کورد و کۆرۆنا

کورد و کۆرۆنا
لە کاتێکدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهان لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکان، کە هەموو جیهان چاوی لە دەستیانە، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و تەندروستی بەرهەم بهێنن، کەوتونەتە هات وهاوار و دەناڵێنن بە دەست دوژمنێکی نادیار، هەموو سەرقاڵن، پێشکەوتن دەکەن لە گەڕان بەشوێن چارەسەرێکدا بۆ دۆزینەوەی چەکێک بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو دوژمنە دڕندەیەی لە ناکاو هێرشی کردە سەر دانیشتوانی گۆی زە وی، بۆ نمونە فەرەنسا، چین ( صین) ، ئەمەریکا، ئیسرائیل و ئەڵمانیا و جەندەها وڵاتانی دیکەی پێشکەوتوو لە بواری تەندروستیدا، لەم کاتە ترسناکەدا چەند نمونەیەک لە کوردستان بەدی دەکرێت:
1- ئەوەی بە دەنگ بانگەوازی حکومەت و پزیشککانەوە دەچێت، لە ماڵەکەی خۆیدا بۆ پاراستنی خۆی و خێزانەکەی و هاووڵاتیان،خۆی کارەنتێنە کردووە، هەرچەندە وەک هەموو تاکێک بێزارە لە کوونی ژورەوە بەڵام بەرژەوەندی تاکی و گشتی لای لەپێشترە.

2- ئەوەی کە هات وهاوارییەتی لە تۆڕە کۆمەڵاییەتیەکان، دەنگی زۆر بڵندە کاتێ باسی کارەنتێنە دەکات و بە شتێکی زۆر پیرۆزی دەزانێت، وا دەریدەخات ئەرکێکی نەتەوەییە، کەچی لە گەڵ دراوسێکانی لە کۆڵان کۆبۆتەوە، بەدەم پیاسەوە یاخود تاوڵە و چا خواردنەوە، هەر بەو دەنگە بەرزە بۆیان ڕوون دەکاتەوە کە ئەم پەتا گەورەیە چەند شتێکی خراپە، جار جار گەر بۆشی بکرێت بە ئۆتۆمۆبیلەکەی ماڵ و منداڵ دەباتە پیاسەیەکی ناوشار، کەواتە ئەوەی باسی دەکات پەیڕەوی ناکات.


3- ئەمەیان لە پەتای کۆرۆنا پەتاترە، هەر بە لەرە و دەنگە بەرزەکەی نموونەی دوەەم هاوار دەکات کە ئەم پەتایە درۆیە و هیچیتر، ئا ئەمەیان دەبێت پێش نەخۆشەکان بکرێتە کارەنتێنە، ئەمە یاخود دوژمنە یاخود سیخوڕە و هاتووە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە پەک بخات، یاخود نەزانە، جا کورد گووتەنی، دۆستێکی نەزان خراپترە لە دوژمنێکی زۆرزان.
چین ئەم پەتایەی شاردەوە بە نیازی ئەوەی چارەسەرێک بدۆزێتەوە نەهێڵێت تەشەنە بکات بەڵام نەیتوانی، تا ئەوکاتەی گەیشتە ئەوەی بە هەزاران هاووڵاتی چینی لەناو بچن، لە دواییدا گەیشتە ئەو باوەڕەی دەبێت دانیشتوانەکەی لە ماڵەکانی خۆیاندا کارەنتێنە بکات، هەر لەبەر دانایی هاووڵاتیانی وڵاتەکە، دەبینین توانی کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکات.
هەروەها ئیتاڵیا و لە زمانی هاووڵاتانیانەوە، لە پێشا گاڵتەیان بە پەتاکە هاتووە و خۆپارێزیان نەکردوە، هەتا کار لە کار ترازا و ئەوانیش بە دەردی چین چوون، سەروو دووهەزار هاووڵاتیان لە دەست دا و ڕێژەکەش لە بەرزبونەوەدایە.
لە ئێستادا وڵاتانی ئەمەریکا و ئاڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا هەوڵ دەدەن بۆ پێڕەوکردنی کارەنتێنەکردنی هاووڵاتییەکانیان لە ماڵی خۆیاندا بۆ ئەوەی بەو دەردەی چین و ئیتاڵیا نەچن ، سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا و بەریتانیا جوان نایەنە دەستی هاووڵاتییەکانیان و پێیان راگەیاندن: لە ماوەی داهاتوودا چەندین خۆشەویستیان لە دەست دەدەن.
حکومەتی کوردستان وەک بەرپرسیارێکی بە ئەمەک پێش وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان ڕێگەیەکی پوخت و جوانی گرتەبەر بۆ نەهێشتنی ئەو پەتایە، یەکێک لە باشترین بڕیارەکانی ئەوە بوو هاووڵاتیان لەماڵەکانیاندا بمێننەوە و کارەنتێنە بکرێن ، دە با هەموومان یارمەتیدەری بین، پاشان کە کار لە کار ترازا ، ناتوانین هیچ بکەین، هیچ....

Top