆشتنە، نابێ لەسەری دانیشی!".

چ ژیانێکی سەیرە، خانووە جوانەکان نابنە هی تۆ، هەرناتوانی قاچیش بخەیتە ئەودیوی دەرگاکانەوە، ئۆتۆمبێلە ئاخیر مۆدێلەکان وەک سێبەرێکن و کەمتر نزیکیشیان دەکەویتەوە، چێشتخانە بەناوبانگە گەورەکان تەنها لە ریکلامی تەلەفزیۆنە شاشە بچوکە مۆدێل کۆنەکەی ماڵەوەتانا چاوت پێیان کەوتووە.

ژیان ئەم ڕەنگانەشی هەیە، ئێستا کە لە ماڵەوەی، شتێ لەو سکونەت و ئارامییەت هەیە، دەزانم ڕەنگە منداڵەکانت برسیان بێ و ماڵتان سارد بێ، بەڵام قەیناکا خۆ هەموو ڕۆژێ داوای جپس و شەربەت و هەموو ڕۆژێکیش لە قوتابخانە حەسرەتی نەبوونی و پێڵاوە دڕاوەکانیان و جلە کۆنەکانیان ناچێتە دڵیانەوە، خۆ هەموو ڕۆژێ چاویان بە ئۆتۆمبێلە کەشخەکان ناکەوێ و باڵای ئاسمانی باڵەخانە جوانەکان و بۆن و بەرامەی چێشتخانەکان لە جامی پاسی قوتابخانەوە خەمیان ناداتێ.

لە ماڵەوە ماوینەتەوە، تاکو شتێ یەکسانی و شتێ عەدالەت و شتێ لە خۆشەویستی و شتێکیش لە مرۆڤبوون فێربین، چ وانەیەکی سیحراوی تێدایە ژیان، کەسانێک هەن تەنها ئەم ڕۆژانە دەیانناسین و خەیاڵمان ئەچێتە خەیاڵیانەوە کە دەرفەتی بیرکردنەوەمان هەیە، تکایە با ئەگەر بە خەیاڵیش بێ دڵیان بدەینێ!

Top