ئایا نرخی نەوت توشی ڤایرۆسی (Covid-١٩) بووە؟!
March 21, 2020
وتار و بیروڕا
سیاسەتی سک ھەڵگوشین (تقشف) و دەستگرتن بەپارەوکەمکردنەوەی زیادە خەرجییەکان کارێکی باشە و خۆپاریزیە لە کێشەکان بەتایبەتی لەدوای کەمبونەوەی گەشەی ئابوری جیھان بۆ نزمترین ئاست و دواتریش دابەزینی نرخی نەوت ...
لەماوەی ڕابردودا نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاست دابەزی کەئەم دابەزینە لە (٢٠) ساڵی ڕابردودا ھاوشێوەی کەم بووە، ھۆکارەکان زۆرن بەڵام گرنگترین ھۆکاری ڕاستەقینە سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناسراو بە (Covid-١٩ ) بووە بەتایبەت لە وڵاتی چینی خاوەن ئابوری و بەرھەم و دواتریش لەزۆربەی وڵاتانی جیھان بڵاوبویەوە و کاریگەری ڕاستەوخۆی کردە سەر چالاکیە ئابورییەکان و بەشێوەیەکی توند ئابوری چینی توشی داتەپین کرد و سەرەنجام بوو بەھۆی کەمبونەوەی خواست لەسەر نەوت وبازارەکانی نەوت بەشێوەیەکی خێرا نزمترین ئاستی نرخیان تۆمار کرد کە (٢٠) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک بوو.
ھاوکات ھۆکاری سیاسی و روئیایی عەرەبستانی سعودی لە ئۆپیک بەتایبەتی لەدوای ئەوەی نەیانتوانی لەگەڵ ئەندامانی ئۆپیک و ڕووسیا بگەنە ڕێکەوتن لەسەر کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوتی خاو ئەمەش بووە ھۆی کە سعودیە پەرچەکردارێکی نالۆژیکی بگرێتە بەر بڕێکی زیاتری نەوتی خاو بخاتە بازاڕەکانی جیھانەوە سەرئەنجام بوو بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆنزمترین ئاست.ئەوەی ئاشکرایە سعودیە ئەیەوێ نەوت وەک چەکێکی گرنگ و کاریگەر بەرامبەر ڕوسیا بەکار بھێنێت لە ئێستادا سعودیە یەکەم وڵاتی ھەناردەکردنی نەوتە لە سەر ئاستی جیھان،ئەوەشمان لەبیر نەچێت کەرتی گەشتوگوزار و بازرگانی دەرەکی لەگرنگترین ئەو کەرتە ئابوریانەن کە زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت..
دیارە بەردەوامی ئەم بارودۆخە تەنھا پەیوەست نی یە بەململانێ ی سعودیە و ڕووسیا بەڵکو وەکو چۆن بەشێکی گرنگی ھۆکارەکە پەیوەستە بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە کە بەداخەوە خەریکە ھێواش ھێواش ئابوری ئەوروپا دەگرێتەوە و وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ لەچالاکی ئابوری سست دەکات بەگشتی و ئابوری ئەڵمانیا بەتایبەتی ، لەھەمان کاتدا خۆشبەختانە گوێ بیستی ھەواڵی تەندروستی مژەبەخش دەبین کە وڵاتان لە ھەوڵداندان بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینێک کە ڕێگە بگرێت لە تەشەنەکردن و چارەسەرکردنی توشبووان بەجۆرێک کێبڕکێ دروست بووە لەنێوان وڵاتانی ئەمەریکا و چین و ئەڵمانیا و وڵاتە پێشکەوتوەکانی تر، ھەرچۆنێک بێت بۆ ماوەکانی داھاتوو ھیوادارین ئەم ڤاکسینە ئامادە ببێت و بکەوێتە بازارەکانی جیھانەوە و تاڕادەیەک ببێتە ڕێگر لەبەردەم تەشەنەکردن و بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە و ئابوری وڵاتان بکەوێتە سەر پێ ی خۆی ووردە ووردە چالاکییە ئابورییەکان دەست پێ بکرێنەوە بە گشتی و چالاکی کەرتی پیشەسازی وڵاتانی پێشکەوتوی جیھان بەتایبەتی و ئەمەش ببێتە ھۆی دروست بونەوەی خواست لەسەر نەوت و سەرەنجام بەرزبونەوەی نرخی نەوت .ھەروەھا ھەردوو وڵاتی ڕوسیا و سعودیەش بگەنە ڕێکەوتن لەسەر قەبارەی خستنەڕووی نەوتی خاو و بازارەکانی جیھان سەقامگیری و ھاوسەنگی بۆبگەرێتەوە ئەوەشمان لەبیر نەچێت داھاتی نەوت بۆ ھەریەکە لە سعودیە و ڕووسیا بەشێکی گەورەی بودجەی ساڵانەیان پێک دەھێنێت و ھەریەکەیان بەم بارودۆخە گەورەترین مەترسیان لەسەر ئابوری وڵاتەکەیان ھەیە بەڵام گومانی تێدا نی یە ھۆکاری سیاسی لەپشتەوەیە ھەر بۆیە پێمان وایە ھەردولا لە مەترسیەکانی ئەم بارە تێ دەگەن و بۆیە ناکرێت بەردەوام ببن لەسەر ئەم سیاسەتەیان ھیوادارین لە مانگەکانی داھاتوی ئەمساڵدا نرخی نەوت بگەڕێتەوە ئاستی جارانی و نزیک ببێتەوە لە (٥٠) دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک و داھاتی وڵاتانی نەوت فرۆش بەرزببَیتەوە و چالاکیە ئابورییەکان ئاستی بەرز تۆمار بکەن و مرۆڤایەتی لەم قەیران و نەھامەتیانە ڕزگاری ببێت .
