كوردایەتی و خۆشەویستی نیشتیمان سەرووی هەموو بەرژەوەندیەكانی تر..

كوردایەتی و خۆشەویستی نیشتیمان  سەرووی هەموو بەرژەوەندیەكانی تر..

حكومەتەكانی رابردوویی عێراق هیچ كات نییەتێكی باش و باوەریان بە مافەرەواكانی گەلی كورد نەبووە و هەموو جارێك بە پیلانگێری و ئاگروئاسن رووبەرووی مافەرەواكانی كورد كوردستان بوونەتەوە ، بە سەدان هەزار كەس لە زیندانەكاندا گیانیان لەدەستدا و بۆ كوردیش ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە و شەهیدكردنی هەزاران تێكۆشەر لە نێو زیندانەكان و لە شۆڕشدا و رووخاندنی زیاتر لە 4500 قەزا و ناحیە و گوند و دێ، باشترین نموونەی چەوساندنەوە ‌و لەناوبردن بوون.دەیان ساڵ پێش ئەویش كورد لەسەر تەبایی و یەكێتی و هاودەنگی و یەكدەنگی پێداگرییان كردووە و زۆریان وتووە و لەسەری رۆیشتوون، بەڵام تاكو ئێستا، بەداخەوە ناكۆكی و ناتەبایی و یەكنەبوون لە ستراتیژییەكی نەتەوەییدا، دەردێكی كوشندەیە و هۆكارێكی هەرە سەرەكییە كە كورد تاكو ئێستا بە پەرتەوازەیی و بێ بوون و دەوڵەت ماوەتەوە. كورد ئەزموونێكی زۆری هەیە لەگەڵ هێزە عیراقیەكان لەگفتوگۆ و دانووستاندنەكاندا، هەندێك لایەنی عەرەبی شیعە و سوونە لەسەر هەمووشتێك ناكۆكن هەرگیز یەكتریان قبوڵ نیە بەڵام لە دژی كورد هەموو كاتێك یەكهەڵوێستن و تاسەر ئێسقان لەدژی كورد یەكدەگرن.بۆیە یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی كورد بۆ بەغدا ئەمجارەیان زۆر گرنگترە لەجاران بۆیە پێویستە ڕێكەوتنەكان بەچاودێری و ئاگاداری وڵاتانی دەوروبەرو و نەتەوەیەكگرتووەكان بێت، چونكە حكومەتەكانی ڕابردوو هیچیان پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبوونە و بەردەوام پێشێلی دەستووریان كردووە و كوردیان وەك بەشێكی سەرەكی لە دەسەڵاتی عیراق نەزانیووە و گەلێك جاریش هاوشێوەی ڕژێمی بەعس مامەڵەیان لەگەل كورد كردووە .
بەهۆی ئەوەی ئێستا كە شیعەكان لەناوخۆیان ناكۆك و پەرتەوازەن و عەرەبی سوونەش لەدوایی پرۆسەی ئازادییەوە ئەو كاریگەرییەیان نەماوە لە گۆڕەپانی سیاسیی و سەربازی عیراق، ئەمە دەرفەتێكی لەبارتر بۆ كورد دەڕەخسێنێ تا لەگفتوگۆ و دانوستاندنەكاندا سەركەووتووبێت ،لەلایەكی تریشەوە بەهۆی بەشداری كورد لە شەڕی داعش و تێكشكاندنی ئەو هێزە دڕندە تیرۆرستیە ،وڵاتانی زلهێز سۆزی زیاتریان لەجاران بۆ كورد هەیە.پێشهاتەكان و بارودۆخی سیاسی عیراق و كوردستان و لە هەمووشی گرنگتر پێكهێنانی هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا، بە مەبەستی یەكوتاریی كورد و یەكهەڵوێستی لە بەرامبەر هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە كورد و كوردستانەوە تاكو مافەكانی گەلی كوردستان پارێزراو بێ و پێداگری لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووری ‌و سیاسی هەرێم و بەدیهێنانی مافە دەستوورییەكانی، بە دڵنیاییەوە ئەو یەكهەڵوێستی وپێداگرییانە كاریگەری باشیان دەبێ‌.
