(( لە سەردەمی کورونا دا )) - جیهان بەرەو کوێ ؟ - کورد بەرەو کوێ ؟

(( لە سەردەمی کورونا دا )) - جیهان بەرەو کوێ ؟ - کورد بەرەو کوێ ؟
جگە لەو باسەی کە ڤایڕۆسی کورونا چۆن پەیدا بووە، یان چۆن دروست کراوە، یان زیانەکانی چین و چەندن.
- تەواوی وڵاتانی جیهان لەم دۆخەدا، ململانێ سیاسی و ئابوری خۆیان بەلاوە ناوە، لە جیاتی باسی ناکۆکیەکان، باس لە چۆنیەتی هەماهەنگی و هاوکاری یەکتری دەکەن، لە پێناو دوزینەوەی رێکە چارەیەک یان ڤاکسینێک بو بەرەنگاربونەوەو رێگە گرتن لەو پەتایە کە ملی بە مروڤایەتی دا کێشاوەو رەحم بە کەس ناکات، وەک ئامرازێک بۆ قر کردنی مڕۆڤایەتی دێتە پێش چاو.
ئەم ڤایڕۆسە وای لە وڵاتانی جیهان کرد، کە واز بێنن لەو ئایدیانەی بەسەریاندا زال بونە لە بیرکردنەوە لە هێزو دەستهەڵات و بەرژەوەندی و خۆ سەپاندن، وە گەرانەوە بۆ مەنتقی عەقل و لۆژیک لە پێناو رزگار بوون لەو جەنگە بایۆلۆژیە، ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت.
گومان لەوەش دا نیە کە پاش کورونا، جیهانێکی نوێ بە دیدێکی نوێ پەیدا دەبێت، جگە لە هەندێ ئایدیای چەپ و رادیکالی نەبێت کە هەردەم لە بەرەیەکی جیاواز بوونە و لە ئاقارێکی تر ئاوازیان ژەنیوە و هیچ کات لەگەڵ مڕۆڤایەتی کۆک نەبوۆنە.
- کورد، لە بازنەی هەرێمی کوردستان دا، لەم دۆخەدا پێوێستی بە چیە؟.
هەرێمی کوردستان، بە ئەزمونێکی ۲۹ ساڵان، پر لە کێشە لەگەل حکومەتی مەرکەزی، پر لە ململانیێ ناوخۆیی، ئایدیای جیاواز بە هەموو ئاراستە و بەرەکان، کە زۆربەیان لە بەرژەوەندی ئایندەی هەرێم دا نەبوون و تا ئێستاش نین، بەم ئیمکانیاتە کەمەی ئابوری و داهات کە کێشەی زۆری لێ دروست بووە لە رابردوو، دەبێ پێشبینی چ بکرێت و چۆن بەو هەموو پرسانەوە هەرێم دەتوانێ خۆی بپارێزیت ؟.
هیچ کات ناکوکی و لێکترازان لە بەرژەوەندی گشتی دا نەبووە، چ لەسەر ئاستی سیاسی، یان کۆمەلایەتی، کە لە ناوخۆی هەرێم هەوڵی ئەوە دراوە، ژیانی خەلکیش بە جۆرێک لە جۆرەکان بە سیاسەتی حزبەکانەوە ببەسترێتەوە، کە ئەوەش لە ئەنجامی ململانێی نا شەرعی سیاسی پەیدا بوو، جگە لە بەرە جۆراوجۆرەکان کە هەر یەک بە ئەجیندای لایەنێکەوە بەستراوە و لە بازنەی بەرژەوەندی ئەوان کار دەکەن، ئەگەر زەرەریشی بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان و پرسە نەتەوەیێەکانیش هەبێت!.
ئایە، دەزانن هەرێمی کوردستان لەبەر دەم تاقیکردنەوەیەکی گەورە و چارەنوسساز دایە؟.
بۆیە، لە پێناو دەرباز بوون لەم دۆخەو تۆمار کردنی سەرکەوتنێک بە ناوی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم و گەلی کورد، لەسەرەتاوە پێویستی بە هەڵوێستێکی و یەکگرتووی نەتەوەی و نشتیمان پەروەری تەواوی لایەنە سیاسیەکان هەیە، دانانی بەرژەوەندییە گشتیەکان و پاراستنی گیانی تاکی کورد و هەرێم بە گشتی لە سەروی گیانی حزبی و بەرژەوەندییە حزبیەکان.
گەرانەوە بو مانتقی عەقل و لۆژێک، لە جێگای شەر فرۆشی و زەق کردنەوەی ناکۆکیەکان.
ئەوانەی نوێنەری خەلکی کوردستانن لە پەرلەمان، ئەوانەی خاوەن پلە و پۆستن لە حکومەت، دەبێ لەم قۆناغەدا وەلایان بۆ گەل و نشتیمان بێت دور لە بیری حزبایەتی، بێ جیاوازی هەموو تواناکانیان بخەنە کار بۆ خزمەت کردن، دەبێ بەو پەری دلسۆزییەوە هاوکاری حکومەت بن لە پێناو خزمەت کردنێکی پاشتر.
بە رێگای ئەو خزمەت و خەمخۆرییە، شەقام وا تێبگات کە تەواوی لایەنکان بە حکومەتەوە لە خزمەتی ئەوان دان، هەموو رێکارێک دەگرنە بەر لە پێناو پاراستنی ژیان و تەندروستیان، وەرگرتنی متمانە، دەستهەڵاتی زیاتر بە حکومەت دەبەخشێت، شەقام ئارام دەبێت،هەست بە ئاشتەوایی نشتیمانی دەکرێت.
بیر کردنەوەی هەر لایەنێک لە قۆزنتەوەی دۆخەکە و بە کارهێنانی هەندێک بابەت و پرسی ڕۆژانە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و یان خزمەت کردن بە ئەجیندای تر، هەروەکو چۆن تا ئێستا کراوە، دەبێ ئەوە بزانن ئەم قۆناغە جیاوازە و بیر کردنەوە بەو ئاراستەیە زۆر مەترسیدارە و لە کۆتاییش دا هەر خۆیان زەرەرمەندی سەرەکی دەبن.
سەلماندی دڵسۆزی و خەمخۆری، لە کاتی تەنگانەدا دەبێت، لە جیاتی رێکلام و چەواشەکاری، بە کارو خزمەتکردن دەبێت، کە گەلی کورد ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بەو کارو خزمەتە هەیە.
Top