کرۆنا زەوی لە شوێن خاڵیدەکاتەوە؟

کرۆنا زەوی لە شوێن خاڵیدەکاتەوە؟

چەمکی ماڵ وەک شوێن چەمکێکی کوردەواریەو ھاوشان و ھاو واتای (مەنزڵ، خانوو، نشینگە) دێت، ئەگەرچی ھەندێک وای بۆ دەچن ئەم چەمکە لەبنچینەدا عەرەبی بێت، لە (مال) کە بەرامبەر (سەروەت و سامان) دێت ، بەڵام بەواتاگۆڕی و جیاواز لەمەبەستیی بەکارھێنان لە کوردەواریدا سودی لێ وەرگیراوە. ھەندێکیش وای بۆ دەچن وشەیەکی کوردیەو لە چاوگی (ماڵای)ھەورامیەوە ھاتووە، ماڵیا= بەواتای شوێنی پاککراوە بۆ نیشتەجێبوون.
لەراستیدا ماڵ چەمکێکی سۆسیۆلۆجی و سایکۆلۆجی ھەیە، تەماھیەکی تەواوی لەگەڵ رۆح و خۆشی وشکۆو ئازادی تاک ھەیە، پاشان شوێنێکە کە لەرووی کۆمەڵایەتیەوە بۆ مرۆڤی خاوەنی، خاوەن بەھایەک و تەریب بەنۆرم ئادابێکی کۆمەڵایەتیە، لەھەمانکاتدا سایکۆلۆژیای مرۆڤ تیایدا ئاسودەو دڵخۆش و خۆبەخاوەنزانەو چێژی لێ وەردەگرێت..
مرۆڤ لەماڵدا ھەست بە ئازادی و بەشکۆ دەکات، مرۆڤ لەماڵدا ھەست بەخۆشی دەکات ئەو خۆشیەی کە رۆح سەرچاوەیەتی، بەدەر لەوەی ھەست بە چێژو جۆرێک لە ئاسودەیی سایکۆلۆژی دەکات، چونکە ئازادی و شکۆوخۆشی مرۆڤەکان کە جەستە و سایکۆلۆژیا تێدەپەڕێنێن، پەیوەست نین بە شوێنەوە، بەڵام دواجار لە سوچی شوێنێکدا نەبێت دەرکەوتە نابن، کە ماڵ دیارترینی ئەو شوێنانەیە.
ئێمە ناتوانین ئەو شکۆو ئازادی و خۆشیانەی ھەمانن (نەک دڵخۆشکردن و نومایانی لەش و لار کە شتێکی سروشتیە)، چون یەکانە شێوەیان نومایان بکەینەوە. ھەریەکە ڕێگەی خۆی ھەیە بۆ خۆشی بینین. بەڵام دەسپێکی ئەو شوێنانەی کەتەرزی سەوزی ئەمانە لێیان دەئاڵی ھەر ماڵە.
کاتێک ئیمرۆ لەجیھاندا بیانوویەک ئامادەیەو حکومەت و دەزگا فەرمیەکان بەناوی خەمخۆری بۆ مرۆڤ و دروورکەوتنەوە لە نەخۆشی کرۆنا ، ڕێگە لە ئازادی و دڵخۆشیو ھەم لەخۆشی دەگرن و رێگەیان لێ وندەکەن و ناھێڵین خۆیان خۆیان نومایان بکەن لە نێوماندا، لەم رێگەیەوە ناراستەوخۆ ھەموومان دەبەنەوە ناو رێگەکەی خۆیان، ئەو رێگەیەی کە ھەمیشە کاری ئەوان بووە کە بریتیە لە فەرماندان و پاوانکردنی ئازادی و قۆرخکردنی بریار، دواجار ئەوەی بیانوەو لەنیازی ئەوانە کە سەلامەتی و دوورکەوتنەوەیە لەزیان لە رێگەی ئەوانەوە ئێمەی ھاوڵاتی دەسمان بکەوێت، لێرەوە ئێمە ھەموومان دەکەوینە ناو کۆنترۆڵی ئەوانەوە و دەکرێ بۆ ئازارەکانیش شوێنیان بکەوین لەکاتێکدا ڕەنگە خەم و جۆری گوزەران و ئازاری ئەوان وەک ئێمە نەبێت، یان بەپێچەوانەوە. لەم ڕێگەیەوە ئەوان دەست بەسەر ئێمەدا دەگرن و ھەڵسوکەوتەکانمان ڵێوەردەگرنەوە.
