ئەگەر کۆرۆنا سوپای هۆلاکۆ بووایە
March 30, 2020
وتار و بیروڕا
ئەو رق و بوغز و کینەی هەندێ سیاسی خۆ بە زلزانی ناسیاسی و پەرلەمانتاری هەلپەرست و موزایەدەچی و بەناو رۆشنبیری سەربەخۆ و بێلایەن و سایت و دەزگای راگەیاندی چەواشەکار لە قەڵا و هەولێر و خەڵکی هەولێریان هەڵگرتووە، دەڵێی لە نەوەکانی هۆلاکۆن و خوێنی هۆلاکۆیان بە دەمارەکاندا دەگەڕێ و داخی شکستەکەی هۆلاکۆی باپیرەیان بە میرات بۆ ماوەتەوە، جا ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا سووپاکەی هۆلاکۆی شمشێر بەدەست بووایە و سەرکرداتی کردنی ئەوانەی قبوڵ کردبا، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئامادە بوون ببنە هۆلاکۆ و ئەوکات هێرشیان دەکردە سەر هەولێر و ئەوەی هۆلاکۆ نەیتوانی بە قەڵا و هەولێر و هەولێریەکانی بکات، ئەگەر بۆیان کرابا ئەوان بە قەڵا و هەولێر و هەولێریەکانیان دەکرد.
بە هەڵوێستی ئەو ناخ رەشانەوە دیارە بەرامبەر بە هەولێر و هەولێریەکان بە رق و بوغز و کینە دووگیان بوون، ئەو دووگیان بوونەش ئەوەندە بە ژان و ژوارە مەگەر لە هۆلاکۆ بینرابێ، ئەوەش وادەکات خۆیان بە نەوەی هۆلاکۆ بزانن و هۆلاکۆ ئاساش لە قەڵا و هەولێر و هەولێریەکان بە داخ بن، بەڵام دەبێ ئەو راستییەش لەبەرچاو بگرن کە پارێزەرانی قەڵاش وەجاخ کوێر نین و نەوەکانیان ئامادەن باشتر لە رابردوو قەڵا و هەولێر و هەولێریەکان بپارێزن.
جیاوازی ئەوانە و هۆلاکۆی باپیرەیان لەوەدا بوو کە هۆلاکۆ راستگۆ بوو، هات بە قەڵا و هەولێر و هەولێریەکانی گوت: من دوژمنتانم و هاتووم قەڵاتان بڕووخێنم و هەولێریەکان بکوژم و هەولێرتان وێران بکەم، ئەوانە تەنها لە راستگۆییدا بە هۆلاکۆی باپیرەیان ناچن، دەیانەوێ کەڵک لە هەڵەکەی باپیرەیان وەربگرن و خۆیان بە دۆست و دڵسۆزی قەڵا و هەولێر و هەولێریەکان ناو دەبەن، ئەگەرنا هۆلاکۆی باپیرەیان مشکی هەنبانە دڕ بوو، ئەوانەش بە باپیرەی خۆیان دەچنەوە و کوردیش دەڵێ: هەرچی لە مشک ببێ هەنبانە دەدڕێ.