داڕمانی بەهای نەوت دۆخی دارایی عێراق بەرە كوێ دەبات؟

داڕمانی بەهای نەوت دۆخی دارایی عێراق بەرە كوێ دەبات؟

ڤایرۆسی كۆرۆنا و پوكانەوەی ئاستی گەشەی ئابووری جیهان بەهای نەوتی بەڕادەیەك كەم كردەوە، زیانێكی گەورەی بەداهات و ئابووری زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دا ، تەنانەت كۆبوونەوەكەی ئۆپێكیش لەبری ئەوەی وڵاتانی ئەندام لەو رێكخراوە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی رێكخراوەكە لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت رێك بكەون كەچی بەپێچەوانەوە رازی نەبوونی روسیا لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمی وڵاتەكەی رۆژانە بەبڕی 500 هەزار بەرمیل نەوت وای لەسعودییەی گەورە وڵاتی بەرهەمهێنانی نەوت كرد ئاستی بەرهەمی نەوتی خۆی بەبڕی یەك ملیۆن بەرمیل لەرۆژێكدا زیاد بكات و ئاستێكی پێوانەیی تۆمار بكات بەبەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی لەرۆژێكدا بۆ 11 ملیۆن بەرمیل نەوت و ی ئەوەندەی تری بازاڕەكانی نغرۆ كرد، بەمەش نرخی بەرمیلێك نەوت بەشێوەیەكی دراماتیكی بۆ خوارووی 30 دۆلار هاتە خوارەوەو ڕێژەی لە 25%ی بەهاكەی لەدەستدا. ئەم قەیرانە بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەم سات و كاتەدا ئابووری ئەو وڵاتانەی خستە دۆخێكی مەترسیدارەوە بەتایبەتی لەلای ئەو حكومەت و وڵاتانەی بەڕێژەیەكی زۆر بەرز پشتیان بەداهاتی فرۆشتنی نەوت بەستووە. دۆخەكە بۆ وڵاتی عێراق ماڵوێرانكەر بوو، چونكە داهاتەكەی بەرێژەی لە 97%ی لە فرۆشتنی ئەو نەوتەوە دێت كە بەوڵاتانی جیهان بەتایبەتی وڵاتی چین دەیفرۆشێت، بەمەش بودجەی وڵاتەكەی كە 56 تریلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە زیاتر تووشی قەیارنی دەكات ئەمە وێڕای ئەوەی بازاڕی نەوتی عێراق لەگەڵ سەرهەڵدانی كۆرۆنا لەچین كڕیارێكی سەرەكیشی لەدەست داوە، چونكە یەك لەسەر سێی نەوتی عێراق بەوڵاتی چین دەفرۆشرا. لەم بارودۆخە سەختەدا حكومەتی عێراق بەناچاری دەستی بەداشكانی بەهای نەوتەكەی كرد بەهاوشێوەی هەردوو وڵاتی سعودییەو كوێت كە بۆ هەر بەرمیلێك نەوت ئامادەیە بە6 دۆلار كەمتر لەنرخی بازاڕ بیفرۆشێت. بەشێوەیەكی گشتی ساڵی 2020 بۆ عێراق و ئابوورییەكەی ساڵێكی باش نەبوو چ بەهۆی ململانێ سیاسیەكان و دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران و حكومەتێكی كاربەڕێكەر كە هەرگیز لەتوانایدا نابێت بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات و رووبەرووی دۆخێكی نەخوازراوی وا قورس بێتەوە ، بەتایبەتی دوای ئەو لێدوانانەی كە باس لەوە دەكەن عێراق نەك تەنیا نەوتەكەی بەكەمتر لە 30 دۆلار دەفرۆشێت بەڵكو لە ئێستادا بەكەمتر لە 24 دۆلار نەوتەكەی دەفرۆشێت، خۆ ئەگەر داشكانی 6 دۆلار و دواتر هەقدەست و كرێی كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی نەوتیشی بە بڕی 12 دۆلار لەسەر حساب بكەین ئەو كات بەهای بەرمیلێك نەوتی بۆ كەمتر لە 10 دۆلار دادەبەزێت، بەمەش لەمساڵدا داهاتی نەوت زۆر كەمتر دەبێت لەساڵی 2019 كە داهاتەكەی 76 ملیار دۆلار بووەو بۆ خوار 30 ملیار دۆلار كەم دەبێتەوە ئەوە لەكاتێكدا ئەگەر بەهای نەوت بۆ سەرووی 45 دۆلار بەرز بێتەوە. لەم دۆخە ناخۆش و مەترسیدارو بێ ئومێدییەدا لەبەرامبەردا هەواڵی دڵخۆشكەریش هەیە بەوەی چاودێرانی بۆرسەو بازاڕە جیهانیەكان پێیان وایە دۆخی سستی گەشەی ئابووری جیهان لەنیوەی دووەمی ئەمساڵدا باشتر دەبێت و تەنانەت پێشبینی و پێشهاتەكانی چەند رۆژی رابردوو لەسەر باشبوونی بەهای نەوت راست دەرچوو دوای ئەوەی بەهای بەرمیلێك نەوت بۆ سەرووی 36 دۆلار بەرز بووە، هەروەها بوونی یەدەگێكی گەورەی دراوی بیانی لەبانكی ناوەندی كە بە زیاتر لە 65 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان هەواڵێكی دڵخۆشكەرە، چونكە لەخراپترین حاڵەتدا عێراق ناچار دەبێت بەنا بۆ ئەو یەدەگە دراوە ببات بۆ دابینكردنی موچەی موچەخۆران . ئەمڕۆش هەواڵی كڕینی نەوتی هەرزان لەلایەن وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڵاوبووەوە دوای ئەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند كە ئەوان سەرقاڵی كڕینی ئەو نەوتە هەرزانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن تاوەكو ئەمبارەكانی یەدەگی نەوتی ئەمەریكا بڕبكەنەوە، كڕینی ئەو نەوتەش لەلایەن چاودێرانی بازاڕەكانی نەوت والێكدرایەوە كە ئەمەریكا پێشبینی باشبوونی دۆخەكە دەكات و ئەو وڵاتە لەكۆنەوە ئەو سیاسەتەی پەیڕەو كردووە كە نەوت گران دەبێت نەوت دەفرۆشێت و كە هەرزان دەبێت نەوت ئەمبار دەكات و یەدەگی نەوتی وڵاتەكەی بەهێز دەكات بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی نەوتی جیهانی پێ بكات. لەم قەیران و جەنگە ئابوورییەی بەهای نەوتدا دۆخی دارایی و ئابووری عێراق بەرێژەیەكی زۆر بەرز راوەستاوەتە سەر چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان و دامەزراندنی حكومەتێكی نوێ و چارەسەركردنی ڤایرۆسی كۆرۆناو كۆنترۆڵكردنی ئەو بەڵا جیهانییە و دووبارە رێكخستنەوەی خەرجی و داهاتەكانی عێراق بەڕادەیەك چی دیكە ئەوەندە پشت بەداهاتی فرۆشتنی نەوت نەبەستێت، كە ئەم سامانە ستراتیژییە تێكەڵ بەململانێ جیهانیەكانی بەدەر لەتواناو خواستی عێراق بووەو هەمیشە باجەكەی ئەو وڵاتانە دەیدەنەوە كە بەرێژەیەكی زۆر بەرز پشتیان بەداهاتی فرۆشتنی نەوت بەستووە.
Top