کاتێک ئەمە ناودەنرێ خەمخۆری، ناودەنرێ کۆمەڵگە پارێزی ئیتر ھەرچی جیاوازی ھەیە لەناو دەچێت بەم پرۆسەیە ، چونکە مرۆڤ ئەو شوێنەی کەخۆشی و شکۆی پێدەبەخشێ و بریاری ئازادی تیادەدرێ ناوچەیەکی سەرو سروشتیە، بەمانا ئاکاری و لۆژیکیە، بۆیە جێی خۆیەتی رێگەی پێ بدرێ بادەرکەوتەیی خۆی بکات، بۆیە لەرووی لۆژیکیەوە مەعلوومە ئیمرۆ مرۆڤایەتی بەھۆی کرۆناوە ئازادی لێ وەرگیراوەتەوەو حموجوڵ و نیشتەنی خراوەتە دۆخی کۆنترۆڵکردنەوە.
واباوو مەعلوومە ئیمرۆ حکومەتەکان لەبەرخاتری تەندروستی گشتی ئەم کارە دەکەن مرۆڤەکان دەئاخنێنە ماڵەکانیان، بەڵام خۆ مەعلوومە لەدۆخی سازاوی لەلایەن ھیچ لا نەخوازراوی وەھادا مەترسی لەسەر ژیان و لەسەر ھەموو جومگەکانی ئازادی و کردەو جموجوڵە ئاکاریەکان دانراوە، ئاشکرایە کەرەنگە حکومەتەکان بەو رێو شوێنانەی دایان ناوە، بتوانن رێوشوێنی خۆپارێزی و جۆری خۆپارێزیمان بۆ درووست بکەن بەڵام ئەوەی خۆی دەپارێزێت ھاوڵاتی خۆیەتی، ئەوەی خۆی لادەدات و پارێزگاری لەژیانی دەکات ویستی یەکەمی ھاوڵاتیەکە خۆیەتی.
دەکرێ لەپێشترو لە ئێستاشدا حکومەت خەمی گوزەرانی ھاوڵاتیانی خواردبێ! بەڵام ئەوەی خەمی ژیانی خۆی ھەیەو بەراستەقینەیی ژیان درووست دەکات ھاوڵاتی بۆخۆیەتی، بۆیە دەکرێ ئیمە خۆمان خاوەنی خۆمان بین بە خۆپارێزی وگوزەرانی خراپی خۆشمانەوە ژیان نەخەینە کەنارەوەو بژین، چونکە ژیانی باش لای ھاوڵاتی خۆیەوەیەتی. بەڵام پرسە سەرەکیەکە ئەمەیە.. ئایا بەم رێو شوێنانە گیراونەتەبەر مەگەر ژیان لەمرۆڤ نەسەنراوەتەوە بێگومان بەلێ!! بەڵکو ئەوەی ماوە گوزەرانێکە لەسوچی پیرۆزترینی شوێنا کە ماڵە.
بێینەوە سەرەتا ماڵ جوانترین شوێنە کەمرۆڤ ژیانی تیادا دەستپێکردووە، شوێنێکە کەزەمین پربووە لەجوانی ئەو، لە شکۆی ئەو، لە ئازادی ئەو، بەڵام مەخابن ئیمرۆ ئازادی و شکۆ وەک چۆن لەبونیاددا بێ شوێن بوون ئیمرۆخەریکە جیھان خاڵی دەبێتەوە لە شوێن، ئەو شوێنەی کە ئازادی و شکۆو مرۆڤایەتی تیا دەرکەوتە دەبن.!! ئەو شوێنەی کە مرۆڤ تام و چێژو واتاو مانای کۆمەڵایەتی تیا بەرجەستەدەکات، مەگەر دوای کرۆنا مرۆڤایەتی شوێنی لێ قەتیس ناکرێ و ئەمە نابێتە خوویەک بە بیانووی کرۆنای ترەوە؟ نانیشێتە سەرگیانی ئازادی و جەنگ و ماڵوێرانێ درووست ناکات؟ ھیوادارم وانەبێ.
Top