كوردستانێكی بەهێزتر لە نێو عێراقێكی ئاڵۆز دا ..

كوردستانێكی بەهێزتر لە نێو  عێراقێكی ئاڵۆز دا ..

بارودۆخی عێراق زۆر خراپ و ئاڵوزە لە گشت روویەكەوە ، لەلایەك هەڕەشەكانی میلیشیا شیعەكان كە رۆژانە هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمان، لە راستیدا هێشتا عێراق و هەرێمی كوردستان پێویستیان بە هێزەكانی هاوپەیمانان هەیە. بە پێچەوانەوەش بە هۆی بوونی پێگەی سیاسی و ئابووری پر بایەخی كوردستان هەرێمی كوردستان ئەوە دەردەخات كە وڵاتانی جیهان چاویان لەسەر هەرێمە و هەوڵدەدەن پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر بەرەو پێشەوە ببەن، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان توانیویەتی باڵانس رابگرێت و نەبۆتە بەشێك لەو كێشە و ئالۆزیانەی لە ناوچەكە هەن.دوای ڕزگاركردنی عێراق لە ساڵی 2003 وە و لە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە زۆرینەی شیعە مەزهەب بونەتە باڵادەست و دەیانهەوێت تۆڵەی 83 ساڵەی ڕابووردوو لە سونەكان بكەنەوە بە كوشتن و پەراوێزخستن و بچوككردنەوەیان و دەركردنیان لە چوارچێوەی بڕیار و ناوەندی بڕیاردا و بە كردارەكیش هەروایان كردوە وماوەی ئەم 15 ساڵەی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سەدامی عێراق نقومی خوێن و فرمێسك بوە و بزوێنەری جەنگ و ململانێكان لە سوڕانەوەیەكی مەترسیداردان و عێراق و گەلەكەی بەرەو ئایندەیەكی نادیار دەبەن .
ململانێ‌ سیاسیەكان لە ئێستادا هێندە توندبونەتەوە كە هەموو هێڵە سوورەكانیان بەزاندوە و مەترسی جدی دروست بوە بۆسەر هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانەكانی دەسەڵات و دەوڵەتی عێراقی و ئەگەری نەمان وسڕینەوەی دەوڵەتێك هەیە بەناوی عێراق لەسەر نەخشە و جوگرافیای ناوچەكەدا .ململانێكان چەند ڕەهەندیە و دابەزیوەتە خوارەوە بۆ ناو تەنانەت مەزهەبەكان خۆشیان ئەوەتا شیعەی باڵادەست كە لە چەند حیزب و ڕەوت و سەركردەی جیاواز پێكهاتوە لە ئێستادا ململانێ‌ ناوخۆییەكانیان گەیشتونەتە ئاستێك كە هەریەكەیان گەرەكێتی ئەویتریان بچوكبكاتەوە و بۆخۆی ببێتە پاڵەوانی گۆڕەپانەكە و هەموو ئۆرگان و دەسەڵاتەكان قۆرخ بكات و پەنا دەباتە بەر خۆپیشاندانی شەقام و ناڕەزایی و مانگرتنی پەڕلەمانتاران و چاوترساندن و تۆقاندن و كڕینی كەسایەتیكان بە پارە . بەدڵنیایی عێراقی ئێستا لەهەموو ڕووەكانەوە جیاوازە لە عێراقی سەردەمی ڕژێمی بەعس ، بەداخیشەوە بەرەو خراپ بوونی زیاتر چوە نەك باشتر بوون ، ئەوەتا لە ڕووی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەربازیەوە عێراقێكی ناجێگیر و ئابوریەكی داتەپیو و ڕووخاو و كۆمەڵگایەكی هەژار و نەخوێندەوار و برسی و بێكار و سەربازیەكی لاواز و بێهێز و ئیدارە و دەسەڵات و سیستەمێكی حوكمی لەرزۆك و گەندەڵ و بێ یاسایی هاتۆتە ئاراوە ، كە هیچ كات عێراق بە هێندەی ئێستا لەبەردەم مەترسی هەڵوەشانەدنەوە و لەیەكترزاندا نەبوە و نیشە . ئێستا دوای15 ساڵ حكوومەت نەیتوانیوە پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دابین بكات، هەر ئەوەش وای كرد كە خەڵكی عێراق بڕژێنە سەر شەقام و داوای مافی خۆیان بكەن، هەروەها لایەنگرانی حەشدی شەعبی هەڕەشە لە هێزەكانی ئەمریكا دەكەن، ئەوەش وای كردووە كە رۆژ بۆ رۆژ بارودۆخی عێراق ئالۆزتر ببێت، هەروەها ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران كاریگەری لەسەر عێراق هەیە، هەر لەبەر ئەوە دەبێت سەركردەكانی عێراق زۆر بە وریای مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە بكەن، هەروەها هۆشیار بن بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە گۆڕەپان، سەرۆك بارزانی هەموو كات داوای كردووە كە بارودۆخەكە هێور بكرێتەوە بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتان، دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا بۆتە بابەتی رۆژ و فراكسیۆنە شیعەكان دەنگیان بەوەدا، بەڵام بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق سوودی ئەوان زیاتر بووە لە زیانەكان، چونكە بەردەوام هاوكاری عێراقیان كردووە، عێراقیان لە داعش پاراست، هەر لەبەر ئەوە هەتا ئێستا زۆر كێشە ماون چارەسەر بكرێن، بۆیە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە بارودۆخی عێراق رۆژ بۆ رۆژ ئالۆزتر دەبێت. بۆیە، ئەوەی گرنگە لە رەوشی ئێستادا ، یەكریزی هێزولایەنە كوردستانییەكان بۆ تێپەڕاندنی ئەو رەوشە شڵەژاوەی ناوچەكە وعێراق ..
Top