دەگمەنن ئەو نەتەوانەی كە وەك نەتەوەیی كورد باجی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دابێت، مەگەر ئەوانە نەبێت كە لە قۆناغێك لە قۆناغەكانی مێژوو بەیەكجاری لە نێو نەتەوەكانی تر توابنەتەوە، لە كۆنەوە كوردبوون لەبەر زۆر هۆكار باجی گەورەی لەسەر بووە، هەڵكەوتەی جوگرافی ئەو سەرسەزمینەی ئێستا پێی دەوترێت كوردستان و چاوتێبڕینی نەتەوەكانی تر لە خاكی كوردان ، لەبەرامبەریشدا رووبەرووبوونەوەی كوردان بۆ پلانی تەماحكارانەی دووژمنان لەخاكەكەی یەكێك لە هۆكارە هەر سەركیانەی ئەو باج و قوربانیدانەیە، ئەویش لە پێناو مانەوەی نەتەوەیی كورد و نەتوانەوەی لە چوارچێوەی نەتەوە باڵادەستەكانی ناوچەكە. هەروەها لە كاتی جەنگە گەورەكانی وەك جیهانی یەكەم و دووەم و سیاسەتی داگیركەرانەی ولاتە زلهێزەكان لە جەنگی یەكەمی جیهانی و دژایەتیان بۆ بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەكانی وەك كورد و نەتەوەكانی تر، باجی گەورەی خستە سەرشانی كورد هەروەها كۆسپی گەورەبوون لەبەردەم كوردایەتی و گەیشتنی میللەتی كورد بە مافی رەواكانی لە نێویشیاندا مافی چارەی خۆنووسین كە بەشێك لەو دەولەتانە پڕوپاگەندەیان بۆ دەكرد، دوای دروستكردن و داتاشینی چەند دەوڵەتێكی دەستكرد لە ناوچەكە و دابەشكردنی كوردستان لە چوارچێوەی رێكەوتنامەی سایكس بیكۆ بەسەر چواردەوڵەتی ناوچەكە، ئەمجارەشیان داوای مافی كوردبوون و كوردایەتی بۆ گەیشتن بە مافی ئەو میللەتە لە لایەن داگیركەرانی كوردستان بە سیاسەتی ئینكاركردنی كوردان و جینۆساید و وێرانكردنی خاكی كوردان وەڵامداریەوە . لە مێژوودا كوردبوون و كوردایەتی چەند شۆڕش ،راپەرٍین و قوربانیی زۆر باجی قورسی لەسەر بووە و هەر داوایەكیش لەو جۆرە لە لایەن دووژژمنانی كورد دژایەتی كراوە، تەنانەت لە ئێستای دونیای پێشكەوتن و جیاهنگیریشدا لە دەوڵەتێكی وەك ئێران و توركیا ئینكاری بچووكترین مافی كوردبوون دەكرێت، ئەویش خوێندنە بە زمانی كوردی، وەلێ خەریكە لە نێوخۆی خۆشماندا كوردایەتی باجی دەخرێتە سەر، ئەویش بەهۆی پیادەكردنی حزبایەتی و پەنابردنە بەر ململانێ حزبیەكان و زاڵكردنی بەرژەوەندی حزبی و شەخسی بەسەر كوردایەتی، بۆیە لە ئێستادا داكۆكیكردن لە كوردایەتی لە هەرێمی كوردستاندا زۆر جار رووبەرووی رەخنەی توندی دەروێشەكانی حزب دەبێتەوە، بەتایبەت لە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمیدا، كاتێك باس لە یەكریزی و تەبایی دەكەیت، یەكسەر تۆمەتبار دەكرێیت كە بەوەی ئەو مەرجدانانە لەبەردەم هەوڵەكان بۆ سەربەخۆیی كوردستان، لەبەرامەبەریشدا هەر رایەك كە كوردانە داكۆكی لە پرسی سەربەخۆیی بكات دەخرێتە خانەی خزمەتكردن بە لایەنێكی سیاسی، ئەوەیە كە دەڵێین رای كوردانەوە و داكۆكیكردن لە كوردایەتی راستەقینە زۆر سەخت بووە ، لەبەرامبەر ئەوەدا نابێت سل لە كوردایەتی بكەینەوە، كوردایەتی بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندیەكانی تر
Top