ھەرچی پەیوەستە بە ئابوری کوردستان بەداخەوە ڕەنگدانەوەی دابەزینی نرخی نەوت و سەرھەڵدانی ڤایرۆسەکە کاریگەری خراپ و نێگەتیڤی قورستری دەبێت چونکە وەک ئاشکرایە حکومەتی ھەرێم زیاتر (%٩٠) پشتی بە نەوتی فرۆشراو دەبەستێت لەھەردوو سەرچاوەی دەست کەوتنی داھاتەوە جا چ لەرێگەی بەغداوە و بێت یان ئەو بڕە نەوتەی ڕاستەوخۆ خۆی ئەینێریتە بازاڕی جیھانی یەوە .لەڕاستدا فرۆشتنی نەوت بەنرخی (٢٠) دۆلار بۆ ھەربەرمیلێک بۆ ئابوری وڵاتانی خاوەن نەوت جێگای ھەڵوەستە لەسەر کردنە و پێویستە ڕێگاچارەی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و ھەوڵ بدرێت کەمترین لێکەوتەکانی ئەم بارودۆخە بکرێت .ھەربۆیە پێمان وایە پێویستە حکومەتی ھەرێم بەجدی کار بکات ھەتا ھاوڵاتیان و مووچەخۆرانی ھەرێم تووشی نەھامەتی و نارەحەتی و دەردی سەری نەبنەوە و چونکە چیتر ھاونیشتیمانیانی ھەرێم بەرگەی قەیرانێکی تر ناگرن و ھەربۆیە ھەوڵی تەواو بدرێت بۆ فرە سەرچاوە کردنی داھات وبودجەی ھەرێم بۆ ئەوەی لەم بارانەدا لەقەیران و کێشەکان باری سەرشانی سووکتر بێت و پێمان وایە لە ئێستادا حکومەت پێویستە کار بۆ کەرتی کشتوکاڵ بکات لەڕووی ھاوکاری کردن و یارمەتیدانی جوتیاران ھەر لەبەرھەمێنانی بەروبوم و پاشان ساغکردنەوەی لە بازاڕدا لەلایەک سەرچاوەی داھاتی خاوەن کار و جوتیاران زیاد دەکات و لەلایەکی ترەوە ئابوری ھەرێم ووردە ووردە ڕوو دەکاتە خۆژێنی و پێداویستییە خۆراکیەکانی ناوخۆ ھەر لەناو ھەرێمدا دابین دەکات و ھاوردەنی کەمتر دەکات و ھەر ئەمەش ڕێگە دەگرێت لە چوونە دەرەوەی پارەی ھەرێم بۆ دەرەوە و ھاوسەنگی دەگەڕێتەوە بۆ تەرازووی پارەدان .
لەئێستادا مووچەخۆران و ھاونیشتیمانیانی ھەرێم لە دوبارەسەرھەڵدانەوەی قەیرانێکی دارایی و ئابوری تر دەترسن و کە گومانی تێدا نی یە ئەمجارە قورستر و گرانتر دەبێت چونکە گۆرانکارییەکانی ھەمەچەشن و ھەمە لایەنن و پەیوەست نی یە بە کەرتێکی ئابورییەوە..
* ئابوریناسان