زێڕی ڕەش، هاڕەکردنی لە دووشەممەی ڕەشدا
March 22, 2020
وتار و بیروڕا
نرخی نەوت دابەزی بۆ کەمترین نرخی دوای ساڵی ١٩٩١، کاتێک ئەمەریکا هێرشی کردە سەر هێزەکانی عێراق لەو کاتەی خەریکی داگیرکردنی کوەیت بوون، کاتێک لە ڕۆژی دووشەممە (کە بە دووشەممەی ڕەش ناسراوە بۆ نرخی نەوت) بازاڕ و بۆرصەکان بەڕووی دونیادا کرانەوە نرخی نەوتی خاو بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دابەزی گەیشتەخوار ٣٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە ماوەیەکی یەکجار زۆرە نەوت ئەم نرخ دابەزینەی بەخۆییەوە نەبینیوە، تاکو نووسینی ئەم بابەتە نرخی نەوت هەر لە دابەزین و هەلبەزین بەردەوامە، پێشبینی بەردەوامی دابەزینی نرخیش دەکرێت تاکو بازاڕەکانی جیهان نۆرمەڵ دەبنەوە. ئەم دابەزینەش بە بێگومان بێهۆکار نەبوو، لێرەدا دەپڕژێمە سەر چەند هۆکارێکی سەردەمی کە بوونە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بەمشێوە چاوەڕواننەکراوە:
کێشەی نێوان سعودیە و ڕووسیا.
سعودیە کە بە یەکەمین وڵاتی هەناردەکاری نەوتی خاو دادەنرێت لە نێو ڕێکخراوی ئۆپیکدا، کەوتە جەنگی دیاریکردنی نرخی نەوت لە گەڵ ڕووسیادا، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦ هەردوو زلهێزەکەی بەرهەمهێنی نەوت سعودیە و ڕووسیا ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئۆپیک پڵەس (کە لە ١٤ وڵاتی ئەندامی ئۆپیک و ١٠ وڵاتی دەرەوەی ئۆپیک پێکدێت) دوای پێکهێنانی ئۆپیک پڵەس توانرا نرخی نەوتی خاو تا ماوەیەک سەقامگیر بکرێت، چونکە هەردوولا ڕێککەوتن بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی ٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە ئێستادا دوای ئەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو زیاتر کەمبوەوە، سعودیە داوادەکات بڕی کەمکردنەوەی ناردنی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکان زیاتر بکرێت، داوا دەکات بڕی ١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی تر لە بازاڕدا کەمبکرێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان ڕووسیا بەم پێشنیارە ڕازی نەبوو بۆیە ناکۆکی کەوتە نێو ئۆپیک پڵەس، تا ئەو ڕادەی وەزیری نەوتی ڕووسیا ڕایگەیاند شتێک نەماوە بە ناوی ئۆپیک پڵەس، هەر لایەنێک لەم ڕێکەوتنە ئازادی تەواوی هەیە نەک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو، بەڵکو بۆ زیادکردنی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، سعودیەش وەکو پەرچەکردار بڕیاریداوە بڕی هەناردەی نەوتی خاوی بۆ زیاتر لە ١٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبکاتەوە، واتە نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر لە بەرهەمی ئێستایی، هەروەها ئیماراتیش بەڵێنی داوە بە خستنەڕووی نزیکەی ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، ئەوەش ترس و نیگەرانی لە نێو وەبەرهێنەرانی بازاڕەکانی نەوتی جیهانی خوڵقاندوە و نرخی نەوتی خاو لە دووشەممەی ڕەشدا بۆکەمترین نرخی لە دەیەیی ڕابردوو دابەزی.
سعودیە وەکو خاوەن بڕیار و بڕیار بەدەستی نرخی نەوت مامەڵە لەگەڵ بازاڕەکان دەکات، چونکە لە سەردەمانێکی زوودا ئەوە ڕوون و ئاشکرابوو کە سعودیە پێویستی بە ڕەزامەندی وڵاتانی دەرەوەی ئوپیک نەبوو لە لە کەمکردنەوە و زیادکردنی بەرهەمی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا، بە واتایەکی تر تەنها خۆی نرخی نەوتی لە بازاڕەکاندا تەحەکوم پێدەکرد، بێئاگا لەوەی بە ڕێژەیەکی زۆر ئۆپیکی جاران بەروەو مردن دەڕوات یاخود بە واتایەکی تر ئیفلیج بووە، ئۆپیک پلەس جێگەی گرتۆتەوە دەبێت بۆ هەر گۆڕانکارییەک ڕەزامەندی ولاتانی دەرەوەی ئۆپیک بە تایبەتی ڕووسیای هەبیت، ئەگەرنا ئەنجام و ئامانجەکانی دڵخۆشکەرنابن.
بۆیە لە ئێستادا، ڕووسیا بۆچوونی وایە کەمکردنەوەی زیاتری ڕێژەی نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا، بۆشاییەکی گەورە بۆ کۆمپانیاکانی ئەمریکی دەئافرێنێت وە بواری گەشەکردنیان لە بازاڕدا هەتا دێت زیاتر دەکات.
کاریگەری ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەسەر نرخی نەوت.
ئەم کێشەیە تەنها پەیوەندی بەم ناکۆکیەوە نیە، بەڵکو فاکتەری تر هەن کە کاریگەریان لەسەر ئەم دابەزینە هەیە، بۆتە هۆی کەمبونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان و بەتایبەتی وڵاتی چین بوە هۆی سستبوونێکی کەمەرشکێن لە بازاڕەکانی جیهاندا، بە تایبەتی کەرتی پیشەسازی وڵاتی چین، کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بەشی هەرە زۆری کارگەکانی داخست، بەم هەنگاوەی کەرتی پیشەسازی تا ڕادەی پەککەوتن وەستان، جگە لە کەرتی پیشەسازی ئەم ڤایرۆسە خەریکە پەل بۆ ئیفلیجکردنی کەرتەکانی تریش دەهاوێژێت، وای کردوە کە گەشتەکان لەسەر ئاستی جیهان کەمببنەوە، ئەمە کاریگەری لەسەر خواستی نەوت دروستکردووە و دواتریش کاریگەری لەسەر بازاڕەکان درووستبووە.
لە کۆتایدا، دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا، بە تایبەت بۆ ئابووری وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت گورزێکی کەمەرشکێن دەبێت ، ئەم گورزە زۆر بەهێزتر و گاریگەرتردەبێت بۆ ئەو وڵاتانەی کە بەتەنیا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن، عێراق بەڕێژەی زیاتر لە ٩٠% بوودجەی لەسەر داهاتی نەوت دەخەملێنێت بۆیە لەم کاتەدا بودجەی عێراق کورتهێنانی ٨٠% بەرەو ژووردەبێت، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستانیش.