كوردستان هەمیشە پێوستە بە دەستێكی ئەمین و رابەرایەتی سەرۆك بارزانییە..
March 15, 2020
وتار و بیروڕا
زیاتر لە نیو سەدە تێكۆشان و زەرورەت و چارەنووسی ئێستا وئایندەی كوردستان.پێشمەرگە،سەرۆك بارزانی،پاراستنی شوناس وبەرگریكردن لە كورد وكوردستان.زیاتر لە نیوسەدە خەبات و پێشمەرگە بوون ئەو شانازییە مێژووییە كە لە پێناو داكۆكیكردن ،بەرگریكردن و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی كە سەرۆك بارزانی شەو ورۆژ لە سەخترین و دژوارترین سات وكاتەكاندا لە پێناویدا تێكۆشانی بۆ كراوە .سەروەریەكی گەورەی میللەتی كورد، هەمیشە لەوەدا بووە كە سەرۆك بارزانی و رێبەرو رێ نیشاندەرو پێشمەرگەی بووە. ئەمەش وەك چۆن سەروەرییەكی گەورە بووە بۆ خودی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كە بەرپرسیارێتی و سەرۆكایەتی میللەتێكی كاریگەرو دڵسۆزو بە ئەمەكی وەكو كوردی لەسەر شان بووە. میللەتان كاتێك كەشتییەكانیان بە دەست كەشتیەوانێكی شارەزاو بە وردی و لێهاتووی وەك سەرۆك بارزانی دەبێت، هەرچەندە بارودۆخەكەیان ئاڵۆزو زەحمەت و دژواریش بێت، ئەوا لە ئەنجامدا، بە دڵنیایی و باوەڕێكی پتەوەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەهاوێژن و دڵ پڕ هیوا و دەروون پڕ بڕوا، رووبەرووی هەموو سەختی و زەحمەتییەكان دەبنەوەو لە ئەنجامیشدا ئاواتەكانیان دێتە دی و خەون و خەیاڵە رەواكانیشیان دەكەن بە واقیع.
میللەتان لە هەموو جیهاندا، لە چەقە رێگای خەباتی بێ وچانیان دا، لە پێناو دەستەبەركردنی ئازادی و سەرفرازی و شارستانی، هەمیشە خوڵقێنەری سەركردەی گەورەو شایستەو راستەقینەن. لە هەمان كاتدا، سەرۆكی دووربین و راستەقینەو دڵسۆزو كارامەش، هەمیشە كاریگەرترین فاكتەری بەرەو پێش بردن و گەشەپێدانی ژیان و چارەنووسی میللەتانە. ئەمە، نە پێداهەڵدانە بە تاك كەس و نە كەم كردنەوەیشە لە رۆڵی كۆمەڵ. بەڵكو راستییەكە وەك رۆژ بە ناوچەوانی مێژووەوە دەدرەوشێتەوە. لاپەڕەكانی خەباتی گەلان لە سەرتاسەری جیهاندا سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە هیچ میللەتێك بە بێ سەرۆكی خاوەن تاقی كردنەوەو بەرچاو روون و ئازاو هێمن و وردبین و داهێنەرو دەست پێشخەر، نەیتوانیوە دوارۆژی خۆی بە شێوەیەكی خوڵقێنەر دابمەزرێنێت.
یەك لە خەسڵەتە گەورەو بایەخدارەكانی سەرۆك بارزانی هەمیشە لەوەدایە كە ئەو پێوانەو رێبازە سیاسییەی پەیڕەوی دەكات، رێبازو كەلتوورێكی رەگوریشەدارو درێژخایەن و مێژوویەكی نەپساوەی خەباتە كە ئەویش رێبازو كەلتووری بارزانیی نەمرو بنەماڵەی شكۆداری بارزانیانە، بۆیە هەمیشە لە پانتایی سیاسەتی كوردیدا، دابو نەریتێكی وای داڕشتووە كە كەم لە میللەتانی ناوچەكە دابونەریتی دەوڵەمەندو ئەكتیڤی لەو جۆرەیان هەیە. بە بڕوایەكی زۆرو متمانەیەكی بەهێزی ئەوتۆوە جوڵاوەتەوەو جڵەوی كاروانی شكۆدارانەی میللەتی كوردی بەرێوە بردووە كە كەم لە تاقیكردنەوە سیاسییەكانی ناوچەكە بڕواو متمانەی لەو بابەتەیان بە سەرۆكەكانی خۆیان هەیە. بە ئازایەتی و جورئەتێكی ئەدەبی گەورەوە بڕیاری داوە كە كەم جار لە ناوچەكەماندا سەرۆك هەیە بەو جورئەتەوە بڕیار بدات.
خەسڵەتێكی دیكەی سەرۆك بارزانی ئەوەیە كە هەمیشە سیاسەتەكانی لە چاوگی هەست كردن بە مەسئولیەتەوە بەرامبەر بە میللەت دادەڕێژێت و بەڕێوەیان دەبات. بە مانایەكی دیكە، وەك چۆن جورئەت لە بڕیارەكاندا هەبووە، بە هەمان شێوە دیققەت و بەراوردكاری و لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیی خەڵك و نەتەوە لەو بڕیارانەدا رەچاو كراوە. بۆیە، سیاسەتەكانی جەنابی سەرۆك، لە قۆناغە سەخت و ئاڵۆزو زەحمەتەكانی خەباتی رابردوو و ئەمرَۆ ، هەمیشە لەگەڵ هەست و نەستی خەڵكی كورد گونجاوەو لە هەموو پارچەكانی كوردستان بە دڵ و بە گیان لایەنگیرییان لێكراوە. پێشمەرگایەتی ،سەرۆكایەتی بارزانی بۆ كورد هەمیشە نەك تەنیا مەرجەع و داڵدەو پێگەی ئەمان و دڵنەوایی و سەقامگیری بووە، بەڵكو زەرورەتێكی زۆر پێویست و چارەنووسسازیش بووە بۆ ئێستاو بۆ دواڕۆژی كوردو كوردستان.
مێژوو و رابردوو سەڵماندی كە كوردایەتی سەخت و پر هەوراز ونشێوە و هەر كەسێك توانیی برینی ئەو رێگەیەی نییە . تەنیا كەسانێك دەتوانن سنوورەكان دەرباز بكەن و شەونخونی بكەن و سەنگەرەكان بكەنە كۆشك و بەرد بكەن كورسی سەرۆكایەتی و لەگەڵ سەختی و نەهامەتییەكان وئاوارەیی گەورەبووبن دەتوانن بەردەوام بن لە تێكۆشان و خەباتی بێوچان. لەم قۆناغە هەستیارە دا كە بە سەر ناوچەكە دا گوزەر دەكات نەك تەنیا باشوور بەڵكو بەشەكانی دیكەی كوردستانیش پێویستیان بە دەستی ئەمین و ڕاستگۆی بارزانی هەیە. ئەزموونی درێژخایەنی سیاسی و پێشمەرگایەتییان، لە هەمان كاتدا یارمەتیدەری گەورەی بارزانی بوون لە راكێشانی سەرنجی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ پشتگیری و یارمەتیدانی كورد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش هەم لەرووی سیاسی و سەربازییەوە و هەم وەكۆ پێشمەرگەیەك لە نزیكەوە سەرپەرشتیی سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە و مۆراڵی بەرز كردوونەتەوە. ڕۆڵی سەرۆك لە شكاندنی ئوستوورەی داعش و ئینجا داگیركەرانی تر زۆر بەرچاوە. لە ڕاستیدا ئەوەیش بوو بەردی بناغەی گەورەترین هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش دانا و ناوی كورد و پێشمەرگەی خستە نێو مێژوویی پرشانازیی جیهانەوە . سیاسەتی بەرێزیان لە نیشاندانی خەڵك و حكوومەتی كوردستان وەك پاریزەری حەقیقی گیان و ژیانی سەدان هەزار ئاوارەی خەڵكی عێراق و سووریا لە ئایین و نەتەوە جیاوازەكان بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. وەك لە راگەیاندنە نێودەوڵەتییەكان و لۆكاڵییەكانی وڵاتان دەیبیستین و دەیخوێنینەوە، كورد سەرەرای ئەوەی خۆیان بە درێژایی سەدەی رابردوو قوربانی دەستی حكوومەتە تۆتالیتارییە یەك لەدوای یەكەكانی بەغدا بوون و وەك هاووڵاتیی پلە دوو هەژمار كراون و لە ئێستاشدا تووشی قەیرانی ئابووری بوون بە هۆی نەناردنی بودجەی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، بەلام ئەوان بوون بە پەناگە بۆ هەزاران ئاوارەی دەستی تیرۆری ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی لە عیراق و سووریادا. ئەم چەند خاڵەی سەرەوە بەشێكن لە پێویستی بەردەوامیی بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم لەم قۆناغەدا. گرنگە باوەڕمان بە پاراستنی یەكریزیی نێوخۆمان و توانایی بارزانی هەبێت لە رێبەرایەتیكردنی گەلەكەمان و پەڕاندنەوەی لەم هەموو كێشمەكێشە نیودەوڵەتی و مەزهەبییەی ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، بۆ بنیاتنانی داهاتوویەكی باشتر بۆ خۆمان و نەوەی داهاتوو بەرەو ئامانجەگەورەكەمان و كوردستانێكی بەهێزتر ..