لەمدیوی دەرگاکەوە چی دەگوزەرێ؟

لەمدیوی دەرگاکەوە چی دەگوزەرێ؟
پیاو دەبێ لە خەمی شەخسییەتیدا بێت، وا مەکە عەیبە، ئەوە چیتە شەرم بکە، حەیامان مەبە، وا مەڕۆ بە ڕێدا، رۆڵە وا مەکە، ژنەکە ئەو جلانەت عادەتی نین، بەخوا قژم زۆرە رووم نیە بچمە دەرەوە، جلەکانم کۆنن با نەچمە دەرەوە، عەیبە پارەمان نیە شتیان بۆ بکڕین با نەچینە ماڵی برادەرەکەت، وەڵاهی شەرمە بە دەستی خاڵی ... تاد، ئەمانە ئەو قسەو و قسەڵۆک و رەخنانەن تۆ کە تەمەنت سی ساڵە، سی هەزار جار وتووتە یان گوێت لێبووە. ئەی ئێستا چی؟

دوو هەفتەیە لە ماڵەوەین، لەمدیوی دەرگاکەوە، بە قژی دژراو و ریش و سمێڵی زۆرەوە، بە جلی ماڵەوە، دوو هەفتە سادە سادە بوینەتەوە، نە کەسی غەیرە دەبینین و نە کەسیری بێجگە خۆمان دێتە ئەمدیوی دەرگاکەمانەوە.

ئێستا هەموو بۆ خۆمان ئەژین، دەی تکایە باهەڵسوکەوتمان لەگەڵ خێزان و منداڵەکانماندا جیاواز بن، د. موعەزەمی دەیوت "تکایە منداڵەکانی خۆتان وەک میوانە دراوسێکانتان سەیر بکەن"، هەموو شتێ مەڵێن و هەموو هەڵسوکەوتێ مەنوێنن، تەریقیان مەکەنەوە، دڵیان مەشکێنن، خۆشەویستی بە زۆر نیە، بەڵام زۆر زۆرە، خۆشەویستی قورس نیە بەڵام سەنگێکی زۆر قورسی هەیە.

با بە خۆشەویستی بژین، بیر بکەینەوە و هەڵسوکەوت بکەین، کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکاندا خزمەت دەکەن، هێزە ئەمنییەکان ناهێڵن بچینە دەرەوە درەگای حەوشەکانەوە، دەی ئەوە ئێمەین پاڵەوانی مەیدان و شاهەنشای ماڵەوە و شاسواری خەونەکانی ئەمدیوی دەرگاکان، پیاوەکان پادشا و خاتوونەکان شاژن و منداڵەکان شازادەن، ژیانێکی شاهانە بەڕێ بکەن، پێش ئەوەی لێمان تێکبچێ، بە ڕاستی من زیاتر لە کاریگەری کۆرۆناکە خەمی تەندروستی دەروونی و هەڵوەشانەوەی شیرازەی خێزانەکانمە. ئومێدمە هەموولایەک دڵخۆش و کامەران بن.

د. موئمین زەڵمی
Top